هەرێم نیوز
ماوەیەکە جموجوڵە ستراتیژییەکانى بۆ کیشوەرى ئەفریقیا پەرەى سەندووە، بەجۆرێک بووەتە جێگەى سەرنجی میدیاکان و شرۆڤەکارانیش پێیان وایە ئەم هەنگاوە لە داهاتوودا دەبێتە کێشە بۆ رۆژئاواییەکان بەگشتى و ئەمریکا بە تایبەتى، لە ئێستاشدا باس لە رۆڵی چین دەکرێت لەجیبۆتى، رۆژنامەى عەرەبى لەندەنی لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات چین بەخێراییەکى زۆر بەرەو وڵاتانى ئەفریقیا ملى رێگەى گرتووە و وڵاتانى ئەفریقیا بووەتە گۆڕەپانى ململانێ ئابووری و ستراتیژیەکانى لەگەڵ ئەمریکا.
بۆ ئەو مەبەستە لە چەندین وڵات پرۆژەى هەنووکەیی و ستراتیژیی گرنگی بونیاد ناوە، بەشێکى زۆر لەو سیمینارانەى کە ئێستا لە میانی رێگەى ئاوریشمی نوێ گرتوویەتیە بەر بۆ نوێنەرانی ئەو وڵاتانەى تەرخانکردووە، یەکێک لەوانەش وڵاتى جیبۆتییە.
جیبۆتى کە روبەرێکى زۆر بچووکی هەیە، بەڵام لەبەر پێگە ستراتیژییەکەى کە دەکەوێتە سەر دەریاى سوور، بووەتە جێگەى بایەخى وڵاتانى زلهێز، هەرچەندە زەویەکەى بە ئەندازەی ویلایەتى نیۆجێرسی ئەمریکایە، کەچى چەندین پێگەى سەربازیی بیانى تێدا کۆبووەتەوە لەوانەش پێگە سەربازییەکانى ئەمریکا، فەرەنسا، ژاپۆن و لەم دواییانەدا چینیشى هاتووەتە سەر.
جیبۆتى دەکەوێتە سەر دەریای سوور کە 12%ـى بازرگانى جیهانى پێدا تێدەپەڕێت و لە دواى هەڵگیرسانى جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس و رێگریی لە گەشتنى ئەو بڕە بازرگانییە بە بازاڕەکانى ئەوروپا و ئەمریکا، بەتایبەتى لە بوارى نەوتدا، گرنگی و بایەخەکەى زیاتر دەرکەوتووە، بەڵام چین ئەم ستراتیژیەتەى زووتر لەو کاتە دەرککردووە هەر بۆیە لە 2017ـەوە چین یەکەم پێگەى سەربازیی و ئابووری خۆی لەو وڵاتەدا بونیاد ناوە، سوپاى چین مانۆڕی هاوبەش لەگەڵ سوپاى جیبۆتى ئەنجام دەدات و هاوکارییان دەکات، بەجۆرێک جیبۆتى ئەمریکیەکانى ئاگادارکردووەتەوە کە فڕۆکەکانیان بە نزمییەوە بە ئاسمانى ئەو شوێنەدا نەفڕن کە بنکە چینییەکانى تێدان، چین ملیاران دۆلاری بۆ ئەو وڵاتە کردوەتە پرۆژەوە و شرۆڤەکارانیش دەڵێن داهاتووى کیشوەرى ئەفریقیا بۆ چینە.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووەکۆمپانیاى " چاینا ئینرێجی ئینجەر نینگ" ـى چینی نزیکەى نزیکەى حەوت ملیار دۆلاری لە بوارى وەزەى سەوزدا لە نەریجریا خەرجرکردووە، ئەوە لە کاتێکدا لەچاو خەرجییەکانى ئەمریکادا چەند بەرامبەرە، بەگوێرەى زانیارییەکان تەنها لە ساڵی 2023 دا قەبارەى بازرگانى نێوان چین و جیبۆتى گەشتووەتە 185 ملیۆن دۆلار، ئەوە لە لایەک لە لایەکی دیکەشەوە بەگوێرەى رێککەوتنەکانى هەردوولا چینیەکان بەشداریی لە کارو چالاکییە وەرزشى و کلتوریی و بابەتەکانى ترى هێزی نەرمدا دەکەن ئەوە لە کاتێکدا ئەمریکیەکان بە فەرمی نەبێت و تەنها بۆ بوارى سەربازیی و سیاسی نەبێت نایانەوێت تێکەڵاوی کۆمەڵگەى جیبۆتى ببن.