دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 21 کاتژمێر پێش ئێستا

گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر عێراق

هەرێم نیوز 

نەوت، سزاکان و کاریگەرییە هەرێمایەتیەکان 

عێراق، وەک وڵاتێکی دەوڵەمەند بە نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەمیشە ناوەندێکی گرنگی ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکان بووە. لەم دواییانەدا، زانیارییە دزەپێکراوەکان و گومانەکان باس لە گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە عێراق دەکەن. ئامانجی ئەم گۆڕانکارییە کەمکردنەوەی کاریگەریی ئێران و بەهێزکردنی هاوپەیمانەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی هەرێمی کوردستان. بەپێی ئەو زانیارییانە، ئەم ستراتیژییە نوێیە لە سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە دەستیپێکردووە و چەندین لایەنی ئابووری، سیاسی و سەربازی لەخۆدەگرێت.

* یاساکانی (کاتسا CAATSA) و هەڕەشەی سزاکانی ئەمریکا

بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، ئەمریکا ئامادەکاری تەواوی سیاسی و یاسایی کردووە بۆ گوشارخستنە سەر حەشدی شەعبی لە عێراق، کە پێش مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ دەستیپێدەکات. ئەمەش ڕاستەوخۆ بە سەپاندنی سزای ئابووری و گەمارۆی نەوتی عێراق بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئەم هەنگاوە لەچوارچێوەی یاساکانی (کاتسا CAATSA) 
کە کورتکراوەی Countering America's Adversaries Through Sanctions Act
بە واتای "بەرەنگاربوونەوەی نەیارانی ئەمریکا لە ڕێگەی سزاکانەوە" دێت. 

ئەم یاسایە لە ٢ی ئابی ٢٠١٧ لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە واژۆ کراوە و ئامانجی سەرەکی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە لە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو وڵاتانەی کە حکومەتی ئەمریکا بە نەیاری خۆیانیان دەزانێت، بەتایبەتی ئێران، ڕووسیا و کۆریای باکوور، لە ڕێگەی سەپاندنی سزای ئابوورییەوە. هەرچەندە عێراق بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەک وڵاتێکی ئامانج لە یاسای (کاتسا CAATSA) دیاری نەکراوە، بەڵام سزاکانی دژی ئێران دەتوانن کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر گرووپە چەکدارەکانی ناو عێراق هەبێت، وەک حەشدی شەعبی، بەتایبەتی ئەگەر ئەو گرووپانە پەیوەندییان لەگەڵ سوپای پاسداران یان لایەنە ئێرانییە سزادراوەکاندا هەبێت.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم سزایانە، پابەندنەبوونی عێراقە بە ستانداردەکانی گرووپی هەماهەنگی نێودەڵەتی (فات ئێف FATF)، کە   کورتکراوەی (Financial Action Task Force)و تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی بودجەی تیرۆر. (فات ئێف FATF) ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیە کە لە ساڵی ١٩٨٩ بە دەستپێشخەری وڵاتانی گرووپی حەوت (جی ٧) دامەزراوە. ئامانجی سەرەکییەکەی پەرەپێدان و هاندانی وڵاتانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی بودجەی تیرۆر لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە (فات ئێف FATF) لە ڕابردوودا عێراقی هەڵسەنگاندووە سەبارەت بە پابەندبوونی بە ڕاسپاردەکانییەوە. بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق د. شاخەوان عبداللە “هەر سزایەکی دارایی لەلایەن ئەمریکاوە دەربچێت، حکومەتی عێراق ناچار دەبێت پابەندی بێت، چونکە هێشتا مامەڵە بە دۆلاری ئەمریکییەوە دەکات و داهاتی نەوتەکەی لە ئەمریکاوە دەگەڕێتەوە بۆ عێراق”

* نەوت: بڕبڕەی پشتی ستراتیژییەکە

پلانی سەرەکی ئەمریکا بریتییە لە وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە واشنتۆن بە "تیرۆری شیعە" ناویان دەبات. بەپێی ئەم پلانە، کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق یەکێکە لە ئۆپشنی پلانەکە، بەپێیەی بەشێکی زۆری ژێرخانی ئابووریی میلیشیاکانی عێراق لە فرۆشتنی نەوتەوە دێت. بەگوێرەی زانیاریەکان، ئەم داهاتە بۆ دژایەتیکردن و ناردنی درۆنی بۆمب ڕێژکراوە بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتەکان لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە باکووری عێراق ڕۆژانە ١٠٠ تەنکەر نەوت لەدەرەوەی سۆمۆ دەفرۆشن.

پلانەکە ئەوەیە کە عێراق ناچار بکرێت ڕۆژانە تەنیا ٢٥٠ هەزار بۆ ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات، لە کاتێکدا نەوتی هەرێمی کوردستان بڕی ٨٠٠ هەزار بۆ یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا دابین بکات. ئەمەش وەک پاداشتێک بۆ هەرێمی کوردستان دێتە ئەژمار، وەک هاوپەیمانێکی ڕاستەقینە و سەقامگیر. 

