دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

بۆچى میلشیا عێراقییەکان لەجەنگی دوانزە رۆژەدا بێدەنگییان هەڵبژارد؟

هەرێم نیوز
بۆ ماوەى 12 رۆژى تەواو ئێران و ئیسرائیل لە جەنگێکی بێبەزەییانەى گەرم و گوڕدا بوون، چاوى هەمووان لەسەر ئەوەبوو عێراق وەک یەکەم وڵات لەنێوان دوو بەرداشى ئەو جەنگەدا بهاڕێت و تاونبارى سەرەکیش گرپ و میلشیا چەکدارەکانى نزیک لە ئێران ببنە هۆکار، بەڵام ئاگربەستکراو شتێکى ئەوتۆ نەهاتە گۆڕێ، ترسى شرۆڤەکاران نەهاتە دی، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچى ئەوە رووینەدا؟ سەرەڕاى ئەوەى زۆرینەى ئەو درۆنانەى کە لە عێراقەوە روویان لە ئیسرائیل دەکرد لە لایەن ئەو گروپانەوە بوون، بەڵام بۆچى ئیسرائیل گورزی خۆی لە عێراق نەوەشاند و لانى کەم گۆپاڵێکى لەو میلشیایانە نەدا؟ سەرچاوەکان ئاماژە بە رۆڵی دبلۆماسییانەى حکومەتەکەى سودانى دەکەن و لە ناویاندا رۆڵی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەى عێراق بەرزدەنرخێنن کە توانى دۆخەکە بەو شێوەیە ئیدارە بدات کە عێراق پەلکێشى نێو ئەو کایە ناهەموارە نەبێت، لانى کەم وەک لوبنان یان سوریاى لێنەیەت.

رۆژنامەى عەرەب نیوز کە بە زمانى عەرەبی لە عەرەبستانى سعودییە دێتە وەشاندن نوسیویەتى : لە ماوەی دوو ساڵی رابوردوودا کە شەڕ و ململانێ سەربازییەکان لە چواردەوری عێراق گەرمبوون ، بەڵام محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران توانی وڵاتەکەی لە ململانێکان لابدات و نەیهێشت ببێت بە بەشێک لە شەڕ. سودانی بۆئەوەی ئەم کارە بکات پێویستی بەوەهەبوو هاوسەنگییەک لە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی خۆی لەگەڵ دوو وڵاتدا رابگرێت، کە وەک دوژمنی یەکدی کاردەکەن، ئەوانیش ئەمریکا و ئێرانن.

مانگی رابوردوو ئەم ئەرکەی سودانی قورستر بوو، چونکە شەڕی راستەخۆ لە نێوانی ئیسرائیل و ئێراندا روویدا، ئیسرائیل دۆستی نزیکی ئەمریکایە، بۆیە ئەمریکاش چەند ناوەندێکی ئێرانیی بۆردوومان کرد. لەم نێوەندەدا سودانی گوتی بڕێک لە سیاسەت و بڕێک لە هێزی سەربازیی بە تێکەڵی بەکارهێناوە بۆئەوە رێگەنەدات ئەو گروپانەی لە ئێرانەوە نزیکن بتوانن بچنە ناو دۆزەخی شەڕەکەوە. رۆژنامەکە نوسیویەتى لە زاری سودانی یەوە دەڵێت ئێمە دەزانیین هەتا ئێستاش ئیسرائیل ئەو سیاسەتەی هەیە پانتایی شەڕەکە لەم هەرێمەدا فراوان بکات. بۆیە ئێمە هەوڵماندا بە دەستی خۆمان بەهانە بۆ هیچ کام لە لایەنەکان دروست نەکەین عێراق بە ئامانج بگرن و بیکەن بە بەشێک لە شەڕ.

هەروەها دەڵێت داواشیان لە دەستەڵاتدارانی ئێرانی کردووە، کە ددان بە خۆیاندا بگرن هەموو دەرگایەک بە ڕووی ئەگەری دروستکردنی گفتوگۆ و لێک تێگەشتندا دانەخەن. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن حکومەتی بەغداد توانى بێلایەنی خۆی پەیڕەەبکات و پشتگیریلە ئێران نەکات لە دژی ئیسرائیل و خۆی لە ئاڵۆزییەکان بەدوور بگرێت. لە لایەکی تریشەوە بەغداد دەیەوێت ئەو جێگیریی و سەقامگیرییە رێژەییەکى کە بە تازەگی بەدەستهێناوە بپارێزێت ، هەرچەندە میلیشیا پرۆ-ئێرانییەکان لەسەر خاکی عێراق ئەگەری ئەوەیان هەبووە و هەیە هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. لە هەمان کاتیشدا شەقامی گشتى عێراق ئامادە نییە کە جارێکی دیکە شەڕێکی وێرانکەر ئەزموون بکاتەوە ئەوە لە کاتێکدا هەڵبژاردنەکانی پاییزی ٢٠٢٥ بەڕێوەیە و هەریەک لەو لایەنانەش مرخیان لە چەند کورسییەکی پەرلەمان خۆشکردووە، تا لەو رێگەیەوە دەستیان لە کێکەکەى عێراق نەبێتەوە، سیاسەتمەدارەکان هەوڵ دەدەن پشتگیری گەل بەدەست بهێنن بە دوورخستنەوەی خۆیان لە ئێران. لە لایەکی تریشەوە عێراق لە نێوان هەڕەشەکانی میلیشیا ئێرانییەکان و ویستی پاراستنی سەقامگیری ناوخۆیی دا بە ورەییەوە هەنگاو دەنێت.

ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە گرووپە عێراقییەکان زیاتر پشت بە چالاکی بچووک و لێدوان و بەیاننامە دەبەستن بۆ بەگژدا چوونەوەى ئیسرائیل لە دژی ئێران. جێگەى ئاماژەیە لە رۆژى 10ـى حوزەیرانى پێشوو جەنگێکى قورس هەڵگیرساو لە ٢٤ی حوزەیران دا ئاگر، ئاگربەستێک لە نێوان ئیسرائیل و ئێران هاتە کایەوە کە ئەمەش بوو بە هۆی کەمکردنەوەی ئەو فشارانەی کە لەسەر عێراق هەبوو بۆ هەڵبژاردنی لایەکیان ، ئێران یان ئیسرائیل و ئەمریکا، بەڵام بە سیاسەتێکى حەکیمانە کە لە چالاکییەکانى وەزیری دەرەوەدا بەرجەستە دەبوو توانرا لە بەردەبازەى ئەو جەنگە بپىڕێتەوە و کەشتى ئارامیی بگەیەنێتە کەنار.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP