هەرێم نیوز
توركیا داوا دەكات، رێككەوتنی نوێی نێوان ئەنقەرە و بەغداد میكانیزمێك بۆ گرەنتیكردنی بەكارهێنانی تەواوەتی هێلی بۆری نەوتی كەركوك-جەیهان لەخۆبگرێت.
ئاڵب ئەرسەلان بەیرەكتار وەزیری وزەی توركیا رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو دانوستانەی لە نێوان ئەنقەرە و بەغداد هەیە بۆ فراوانكردنی رێككەوتنی نێوانیان لە بواری وزەدا، ئەنقەرە داوایكردوە، رێككەوتنێكی نوێ دابڕێژرێت كە لە رێیەوە گرەنتی بەكارهێنانی تەواوی هێڵی بۆری نەوتی كەركوك-جەیهان بكرێت.
وتیشی، توانای ئەو هێڵە بۆ گواستنەوەی نەوت رۆژانە یەك ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلە، بەڵام لە رابردوودا و لە كاتی كاركردنیدا هەموو تواناكەی بەكارنەهێنراوە، وەزیری وزەی توركیا بە دوریشی نەزانیوە لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێدا بتوانن هێڵەكە بۆ باشوری عیراقیش درێژ بكەنەوە.
هێڵی بۆری نەوتی خاوی عێراق-تورکیا، بەپێی ڕێککەوتنەکە و پرۆتۆکۆڵە پەیوەندیدارەکان کە لە ساڵی ١٩٧٣ واژوو کراوە و لە ساڵی ٢٠١٠ نوێکراوەتەوە، بەڕێوەدەبرێت.
ئەو هێڵە کە بووەتە هێمایەک بۆ پەیوەندی وزەی نێوان هەردوو وڵات، لە هەمان کاتدا گۆڕانی هەلومەرجی ناوچەکە، گەشەسەندنی بازاڕەکانی وزە و زیادبوونی چاوەڕوانییەکانی هەردوو وڵات تواناى پێکھاتەى ڕێککەوتنى ئێستا بۆ وەڵامدانەوەى پێداویستییەکانى ئەمڕۆی سنووردارکردووە، ئەمەش لەگەڵ تێپەڕبوونى کاتدا بووەتە ھۆى ئەوەى پێویستى بە چاکسازی نوێ لە ئاستى بازرگانیی، یاسایى و پێکھاتەییدا ھەبێت.
قۆناغی یەکەمی هێڵەکە لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی هێڵی بۆری نەوتی خاو کە لە 27ی ئابی 1973 لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژوو کرابوو، لە ساڵی 1976 خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. ڕێککەوتنەکە لە ساڵی 2010 نوێکرایەوە و بۆ ماوەی 15 ساڵی دیکە درێژکرایەوە.