ئەمریکا بەردەوام پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان کردووە وەک هاوبەشێکی ستراتیژی لە عێراق و ناوچەکەدا. تاوەکو ئێستا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان یەکلایی نەکراوەتەوە و گفتوگۆکان لەنێوان هەولێر و بەغداد بەردەوامن. هەندێک ڕاپۆرتی نوێش باس لەوە دەکەن کە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە، بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاستێکی نزم دابەزیوە.

* کاریگەریی ستراتیژیی ترەمپ دژی ئێران

ستراتیژیی دۆناڵد ترەمپ دژی ئێران لەسەر بنەمای وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئەو میلیشیایانەیە کە سەر بە ئێرانن، بەتایبەتی لە ڕێگەی وشککردنی شادەمارە ئابوورییەکانیان کە پشت بە نەوتی عێراق دەبەستن. هەرچەندە ترەمپ لە لێدوانێکدا ڕەتیکردووەتەوە پشتیوانی لە گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران بکات و گوتوویەتی "گۆڕینی دەسەڵات لەو وڵاتە دەبێتە هۆی پشێوی و ئاڵۆزی"، بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. هەروەها، ترەمپ ستایشی هەنگاوەکانی ئیسرائیلی کردووە لە بەرەنگاربوونەوەی ئێراندا.

* ڕۆڵی تورکیا و بۆری نەوتی عێراق-تورکیا

ئاڵپارسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا، ڕایگەیاندووە کە بۆری نەوتی خاوی عێراق-تورکیا توانای گواستنەوەی یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا هەیە. تورکیا داوا دەکات ئەم بۆرییە بە تەواوی توانای خۆیەوە کار بکات، چونکە وەبەرهێنانێکی زۆری تێدا کردووە.
لە هەنگاوێکی گرنگدا، تورکیا بڕیاری کۆتاییهێنانی بە ڕێککەوتننامەی هێڵی بۆری نەوتی خاوی تورکیا-عێراق داوە کە لە ساڵی ١٩٧٣ەوە کاری پێدەکرێت و بڕیارە لە ٢٧ی تەممووزی ٢٠٢٦ بە فەرمی کۆتایی پێبێت. ئەم بڕیارە ساڵێک پێش وادەی کۆتایی هاتنی ڕێککەوتنەکە دراوە، ئەمەش دەرگای گفتوگۆ و دانوستانێکی نوێ دەکاتەوە سەبارەت بە داهاتووی هەناردەی نەوت و ژێرخانی وزە لەنێوان هەردوو وڵاتدا. تورکیا ڕەشنووسێکی نوێی ڕێککەوتنی بۆ عێراق ناردووە کە لەسەر بنەمای قازانجی هەردوولا بێت، و بەهۆی دۆڕانی تورکیا لە دادگای پاریس ICC کە وەک جۆرێک لە سووکایەتی بۆ تورکیا سەیر دەکرێت، بۆیە مەرجەکانی تورکیا بۆ دانوستانی نوێ دەبێت بریتی بێت لە پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی ئەو دادگایە لەلایەن عێراقەوە.

* تێکەڵکردنی نەوتی ئێران و عێراق

یەکێکی تر لە نیگەرانییە گەورەکانی ئەمریکا ئەوەیە کە گومان دەکرێت بەغدا نەوتی ئێران لە ڕێگەی "کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق" (سۆمۆ) تێکەڵ بکات و بیفرۆشێت، لە کاتێکدا داهاتەکەی ناچێتە سەر بودجەی فیدراڵی عێراق. ئەمەش دەتوانێت سۆمۆ بخاتە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە. شایانی باسە، ئەمریکا و عێراق بەردەوامن لە گفتوگۆی ستراتیژی بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان، لەنێویاندا پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

* دەرئەنجام

پلانی ستراتیژیی ئەمریکا لە عێراقدا، بەپێی ئەم
 زانیارییانە، ئامانجی گۆڕانکارییەکی گەورەی ئابووری و سیاسییە. بە پشتبەستن بە هەڕەشەی سزاکان، گوشار خستنە سەر هەناردەی نەوتی عێراق، و پاداشتکردنی هەرێمی کوردستان، واشنتۆن دەیەوێت کاریگەریی ئێران لە عێراقدا کەم بکاتەوە و داهاتی میلیشیاکانی سەر بە تاران وشک بکات. کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی نەوتی عێراق-تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٦ دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییە نەوتییەکان لە ناوچەکەدا، بەتایبەت لە کاتێکدا کە تورکیا دەیەوێت بە تەواوی توانای بۆرییەکەی کار بکات. داهاتووی عێراق لە نێوان گوشارەکانی ئەمریکا و پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی لەگەڵ دراوسێکانی، بەتایبەتی ئێران و تورکیا، پەرەسەندنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە دەبینێت کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر سەقامگیری و ئابووریی ناوچەکە دەبێت.

نوسینی: دڵشاد موانی



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP