دواین هەواڵ

عێراق‌

 24 کاتژمێر پێش ئێستا

داهاتی نانەوتیی عێراق کە زیاتر لە 43% كەمیكردووە

هەرێم نیوز 

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی لەگەڵ هەر یەکە لە تەیف وەزیری دارایی و سەرۆکی بانکی ناوەندی عێراق کۆبووە، لە کۆبوونەوەکەدا داهاتی نانەوتیی عێراق کە زیاتر لە 43% كەمیكردووە تاوتوێ کرا.

لەكاتێكدا لەسەر داهاتە نانەوتییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان ناكۆكە، حكومەتی فیدراڵی عێراق لەنیوەی یەكەمی ئەمساڵدا داهاتە نانەوتییەكانی خۆشی بەرێژەی زیاتر لە 43% كەمیكردووە، بۆ چارەسەری ئەم بابەتە ئەمڕۆ سودانی سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەیەكی كرد.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی كرد كە تایبەت بوو بە "تاوتوێكردنی رێگانی زۆركردنی داهاتی نانەوتیی"و پاڵپشتیكردن و بەهێزكردنی سەرچاوە داراییەكانی دەوڵەت.

ئەوانەی بەشدارییان لەم كۆبوونەوەیەدا كرد بریتی بوون لە هەریەكە لە (تەیف سامی) وەزیری دارایی و، وەزیری بازرگانی و شارەوانی بەغدادو پارێزگاری بانكی ناوەندیی و ژمارەیەك لە راوێژكارو بەڕێوەبەرە گشتییەكان.

لەم كۆبوونەوەیەدا سودانی قسەی كردووەو وتویەتی: پەرەپێدانی ئابوری دەبێت لەڕێگەی وەبەرهێنانی گونجاوی پارەوە بێت لەو شوێنانەی كە زۆرترین داهاتیان هەیە، ئەمە لەپاڵ دانانی پلان بۆ كەمكردنەوەی خەرجی و بەهەدەردان.

باسی زیادكردنی داهاتەكانی وەزارەتی بازرگانی كراوە لەگەڵ باشكردنی كوالیتی ماددەكانی كۆبونی خۆراك، باشترین رێگاكانی كڕینی گەنم و هەڵگرتنی كراوە بۆ وەرزی ئایندە، رێكخستەوەی داهاتەكانی شارەوانی بەغداد، باشتر بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی خانووبەرەو دامەرزاوەو پرۆژەكان و كۆكردنەوەی پارەی كارەباو دانانی پلانی بابەتییانە بۆ ئەم بوارانە.

قسەكردن لەبارەی زیادكردنی داهاتە ناوخۆییەكان لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە لەكاتێكدایە ئەم رۆژانە حكومەتی بەغدادو هەرێمی كوردستان لەسەر بڕی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم ناكۆكن و بەغداد مانگانە داوای (120 ملیار) دینار دەكات وەكو رێژەی 50%ی داهاتە فیدرڵییەكان.

بەگوێرەی داتا فەرمییەكان، نیوەی یەكەمی ئەمساڵ داهاتە نانەوتییەكانی عێراق بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بەرێژەی 43.6% دابەزینی بەخۆوە بینیوە.

نیوەی یەكەمی 2024 تێكڕای داهاتی نانەوتیی عێراق بریتی بووە لە (7.118 ترلیۆن) دینار بووە، نیوەی یەكەمی ئەمساڵ بۆ بڕی (4.951 ملیار) دینار دابەزیوە، واتا (2.167 ترلیۆن) دینار كەمیكردووە، ئەمەش بەهۆی پاشەكشێی داهاتەكانی باج و باجی سەروەت و سامانەوە، لەكاتێكدا بودجەی سێ ساڵەی عێراق وا دانراوە داهاتی نانەوتیی بگاتە 27 ترلیۆن دینار، بەڵام وا دەردەكەوێت كۆتایی ئەمساڵ كە بودجەی سێ ساڵە تەواو دەبێت، داهاتی نانەوتیی كورتهێنانی دەبێت، بەجۆرێك لەبری ئەوەی رێژەی 20%ی داهاتەكان پێكبهێنێت وەكو ئەوەی لە یاسای بودجەدا دیاریكراوە، لەنێوان 8 بۆ 11%ی تێكڕای داهات پڕدەكاتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP