دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

چی روودەدات ئەگەر هێرش بکرێتە سەر حەشدى شەعبی؟

هەرێم نیوز 
ئەمریکا هۆشداری توندی داوەتە سودانی لەدروستکردنی سوپای پاسداران لەعێراق..

دواى پەل و پۆکردنى هەژموونى ئێران لە لوبنان و فەلەستین و سوریا و کەمێکیش یەمەن، یەکێک لە شاڕەگەکانى ئێران لە عێراقدا بەردەوامە کە ئەویش لە "حەشدى شەعبی"یدا خۆی دەبینێتەوە، بەگوێرەى زانیارییەکان و ئاماژە سەرەتاییەکان پێدەچێت تەمەنى درێژیان کۆتایی ئەمساڵ بێت، ئەوەش کاریگەریی زۆر لە سەر پێکهاتەى شیعە، هەژموونی ئێران و تەنانەت حکومەتەکەى سودانیش دادەنێت، پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئاخۆ ئەگەر ئەو ئەگەرە بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە دۆخی عێراق بەرەو کوێ دەچێت؟ ئاخۆ سیستانى و سەرکردایەتی حەشد چی بژاردەیەکیان دەبێت؟

حەشدی شەعبی، کە هێزێکی چەکداریی سەر بە دەوڵەتی عێراقە و لە دەیان گرووپی جۆراوجۆر پێکدێت. ئەم هێزە لە ساڵی ٢٠١٤ و لە دوای فەتوایەکی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعش دامەزراوەو لەساڵی 2016 دا بەیاسا بونە هێزی فەرمی عێراق و بودجەی ئەم هێزە ساڵانە بەبەردەوامی زیاد دەکات، بەڕادەیەک لەبودجەى 2023 دا (12%)ـى بودجەى هەموو عێراقیان بۆ دابینکراوە کە دەکاتە نزیکەى بودجەى هەموو هەرێمی کوردستان.

هەرچەندە لە سەرەتادا وەک هێزێکی خۆبەخشی نیشتمانی دەرکەوتن و پێکهاتەی سوننە و مەسیحی و ئێزیدیشی لەخۆدەگرت، بەڵام زۆرینەی باڵادەستی هێزەکە لە گرووپە شیعەکان پێکدێت کە زۆربەیان پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئێراندا هەیە و لە نێو سەرکردایەتى ئەو گروپانەدا هیچ بەرپرسیارێتییەک نەدراوە بە پێکهاتەکانى دەرەوەی خۆیان.

لەئێستاشدا هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی هەمواری یاسای ژمارە 40ی ساڵی 2016ی حەشدی شەعبی بکرێتەوەو حەشد بکرێتە دامەزراوەیەکی تەریب بەسوپای عێراق لەو بارەیەوە توانا عوسمان، ڕۆژنامەنوس و چاودێری سیاسی پێی وایە ئەمە دوبارەکردنەوەی سوپای پاسدارانە و ئەمریکا ڕێگای پێنادات.

لەهەفتەی پێشوشدا مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەو کەهاوکات ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکاشە پەیوەندی بەسودانیەوە کردووە و هۆشداری توندی پێداوە لە پەسەندکردنی هەموارە نوێکەی یاسای حەشدی شەعبی و پێی وتووە ڕێگا نادەین سوپای پاسداران لەعێراق دروستبکرێتەوە.

دووجار خوێندنەوەی هەمواری یاساکەی حەشد لەلایەن شیعەکانەوە بەبێ بەشداری پەرلەمانتارانی کورد و سونە بووە و فرسەت هێنان بووە لەکورد و سونە، هەر دەنگدانی کۆتایی ماوە، ئەم هەمووارەش دوای ئەوەهات کە ئەمریکییەکان لەساڵانی پێشودا چەندجارێک هێرشیان لەلایەن ئەم گروپانەوە کراوەتەسەر، بۆیە ئەمریکییەکان داوای چەککردنی حەشد و هەڵوەشاندنەوەیان کردووە و ئەوانیش دەیانەوێت دەستپێشخەری بکەن و حەشد لەو چەککردن و هەڵوەشاندنەوە نەک هەر بپارێزن، بەڵکو گەورەتر و بەهێزتری بکەن.

بڕیارە بەپێی ڕێککەوتنی عێراق و ئەمریکا لەمانگی نۆی ئەمساڵدا ئەمریکییەکان لەعێراق بکشێنەوە، ئەگەر بەهۆی ئەو هاوکێشە نوێیەی کەهاتووەتە کایەوە و ئەمریکا نەکشایەوە، ئەوکات هەڵوێستی حەشد و بزات ئەو دوو کتائیبی حزبوڵا و سەیدلشوهەدا کە هەڕەشەیانکردووە لەئەمریکا چی دەبێ؟!

خۆ ئەگەر بەپێچەوانەوە ئەمریکا هێرش بکاتە سەر حەشدی شەعبی، کە ئەمە ئەگەرێکی زۆر نزیکە عێراق بەرەو لاوازییەکی گەورە دەچێت و بە دووریش نازانرێت دواتر هەنگاو بەرەو کۆنفیدراڵی بنێت، چوون هەمووان دەزانن سوپاى عێراق بەبێ حەشد شەعبی تواناى هیچ بەرەنگاربوونەوەیەکی نییە.

لە لایەکی تریشەوە ململانێ و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی نێو حەشدی شەعبیش دەرکەوتوون و چەندین جار بوونەتە هۆی گرژی و تەنانەت پێکدادانیش. ئەم ململانێیانە لەسەر چەندین ئاستی جیاواز بوونیان هەیە:

ململانێ لەسەر سەرکردایەتی و دەسەڵات

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن یەکێک لە دیارترین ململانێ ناوخۆییەکانی حەشد، کێبڕکێیە لەسەر پۆستی سەرۆکی دەستەکە، سەرۆکایەتى نەک تەنها دەسەڵاتێکی گەورەی سەربازیی، بەڵکو کاریگەریی سیاسی و ئابوورییشی هەیە، لەم چوارچێوەیەدا، ململانێیەکی توند لەنێوان باڵە جیاوازەکاندا هەیە. بۆ نموونە، گرووپی "عەسائیب ئەهلی حەق" بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، دژایەتیی مانەوەی فالح فەیاز دەکات و تۆمەتباری دەکات بە قۆستنەوەی پۆستەکەی بۆ دەستکەوتی سیاسی. لە بەرامبەردا، ڕێکخراوی بەدر و ڕەوتی سەدر پشتگیری لە مانەوەی فەیاز دەکەن.
 ئەم ناکۆکییانە نیشانەی دابەشبوونی قووڵی نێوان ئەو لایەنە سیاسیانەیە کە گرووپە چەکدارەکان نوێنەرایەتییان دەکەن.

ململانێی سیاسیی و ئایدۆلۆژیی

لە هەمان کاتدا دوو ئاراستەی سەرەکی لەناو حەشدی شەعبیدا دەبینرێت:

باڵی "وەلائی": ئەم باڵە بە نزیک لە ئێران دادەنرێت و گرووپەکانی وەک "کەتائیبی حیزبوڵڵا" و "عەسائیب ئەهلی حەق" نوێنەرایەتی دەکەن. ئەمانە زیاتر گوێڕایەڵی بڕیارەکانی ئێرانن و زۆرجار دژایەتیی سیاسەتەکانی حکومەتی عێراق و هەبوونی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن.


 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP