هەرێم نیوز
هەرکەسێک سەرەتایی ترین زانیاریی لەبارەى مێژووی نوێ و هاوچەرخی جیهان بزانێت و بیەوێت پانۆراماى روداوەکان وەبیر خوێنەران بهێنێتەوە ناتوانێت کارەساتى بۆمبارانی هێرۆشیما و ناکازاکی ژاپۆن لە لایەن ئەمریکاوە فەرامۆش بکات، ساڵانەش لەم رۆژەدا ژاپۆنییەکان یادى ئەو کارەساتە دەکەنەوە.
لە رۆژى 6ئابی ساڵی 1945 لە میانى جەنگی جیهانى دووەمدا فڕۆکەیەکى سەربازیی ئەمریکی چووە سەر شارى هێرۆشیمای ژاپۆن و بە خستنەخوارەوەى بۆمبێکی ئەتۆمی کارەساتێکی گەورەی خولقاند و ڕوداوەکەش بووە پەڵەیەکی ڕەش بە ڕوخسارى ئەمریکا و مرۆڤایەتیەوە و تا ئێستاش شوێنەواری لەسەر ناوچەکەو نەوەکانى هێرۆشیماوە دیارە.
مێژوونووسان دەڵێن ساڵی 1594 لە سەر وشکانیی 6 دورگەى مام ناوەند هێرۆشیما بونیاد نراوە، ساڵی 1868 گەورەترین بنکەى سەربازی تێدا کراوەتەوە، ساڵی 1945 ژمارەى دانیشتوانەکەى 350 هەزار کەس بوون، بەهۆی پێشکەوتنە سەربازییەکانى ئەو کاتى ژاپۆن لە جەنگی جیهانیدا ئەمریکا بڕیاری هێرشی ئەتۆمی لە دژ دەرکردوە و لە ڕێگەى خستنە خوارەوەى بۆمبێکەوە 90%ى شارەکەى وێرانکردوەو زیاتر لە 80 هەزار کەس کوژراو 90 هەزار کەسیش بریندار بوون و ئەوەشی کە دەربازیی بوە ئاوارەو بێلانە ماونەتەوە.
ئەمریکیەکان بەو بۆمبەى کە لەدژى هێرۆشیما بەکاریان هێناوە پێیان گوتوە (کوڕی بچوک)، کێشەکەى زیاتر بوە لە چوار تۆن و نیو و 64 کیلۆگرام مادەى یۆرانیۆمى تێدا بووە، بەڵام وەک سەرچاوەکان باسی دەکەن بە هۆکارێکی نەزانراو کەمتر لە یەک کیلۆگرامی تەقیوەتەوە، بەپێی پلانەکە بە فرۆکەوانەکەى گوتراوە بۆمبەکەى لە بەرزایی هەزار و نۆسەد و هەشتا پێوە بۆمبەکە ئاڕاستەى پردێک بکات کە دەکەوتە ناوەڕاستى شارەکەوە و راشیان سپاردووە وێنەى روداوەکەش بگرێت.
لە کاتژمێر 8.15 خولەکی سەرلەبەیانى رۆژى 6/8/1945 کوڕی بچوک خرایە خوارەوەو لە دووری 800 مەتر لە شوێنى دیاریکراو کێشاى بە زەویدا، بە پێى توێژینەوەکان بۆمبەکە لە کاتێکدا بەر زەوی کەوتووە هێزی 10 هەزار تەن تەقینەوەى ئاسایی هەبووە.
لە چەند چرکەى یەکەمدا لە دوورى دوو کیلۆمەتر و نیوى هەرچوار لاى تەقینەوەکەوە هەموو ئەو شتانەى کە گڕیان دەگرت سوتاون، هەموو ئەو خانوانەى کە سێ کیلۆمەتر و نیو لە چەقى تەقینەوەکەوە دور بون تەختى زەوی بون، لە پێنج کیلۆمەترى تەقینەوەکەشدا ئاگرێکی سوتێنەرى بەهێز هەموو لایەکی گرتوەتەوە
کارەساتى هێرۆشیما دەنگدانەوەیەکی گەورەى بەدواى خۆیدا هێناوە، ژمارەی قوربانیەکانى جەنگی زۆر بەرزکردوەتەوە، تا ئێستاش نەنگییەکی گەورەیە بەڕوخسارى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە، هەرچەندە لایەنگرانى سیاسەتەکانى ئەمریکا بە سەرکەوتنێکی گەورەى خۆیان لێکی دەدەنەوە .
هێرش بۆسەر ناکازاکی
لە رۆژى 9ئابی ساڵی 1945 و سێ رۆژ لە دواى بۆمبارانکردنى هێرۆشیما، هێزە ئاسمانیەکانى ئەمریکا چونە سەر شارى ناکازاکی و بە بۆمبی ئەتۆمی هێرشیان کردەسەرى و لە ئەنجامدا جگە لە وێرانبونى شارەکە، قوربانی گەورەى لێکەوتەوە.
بەگوێرەى سەرچاوەکان پلانى ئەمریکیەکان بۆمبارانکردنى شارى (ئەکیکۆ تاکاکورا)ى ژاپۆنی بووە، بەڵام بەو پێیەى ئاسمانى شارەکە بەهەورێکی چڕ داپۆشرابوو، بۆیە پلانەکە گۆڕاوە و بۆمبەکە ئاڕاستەى شارى ناکازاکی کراوە و لە لە بەرزیی نوهەزار و 855 مەترەوە بۆمبێکی ئەتۆمیی کە60 کیلۆگرام مادەى یۆرانیۆمی پیتێنراوى هەڵگرتبوو خرایە خوارەوە، لەکاتێکدا ڕێژەیەکی کەمی تەقیوەتەوە و هێزەکەى 13کیلۆ تەن بووە.
بەگوێرەى سەرچاوەکان لە ماوەى 27 چرکەدا بۆمبەکە بەرزەوی کەوتووە و لەکاتى تەقینەوەکەدا 80 هەزار کەس کوژران و 70 هەزاری دیکەش بریندار بوون، سەرچاوە پزیشکیەکان باسیان لەوە کردوە 90%ى بریندارەکانیش لەکاتى وەرگرتنى چارەسەر دا گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 93%ى ئەو پەرستارو پزیشکانەش سەرقاڵی چارەسەربوون و بەرکەوتنیان لەگەڵ بریندارەکان هەبوە کاریگەریی خراپی لەسەر دروستکردون و ژمارەیەکیان مردون.
ناکازاکی یەکێک بوە لەشارە گرنگە بازرگانی و گەشتیارییەکانى ژاپۆن بەو پێیەى کە بەندەر و کەناراوى زۆری تێدا بووە، هەر لەوێوە کەشتییە بارهەڵگر و سەربازییەکانى بەڕێکراون و پێداویستییە جەنگییەکان ڕەوانەى بەرەکانى جەنگ کراون زۆرینەى خانوەکانى ناکازاکی لەسەرشێوزای کلاسیکی ژاپۆنیەکان لەتەختەو خشتى سور دروستکرابون بۆیەبەرگەى تەقینەوەکەیان نەگرتووە.
بۆمبە ئەتۆمییەکەى ناکازاکی ئەمریکیەکان ناویان لێنابوو (پیاوى قەڵەو) لەنزیک کۆمپانیاى میتسۆبیشی کەوتوەتە خوارەوە ، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ژمارەیەک لە قوربانیەکانى ناکازاکی دانیشتووانى هەڵاتوى هێرۆشیما بوون کە سێ رۆژ پێشتر بە چەکی ئەتۆمی هێرشی کرابویە سەر.
لە رۆژی14/8/1945 ئیمبراتۆری ژاپۆن تەسلیمبونى وڵاتەکەى ڕاگەیاندووە هەرچەندە ژمارەیەک لە سەرکردەو و سەربازەکان ڕەتیان کردەوە خۆیان ڕادەست بکەن، بەڵام لە رۆژی 30/8/1945 هێزە ئەمریکیەکان بەهاوکاریی بەریتانیەکان گەشتونەتە تۆکیۆ و ژاپۆنیان خستوەتە ژێردەسەڵاتى خۆیانەوە و تا کۆتایی ساڵ 350 هەزار سەربازی ئەمریکا لە ژاپۆن نیشتەجێ کران و تا رۆژی 28/4/1952 ژاپۆن لە ژێردەستى ئەمریکیەکاندا ماوەتەوە.