هەرێم نیوز
لەدواى کوژرانى قاسم سولەیمانى و ئەبومەهدی موهەندیسەوە لە سەرەتاى 2020 پەرلەمانى عێراق بریاری دەرکردنى هێزە بیانییەکانى دا بەتایبەتى ئەمریکا و هاوپەیمانەکەکانى، هەر لەو کاتەوە تا ئێستا ئەمە بووەتە بابەتێکى خیلافیی و هەریەکەو بەجۆرێک شرۆڤە و تەفسیری بۆ دەکات و کۆمەڵگەى عێراقیی کردووە بە دوو بەشەوە، هەردوو لایەنى کێشەکەش (ئەمریکا و عێراق) لە بارودۆخەکە تێدەگەن و چەند جارێک ئەم بابەتە تاووتوێ کراوە و پاشان رێککەوتنى لەسەر کراوە کە بە شێوەیەکیى پلەبەندى و تەدریجیی لە عێراق بکشێنەوە، بەڵام ئەوەشیان لای عێراقییەکان گوتووە لەدواى کشانەوەى ئێمە هەرچییەک روویدا خۆتان بەرپرسیارن، ئەم بابەتە زوو زوو لە میدیاکان رەنگدانەوەى هەیە.
بەرپرسانى سیاسی و سەربازیی عێراق بە رۆژنامەى "عەرەبی جەدید" ى ئەمڕۆ (15ـى ئابی 2025) یان راگەیاندووە بەرپرسانى ئەمریکی حکومەتەکەى سودانییان ئاگادار کردووەتەوە لە کشانەوەى سەدان سەربازی خۆیان لە سەربازگەى عەین ئەسەد کە دەکەوێتە پارێزگاى ئەنبارى ئەم وڵاتە، هەرچەندە ئەو بەرپرسانە رایانگەیاندووە کشانەوەکە بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنى پێشوەختەى نێوان هەردوولایە، بەڵام هەندێک سەرچاوەی دیکەى عێراقى بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە ئەمریکا لە جێبەجێنەکردنى بەڵین و رێککەوتنەکانى نیگەرانە، بەتایبەتى لە کەمتەرخەمی عێراق چەکداماڵینى میلشیاکان و بەردەوامى هاوردەکردنى غازی ئێران و ئەو هێرشە درۆنییانەى بەم دواییانە کراونەتە سەر هەرێمى کوردستان (تیایدا شوێنى بیرەنەوتەکان و فرۆکەخانە و بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا کراونەتە ئامانج) و شکست هێنانیان لە ئازادکردنى "ئیلزابیس تسورکوف"، ڕفینراوە ئیسرائیلییە بە رەگەز روسییەکە، رۆژنامەى عەرەبی جەدید نوسیویەتى ماوەیەک پێش ئێستا گەورە راوێژکارێکى سودانى سەردانى ئەمریکاى کردووە و پێیان گوتووە یاساى حەشدى شەعبی لە پەرلەمان بکشێننەوە، بەڵام ئەو گوتوویەتى ناتوانین ئەم کارە بکەین، هەر بریە ئەمریکییەکان بە راوێژکارەکەیان گوتووە ئەوەى سودانى لەبەرامبەر میلشیاکاندا دەیکات بەس نین و پێویستە زیاتر بکات، بەڵام راوێژکارەکەى سودانیش گوتویەتى من لە ئێوە تێدەگەم، بەڵام هەمووان داکوکیی لەوە دەکەن کە عێراق سەربەخۆی بێت و نەوکەوێتە ژێر هیچ فشارێکى دەرەوکیی..
هەرچەندە هێشتا وادەى کشانەوەى ئەو ژمارە سەربازەى ئەمریکا لە سەربازگەى عەین ئەسەد شتێکى ئەوتۆ لە بوون و مانەوەى ئەمریکا لە عێراق ناگۆڕیت، بەڵام وەک شارەزایان ئاماژەیان پێکردووە ئاگادارکردنەوەیەکیى حکومەتى عێراقە لەو مەترسییانەى کە لە دواى نەمانی ئەوان رووبەڕوویان دەبێتەوە.