دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

عێراق تێکەڵەیەک لە سەقامگیریی کاتی، دابەشبوونی قووڵ و چاوەڕوانیی چاکسازیی

هەرێم نیوز 

لەچەند رۆژى رابردودا گرتەیەکی ڤیدۆیی نوسەرێکى عێراقی کە لە پەخشى راستەوخۆدا بۆ دۆخی ناهەمواری عێراق دەگریی لەنێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەنگی دایەوە، ئەو بۆ ئەو چارەنووسە چاوەڕوانکراوە دەگریا کە عێراق بەرەو کەندەڵان و هەڵدێر دەچێت و تەنانەت لە تواناى گەورە مەرجەعی شیعەکان -عەلى سیستانى-شدا نەماوە.

گەرچى لە سایەى حکومەتەکەى محەمەد شیاع سودانی دا عێراق باس لە گۆڕانکاریی ڕیشەیی دەکرێت، لە هەمان کاتدا بە قۆناغێکی سەقامگیریی ڕێژەییدا تێدەپەڕێت، بە تایبەت لە دوای دەیان ساڵ لە ململانێی چەکداریی، لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتەکە هێشتا لاوازە و ڕووبەڕووی دابەشبوونێکی قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی بووەتەوە. 

حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ەوە دەستبەکاربووە، هەوڵدەدات سوود لەم ئارامییە وەربگرێت بۆ جێبەجێکردنی کارنامەیەکی چاکسازی کە خۆی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، چارەسەرکردنی بێکاریی و هەژاریی، و باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا دەبینێتەوە، بەڵام هێشتا ئەنجامەکان شتێکى دیکە دەڵێن.

دۆخی سیاسی و ئابوریی:
سەرەڕای ئەوەى لەسەر ئاستی ئابووری، هیوایەک بە گەشەسەندن هەیە و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات گەشەی ئابووری عێراق لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات، سودانیش هەنگاوی کرداریی بۆ ئەو مەبەستەناوە، وەک پەسەندکردنی بودجەیەکی سێ ساڵە (٢٠٢٣-٢٠٢٥) کە بە گەورەترین بودجە لە مێژووی عێراقدا دادەنرێت، بە ئامانجی پشتیوانیکردن لە پڕۆژە خزمەتگوزاری و ژێرخانییەکان. هەروەها هەندێک ڕێکاری بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان گرتووەتەبەر.

لەگەڵ ئەوەشدا، کێشە سیاسییە ناوخۆییەکان بەردەوامن و ڕێگرن لەبەردەم دەرچوواندنی چەندین یاسای گرنگ وەک یاسای پاراستنی منداڵان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی. ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١٩، کە داوای گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سیستەمی سیاسی و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی دەکرد، هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە و چارەسەر نەکراون و حکومەتەکەى سودانى نەیتوانى ئەو بەڵێنانە بباتە سەر لە بواری ئابوریدا کە لە کارنامەکەیدا تۆماریی کردوون.
دۆخی ئەمنی:

سەقامگیریی ئەمنی هێشتا (وەک دەگوترێت) دەڵەمەیە، حکومەتی عێراق هەوڵیداوە وڵاتەکە لە ململانێ هەرێمییەکان بەدوور بگرێت و هۆشداریی داوەتە گروپە چەکدارەکان کە تێوەنەگلێن لە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، تا رادەیەک سەرکەوتووش بوو، بەڵام هێشتا نازانرێت سەرئەنجامى ئەم گروپانە بەکوێ دەکگکات، هێشتا دەسەڵاتی دەوڵەت یەکێکە لە ئاڵنگارییە سەرەکییەکان و نەیتوانییوە خۆی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بسەپێنێت.
پارچەبوون و ململانێی دەسەڵات

شرۆڤەکارانى سیاسیی باوەڕیان وایە، گۆڕەپانی سیاسی شیعە لە عێراقدا بە دۆخی پارچەبوون و ململانێی ناوخۆییدا تێدەپەڕێت، "چوارچێوەی هەماهەنگی"، کە زۆرینەی پارتە شیعیەکان (جگە لە ڕەوتی سەدر) لەخۆدەگرێت و حکومەتی ئێستای پێکهێناوە، لەناو خۆیدا ڕووبەڕووی کێبڕکێی توند بووەتەوە. کەسایەتییە دیارەکانی وەک نووری مالکی، هادی عامری و قەیس خەزعەلی، کە بە نزیکەکانی ئێران ناسراون، ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە دیاریکردنی ئاراستەکانی سیاسەتی عێراق.

پێکهێنانی حکومەتی سودانی دوای ساڵێک لە چەقبەستوویی سیاسی هات، کە نیشانەی قووڵی ناکۆکییەکان بوو، بەتایبەت لەگەڵ ڕەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر کە داوای "حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی" دەکرد. هەرچەندە ئێستا جۆرێک لە هاوکاری لەنێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، بەڵام ململانێی ژێر بە ژێر لەسەر دەسەڵات و پۆستەکان بەردەوامە.

ڕۆڵی عەلی سیستانی: کاریگەریی بێدەنگ و پارێزەری هێڵە گشتییەکان

ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، وەک کەسایەتییەکی کاریگەر و خاوەن ڕێزێکی زۆر دەمێنێتەوە، بەڵام ڕۆڵی لە سیاسەتی ڕۆژانەدا سنووردارە. سیستانی بە شێوەیەکی گشتی خۆی لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ لە کاروباری حکومەت بەدوور دەگرێت، بەڵام لە ڕێگەی بەیاننامە و دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراقی و نێودەوڵەتی، هێڵە گشتییەکانی سیاسەت و ئیدارەدان دیاری دەکات.

ڕۆڵی سیستانی زیاتر لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی دەوڵەت و کۆمەڵگادایە. ئەو بەردەوام جەخت لەسەر چەند بنەمایەک دەکاتەوە:
سەروەریی یاسا و دەوڵەت: سیستانی داوای ئەوە دەکات کە چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت و دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر هەموو وڵاتدا بسەپێنرێت.

بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی: بە یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی بەردەم عێراقی دەزانێت و داوای هەنگاوی کرداری دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی.

دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یەکپارچەیی: جەخت لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ڕێزگرتن لە مافی هەموو پێکهاتەکان دەکاتەوە و دژی هەر هەوڵێکە بۆ دابەشکردنی وڵات.

خاوێنى و شەفافییەت لە هەڵبژاردنەکان: سیستانی گرنگییەکی زۆر بە پرۆسەی هەڵبژاردن دەدات و داوا دەکات کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و دوور لە بەرژەوەندی حیزبی بەڕێوەبچێت، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان متمانەیان پێی هەبێت و بەشدارییەکی فراوان بکەن.

لە ماوەی ئەم دواییەدا، سیستانی زیاتر ڕۆڵێکی چاودێری و ئاراستەکاری هەبووە نەک بڕیاردەری ڕاستەوخۆ. ئەو وەک سنگێک وایە کە لایەنە سیاسییەکان ناتوانن بە ئاسانی لێی لابده‌ن و بەیاننامەکانی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ڕای گشتی و بڕیاری سیاسی لە عێراقدا هەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP