دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: پێویستە حکومەتی فیدراڵی ئێزدییەکان قەرەبوو بکاتەوە

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی یادی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانی شنگال لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و لەو پەیامەدا داوا دەکات حکوومەتی عێراق ئێزدییەکان قەرەبوو بکاتەوە و یارمەتیی ئاوارەکان بدات بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان.

ڕۆژی یەکشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: "لە ساڵیادی داگیرکردنی شنگال و جینۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزدی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە، بە ڕێزەوە یادی شەهیدانی ئەو کۆمەڵکوژییەی تیرۆریستانی داعش دەکەینەوە کە زام و برینێکی قووڵ و ساڕێژ نەبووە لە مێژووی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی بە گشتی".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە "لە یادی ئەم کارەساتەدا، پێویستە بەڕێزەوە یادی گیانفیدایی و قوربانیدانەکانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بکەینەوە کە بە سەرکردایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانی، شنگال و دەوروبەریان ئازاد کرد". هەروەها بە هۆی بە هاناوەچوون و یارمەتیدانی ئێزدییەکانەوە سوپاسی هەڵوێستی جوامێرانەی خەڵکی کوردستان بە گشتی و پارێزگەی دهۆک و دەڤەری بادینان بەتایبەتیی کردەوە.

مەسرور بارزانی جەختیشی کردووەتەوە "حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە هەوڵ و کارکردنی بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەی هەموو ئەو ڕفێندراوانەی کە تا ئێستا ئازاد نەکراون و دۆزینەوە و دیاریکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان. هەروەها درێژەدان بە پاڵپشتیی دارایی ڕزگاربووان و هاوکاریکردن و یارمەتیدانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان، ئەوانەی بە هۆی ئاسایینەبوونەوەی دۆخی شنگال و دەوروبەری، هێشتا هەر لە کەمپەکاندا دەژین و نەیانتوانیوە بگەڕینەوە ناوچەکانیان".

سەرۆکی حکوومەتی کوردستان دووپاتیشی کردووەتەوە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ لە رێگای جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی هێزە چەکدار و ملیشیاکان لە دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاشتی و ئاسایش بۆ ناوچەکە، زەمینە خۆش بکات بۆ ئەوەی ئاوارە ئێزدییەکان بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانین. جەختیشی کردووەتەوە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ بکات و خوشک و برا ئێزدییەکانمان قەرەبوو بکاتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە "بە هۆی جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و بە هۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەی لە دوای ئازادکردنییەوە بەسەر شنگالدا سەپێنراوە ، نەتوانراوە ئاوەدان بکرێتەوە و خزمەتگوزاریی پێویست پێشکەشی خەڵکی ئەو دەڤەرە بکرێت".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP