هەرێم نیوز
لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی ئیستەنبووڵ وتاری بارزانی خوێندرایەوە تیایدا هاتووە، "دەستخۆشی لە حکوومەتی تورکیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و عەبدوڵڵا ئۆجەلان و هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە هەلیان بۆ پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری و دانوستاندن ڕەخساند".
شەممە، ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لە ئیستانبوڵ، پەیامی بارزانی، لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، خوێندەوە.
لە پەیامەکەیدا جەختی کردووەتەوە "هەردەم دیالۆگ و لێکگەیشتن باشترە لە شەڕ و ئاڵۆزی و لە گفتوگۆ و ئاشتیدا مرۆڤایەتی براوە دەبێت." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد "ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێ دەپەڕێت و پێویستە هەموو لایەک وانە لە هەڵەکانی ڕابردوو وەربگرن."
بارزانی، پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەربڕی و گوتی: پڕ بە دڵ دەستخۆشی لە حکوومەتی تورکیا و بەڕێز ئەردۆغان و بەڕێز ئۆجەلان دەکەم کە هەلیان بۆ پرۆسەی ئاشتی و دانوستاندن ڕەخساندووە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا دووپاتی کردەوە، پشتیوانی هەر هەوڵێک دەکات کە خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی و بەهێزکردنی برایەتی و پێکەوەژیانی گەلانی ناوچەکە بکات.
کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی، لەلایەن دەم پارتییەوە ڕێک خراوە، ئەمڕۆ دەستی پێ کردووە و تا سبەینێ، یەکشەممە، 07ـی کانوونی یەکەم، بەردەوام دەبێت.
بەشێک لە میوانان بیانین و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتین و هەروەها ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بە شێوەیەکی ئۆنلاین پەیامەکەی ئاراستەی بەشدار بووان کرد.