دواین هەواڵ

کوردستان‌

 24 کاتژمێر پێش ئێستا

سودانی لەبارەی موچەی هەرێم بڕیاریدا

هەرێم نیوز 

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بڕیاریدا ماوەی (1 هەفتە) مۆڵەتی كاركردنی لیژنە هاوبەشەكانی نێوان بەغدادو هەولێر درێژبكاتەوە بۆ ئەوەی كارەكانیان بۆ دیاریكردنی بەرهەمهێنانی نەوت و داهاتی نانەوتیی هەرێم دیاری بكەن، لەدوای ئەم ماوەیەو تەواوبوونی كاری لیژنەكان، سودانی بڕیار لەسەر ناردنی موچەی مانگی شەش و حەوتی فەرمانبەرانی هەرێم دەدات.

بەپێی زانیارییەكان، لە پرسی نەوت-دا، وەزیری نەوتی عێراق ڕاپۆرتی لیژنەكانی سەبارەت بە كێڵگە نەوتییەكان پێشكەش كردووە و ڕایگەیاندووە، كە كێڵگە نەوتییەكان زیانیان پێ‌ گەیشتووە و لە داهاتوودا بەرهەمهێنانی نەوت زیاد دەكاتەوە، بەڵام لە ئێستادا بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم گەیشتۆتەوە 140 هەزار و بڕی 50 هەزار بەرمیلی دەدرێتەوە بە هەرێم و ئامادەن بڕەكەی تری، كە 90 هەزار بەرمیلە ئامادە وەری بگرن تا ئەو كاتەی ڕێژەكەی زیاتر دەبێت.

هاوكات، تەیف سامی، وەزیری دارایی ڕایگەیاندووە، كە هێشتا ڕاپۆرتی دارایی لەسەر داهاتی ناوخۆ تەواو نەبوو و وتویەتی، “سیستمی هەژماری داهات لە عێراق و هەرێم هەندێك جیاوازی هەیە، بۆیە هەندێك كاتی زیاتریان دەوێت تاوەكو یەك دەخرێت و ڕاپۆرتی كۆتایی ئامادە دەكەن”.

هەر بەپێ زانیارییەكان، كە لە زاری وەزیرە كوردەكانەوە بڵاوكراوەتەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران ماوەی یەك هەفتەی دیكەی بۆ وەزیری دارایی دیاری كردووە تاكو ڕاپۆرتی خۆیان لەسەر داهاتی نانەوتی تەواو بكەن و لە كۆبوونەوەی هەفتەی داهاتوودا دوابڕیار لەسەر مووچەی هەرێم دەدەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP