د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان
سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر عێراق، ئەوەیە کە بەغدا کێشە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق دروست نەکات، کە دەتوانین ناوی بنێین سیاسەتی بێ کێشە (No problem policy). تەوەرێکی سەرەکیی سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق، پەیوەستە بە چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران. ئەمریکا نایەوێت عێراق بە هیچ جۆرێک هاوکار بێت بۆ چالاکییەکانی ئێران لە ناوچەکە. ئەمریکا ئێستا سیاسەتی ئهوپهڕی گوشار و دیپلۆماسییەتی هێز و گفتوگۆ لە یەک کاتدا لەگەڵ ئێران پەیڕەو دەکات. خاڵی دووەم ئەوەیە کە عێراق بەردەوام بێت لە فرۆشتنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان و بۆ ئەوەی نرخی نەوت بە هاوسەنگی بمێنێتەوە. تەوەری سێیەمی سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق بریتییە لە لاوازکردن یان پەلوپۆکردنی میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران- ئەوانەی لەم چەند ساڵەدا بەشێک بوون لە ئەجێندای سیاسیی ئێران لە ناوچەکە؛ چ دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بێت، یان دژی وڵاتانی ناوچەکە.
ئەم سیاسەتەی ئەمریکا لە عێراق، بەشێکە لە سیاسەتی ئەمریکا دژی ئێران؛ بۆیە دەکرێت بڵێین سیاسەتی ئەمریکا بۆ عێراق، بەشێکە لە چوارچێوەیەکی فراوانتری سیاسەتی ئەمریکا بۆ لاوازکردنی هەژموونی ئێران لە عێراق و ناوچەکە. کەچی عێراق و چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت پێچەوانەی سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکە نفووزی زیاتر بە ئێران ببەخشن لە ڕێگهی دروستکردنی سوپایەکی سەربەخۆ بە ناوی “حەشدی شەعبی”، کە بەپێی یاساکە بۆی هەیە بەشداری لە جەنگەکانی دەرەوەی عێراقیش بکات. ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە لە ئاراستەکردنی عێراق و بەکارهێنانی بۆ بەرژەوەندیی ئێران و چەند گرووپێکی چەکدار کە لە بنەڕەتدا وابەستەی سەرۆکی حکوومەت و عێراق نین. بەشێکی زۆری میلیشیاکان، ئیمام گەورەیان ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، نەک محهمەد شیاع سوودانی. بوونی سوپایەکی لەو جۆرە، پێچەوانەی دەستووری عێراق و ئەو رێکكەوتنە ستراتیژییەشە (Strategic Framework Agreement) کە ئەمریکییەکان لەگەڵ عێراقدا هەیانە. ئەمە بەتەواوی دژی ڕوانگەی ستراتیژیی ئەمریکایە لە عێراق و ناوچەکە، بۆیە ئەمریکا زۆر ئەستەمە ڕێگه بە تێپەڕبوونی پڕۆژەیاسایەکی لەو جۆرە بدات، کە سوپایەکی هاوشێوەی سوپای قودس لە عێراقدا دروست بکرێت.
دەسپێک
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا، جهنگی ئیسرائیل و ئێران و لێدانی ئەمریکا لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، باوەڕێک لای ئەمریکا دروست بووە، کە ئێران لە ڕێگهی هێزەوە نەبێت، زەفەری پێ نابردرێت. وردتر بڵێین، سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر ئێران کە پەیوەست بووە بە “سیاسەتی ئهوپهڕی گوشار” و “چاوترساندن” و لە هەمان کاتدا “گفتوگۆ لە ڕێگهی هێزەوە”، بەرهەمی خۆی هەبووە؛ بە جۆرێک توانیویەتی ئێران بخاتە ناو چوارچێوەیەکی تەسکهوه و لەقاڵبی بدات. ئەمریکا و ئیسرائیل باش دەزانن کە یەکێک لە چەکە هەرە کاریگەرەکانی ئێران، میلیشیا و پڕۆکسییەکانن کە لە وڵاتانی وەک لوبنان و یەمەن و عێراق ئێستایش ئەکتیڤن و دەتوانن کێشە دروست بکەن، بۆیە دەیانەوێت ڕێگری لەو میلیشیایانە بکەن کە بتوانن خۆیان کۆ بکهنەوە و، یان چەک و ئابووریی دەوڵەت بۆ سوودی خۆیان بەکار بهێنن.
سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق، بەشێکە لە سیاسەتی پەلوپۆکردنی ئێران کە ئەمریکا و ئیسرائیل بە دەرفەتی دەزانن ئەو کارتەی دەستی ئێرانن بسووتێنن. ئەوەی بۆتە ڕوخساری ئەو پرسە لە عێراقدا، ئێستا حکوومەتەکەی سوودانییە، کە بەرگەی ناڕەزایهتیی ئەمریکا ناگرێت و لە هەمان کاتیشدا ناتوانێت دژایەتیی بڕیاری “چوارچێوەی هەماهەنگی” بکات، کە ستوونێکی سەرەکیی حکوومەتەکەیەتی.
لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین ڕوانگەی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر میلیشیاکان و، هەروەها مامەڵەکردنی حکوومەتەکەی سوودانی لەگەڵ ئەم کێشەیەدا دیاری بکەین، بە ڕەچاوکردنی لێکەوتەکانی لەسەر دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان.
سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر عێراق و میلیشیاکان
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین کە سیاسەتی ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەگشتی پەیوەستە بە دوورکەوتنەوە لە جهنگە سەربازییە درێژخایەنەکان کە لە ململانێی نێوان دەوڵەتان و ناسەقامگیریی ناوچەیییەوە سەرچاوە دەگرن. ئەمریکا دەیەوێت بناغەیەک هەبێت بۆ سیستەمی دەوڵەت-سەنتەری بۆ سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ واتە مامەڵە لەگەڵ کیانی دەوڵەتی بکەن کە بە توانا و ئیرادەی خۆیان دەتوانن سەقامگیریی خۆیان بپارێزن، نەک بوونی دەوڵەتی شکستخواردوو و لاواز لە ناوچەکە. ئەمریکا وای دەبینێت کە پشتیوانیی درێژخایەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گرووپە نادەوڵەتییەکان، لەوانە میلیشیاکان لە عێراق و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی وەک حزبوڵڵا لە لوبنان، سیستەمی دەوڵەتیی ناوچەیی تێک دەدات. لە ڕوانگەی ئەمریکاوه لاوازبوونی پێگەی ستراتیژیی ئێران لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ و سەرەتای ٢٠٢٥، دەرفەتێکی بەرچاوی بۆ ئاستی سەقامگیریی ناوچەکە ڕەخساندووە.
سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر عێراق، ئەوەیە کە بەغدا کێشە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق دروست نەکات، کە دەتوانین ناوی بنێین سیاسەتی بێ کێشە (No problem policy). تەوەرێکی سەرەکیی سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق، پەیوەستە بە چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران. ئەمریکا نایەوێت عێراق بە هیچ جۆرێک هاوکار بێت بۆ چالاکییەکانی ئێران لە ناوچەکە. ئەمریکا ئێستا سیاسەتی ئهوپهڕی گوشار و دیپلۆماسییەتی هێز و گفتوگۆ لە یەک کاتدا لەگەڵ ئێران پەیڕەو دەکات. خاڵی دووەم ئەوەیە کە عێراق بەردەوام بێت لە فرۆشتنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان و بۆ ئەوەی نرخی نەوت بە هاوسەنگی بمێنێتەوە. تەوەری سێیەمی سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق بریتییە لە لاوازکردن یان پەلوپۆکردنی میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران- ئەوانەی لەم چەند ساڵەدا بەشێک بوون لە ئەجێندای سیاسیی ئێران لە ناوچەکە؛ چ دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بێت، یان دژی وڵاتانی ناوچەکە.
ئەم سیاسەتەی ئەمریکا لە عێراق، بەشێکە لە سیاسەتی ئەمریکا دژی ئێران؛ بۆیە دەکرێت بڵێین سیاسەتی ئەمریکا بۆ عێراق، بەشێکە لە چوارچێوەیەکی فراوانتری سیاسەتی ئەمریکا بۆ لاوازکردنی هەژموونی ئێران لە عێراق و ناوچەکە. کەچی عێراق و چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت پێچەوانەی سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکە نفووزی زیاتر بە ئێران ببەخشن لە ڕێگهی دروستکردنی سوپایەکی سەربەخۆ بە ناوی “حەشدی شەعبی”، کە بەپێی یاساکە بۆی هەیە بەشداری لە جەنگەکانی دەرەوەی عێراقیش بکات. ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە لە ئاراستەکردنی عێراق و بەکارهێنانی بۆ بەرژەوەندیی ئێران و چەند گرووپێکی چەکدار کە لە بنەڕەتدا وابەستەی سەرۆکی حکوومەت و عێراق نین. بەشێکی زۆری میلیشیاکان، ئیمام گەورەیان ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، نەک محهمەد شیاع سوودانی. بوونی سوپایەکی لەو جۆرە، پێچەوانەی دەستووری عێراق و ئەو رێکكەوتنە ستراتیژییەشە (Strategic Framework Agreement) کە ئەمریکییەکان لەگەڵ عێراقدا هەیانە. ئەمە بەتەواوی دژی ڕوانگەی ستراتیژیی ئەمریکایە لە عێراق و ناوچەکە، بۆیە ئەمریکا زۆر ئەستەمە ڕێگه بە تێپەڕبوونی پڕۆژەیاسایەکی لەو جۆرە بدات، کە سوپایەکی هاوشێوەی سوپای قودس لە عێراقدا دروست بکرێت.
ئامانج لە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی چییە؟
سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین کە ئەو یاسایەی حەشدی شەعبی کە پەرلەمان، بەتایبەتیش ئیتاری تەنسیقی (چوارچێوهی ههماههنگی) دەیەوێت پەسەندی بکات، حەشد وەک ڕێکخراوێکی سەربازیی سەربەخۆ، دەکات بە دامەزراوەیەکی فەرمی کە جیاوازە لە دەزگه سەربازی و ئەمنییەکانی دیکەی حکوومەتی عێراق، لەوانەیش: سەربەخۆییی دارایی و فەرمانی سەربازی. سەرۆکی حەشد وەک وەزیرێک دەبێت و، ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دەبێت؛ هاوشێوەی وەزارەتێکی تری بەرگری، نەک وەک بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی عێراق. ڕاستە سەرۆکی حەشد لەژێر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتە- کە لە هەمان کاتدا سەرۆکی هێزە چەکدارەکانیشە- بەڵام ئێمە دەزانین پێشتریش حەشد فەرمانی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق وەرنەدەگرت.
بەپێی ئەم پڕۆژەیاسایە حەشد ئۆتۆنۆمییەکی بەرچاوی دەبێت و سوپایەکی سەربەخۆ دەبێت؛ ئەمەیش وایان لێ دەکات پابەند نەبن بە ڕێنمایییەکانی حکوومەت، وەک لە هێرشەکانی میلیشیاکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەردەکەوێت. هەروەها یاساکە بوارێکی دامەزراوەیی بۆ حەشدی شەعبی دابین دەکات کە بەش و ئەکادیمیای سەربازیی تایبەت بە خۆی هەبێت. یاساکە ئەرکی حەشد ڕوون دەکاتەوە کە بریتییە لە “پاراستنی ڕژێم” و “بەرگریکردن لە وڵات، پاراستنی یەکێتی و یەکپارچەییی خاکی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر”.
لە ڕاستیدا حەشد یاسا کۆنەکەی ٢٠١٦یشی جێبەجێ نەکردووە، بەڵام ئێستا وەک بەشێک لە ڕەخنەگرانیش دەڵێن، وا دەکات ڕێکخراوەکە هاوشێوەی دامەزراوەیەک- هاوتا بە دەوڵەت- چاودێریی پرۆسەی سیاسی و سیستهمی حوکم بکات و بڕیار لەسەر یار و نەیاری سیاسی بدات. وەک پاسەوانێک بۆ پاراستنی ڕژێم، هەڵبەتە بە پێوەری تایبەتی خۆیان.
یەکێک لە ئامانجەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان لە دروستکردنی باڵێکی سەربازی لەناو دەوڵەتدا، پاراستنی خۆیانە؛ بەتایبەت دوای ئەو دۆخەی دروست بووە، هەست دەکەن دەکرێت ئەوانیش بەرژەوەندییان بکەوێتە مەترسییەوە، بەتایبەت کە هەست دەکریت لە ئاستی جەماوەرییشدا پێگەی سیاسییان لە لێژیدایە. خۆیشیان ئەوهندە متمانەیان بە دامەزراوەکانی دەوڵهت نییە، بەتایبەت کە ئێستا پێگەی سوودانی و چەند لایەنێکی تری سەربەخۆش لە هەڵکشاندایە؛ ئەمە جگە لەوەی سەدر وەک نەیارێک هەمیشە لە بۆسەدایە ئەم لاوازییەی ئەو هێزانە بقۆزێتەوە. چوارچێوەی هەماهەنگی هەستی بەوە کردووە کە لەوانەیە ئێران وەک پێشان نەتوانێت بەرگرییان لێ بکات- ئەو کاتەی کە ڕێگر بوو لە هاوپەیمانیی کورد و سوننە و سەدر لە ساڵی ٢٠٢٠.
ئەم یاسایە تا ئێستا ڕووبەڕووی ناڕەزایهتیی ئەمریکا و نوخبەی سیاسیی سوننە و کورد بۆتەوە. بێجگە لەوە، بەشێکیش لە چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ دەرچوونی ئەو یاسایە نین لە ئێستا، ئەگینا خۆیان توانای ئەوەیان هەیە یاساکە تێ پەڕێنن؛ بەڵام بەمەبەست دواجار کە ویستیان دەنگی لەسەر بدەن، ١٦٤ ئەندام پەرلەمان ئامادە نەبوون.
هەرچەندە کاری ئەنجومەنی نوێنەران، دانان و دەرکردنی یاسایە و دەستوور دەسەڵاتی داوەتە ئەنجومەنی نوێنەران کە یاسا فیدراڵییەکان دەربکات، بەڵام نابێت یاساکان پێچەوانەی حوکمەکانی دەستوور بن. لە ماددەی (٩)ی دەستوور، پرسی هێزە چەکدارەکان بەوردی هاتووە و بە دەق نووسراوە. لە خاڵی (ب)ی بڕگەی یەکەمی ماددەی (٩) هاتووە “پێکهێنانی میلیشیای سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەکدارەکان قەدەغەیە.” بۆیە هەر هێزێک لە دەرەوەی هێزە چەکدارەکانی وەزارەتی بەرگری، گومان هەڵدەگرێت. ئێستا حشد لە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٤، %15,6ی بوودجەی سێکتەری ئەمنی دەبەن کە دەکاتە 4,55 ترلیۆن دینار. بەراورد بە بوودجەی ساڵی 2021 کە ژمارەیان تەنیا ١٢٢ هەزار چاکدار بووە، لە ساڵی 2024 ئەم ژمارەیه بەرز بۆتەوە بۆ 238000 چەکدار.

بۆچی لەم کاتەدا ئەمریکا گوشار لە سوودانی دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان؟
گوشاری ئەمریکا بۆ سەر کابینەی سوودانی، لەوانەیە زۆر پەیوەندیی بە دۆخی ئێستای ناسکی عێراقەوە نەبێت کە لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندایە، بەڵکوو زیاتر پەیوەندیی بە ستراتیژیی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەیە بۆ لاوازکردنی ئێران لە ناوچەکەدا. ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت بەهێزترین چەکی دەستی ئێران وشک بکەن، کە میلیشیاکانن، چونکە بوونی ئەم میلیشیایانە سەرچاوەیەکه بۆ لاوازکردنی وڵاتانی وەک عێراق و یەمەن و لوبنان. ئەگەر ئێران ئەمەی نەمێنێت، کاریگەریی سیاسی و ئایدیۆلۆژییشی لەو وڵاتانە لاواز دەبێت.
وەک دەزانین ئەمریکا دژی تێکەڵکردنی حەشد نییە لەگەڵ سوپای عێراق؛ بەپێچەوانەوە دەیەوێت ئەو هێزانەی دەرەوەی دەوڵەت، تێکەڵی سیستهمی بەرگری و سەربازیی عێراق ببنەوە، بەڵام نەک بۆ پاراستنی تایبەتمەندیی خۆیان وەک دەزگهیەکی جیا شان بە شانی وەزارەتی بەرگری، یان بوونی سوپایەک لەناو سوپایەکی تردا. ئەمریکا پێشتر هەرگیز ئەوەنده ڕژد نەبووە لەسەر پرسی حەشد. ئێستا وەزیرەی دەرەوە “مارکۆ ڕۆبیۆ” بەتایبەت کار لەسەر ئەم پرسە دەکات و، ڕاشكاوانه پەیامی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق داوە کە ئەوان ڕێگه نادەن حەشد پڕۆژهیاساكه بەو شێوەیەی کە مەبەستیانه، تێ پەڕێنن. هەڵبەتە مەبەستی ئەمریکا ئەوە نییە شێوازی یاساکە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، بەڵکوو لە بنەڕەتدا دژەی ئەو بیرۆکەیە کە دەبێتە هۆی لاوازکردنی دەوڵەت و بوونی سوپایەکی زەبەلاحی هاوتا بە سوپای عێراق.
ڕاستە ئەمە بۆ سوودانی کاتێکی باش نییە، چونکە سوودانی لەبەردەم هەڵبژاردنەکاندایە، بهڵام بەشێکی زۆری دەنگدەرانی شیعە لەگەڵ ئەوە نین کە حەشد هەڵبوەشیتەوە بەو شێوەی ئەمریکا دەیەوێت. سوودانی دەیەوێت لە ئێستادا خۆی لە تێپەڕاندنی ئەم یاسایە بەدوور بگرێت، بەشێک لە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکانیش نایانەوێت لە ئێستادا ئەو سەرکێشییە بکەن، بەڵام بە دەرفەتێکیشی دەبینن بۆ لاوازکردنی پێگەی سیاسیی سوودانی لە هەڵبژاردنەکان. سوودانی دەیەوێت دەستیدەستی بە یاساکە بکات و میتۆدی گرتنی دارەکە لە ناوەڕاست پەیڕەو بکات، بەڵام ئەمریکا بەوە ڕازی نییە و دەیەوێت ئەو پرسە کۆتاییی پێ بهێنێت.
ئیدارەی ترەمپ، جیا لە ئیدارەکانی تر ڕوونتر و ڕەقتر قسە لەگەڵ عێراق دەکات؛ ئەوان دەیانەوێت عێراق خۆی یەکلا بکاتەوە و واز لە کارکردن بۆ بەرژەوەندییەکانی ئێران بهێنێت. نوخبەی سیاسیی شیعەیش لەوە تێ گەیشتوون کە سەرکێشیکردن لەگەڵ ئەو ئیدارەیه لەوانەیە دەرەنجامی خراپی لەسەر عێراق هەبێت. عێراق بەتایبەت لە دوو شت دەترسێت: یەک، کردنەئامانجی هێزەکانی حەشد لەلایەن ئیسرائیلهوه، دووەمیش سەپاندنی سزای ئابووری و دارایی (بەتایبەتیش لە پرسی پێدانی دۆلار) بەسەر عێراق. لە هەردو دۆخەکەدا عێراقی ئێستا بەرگەی ئەو مەترسییانە ناگرێت؛ بەتایبەت کە دەنگێک لەناو کۆنگرێسی ئەمریکا هەیە، پێی وایە دەبێت سزا بەسەر فرۆشتنی نەوتی عێراق و “کۆمپانیای سۆمۆ”یش بسەپێنرێت چونکە هاوکاریی ڕۆیشتنی نەوتی ئێرانیان کردووە.
هێزەکانی حەشد زیاتر لە حەفتا گرووپ لەخۆ دەگرن؛ لەنێویاندا چەند گرووپێکی سەرەکی هەن کە لەلایەن ئەمریکاوە وەک تیرۆریست دەستنیشان کراون، دیارترینیان: بزووتنەوەی حزبوڵڵای نوجەبا، عەسائیب ئەهلی هەق و کەتائیبی حزبوڵڵا. سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتی عێراق پارەیان بۆ دابین دەکات، ئەم کوتلە چەکدارانەی حەشد، وابەستەی ئێرانن و بەوردی خۆیان بۆ دژایەتی و دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تەرخان کردووە. ئەمریکا له پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە ٢٢ی تەممووز لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، لە ڕێگهی وەزیری دەرەوە، بەڕوونی پهیامی خۆی گهیاند و نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە ڕەشنووسی یاسای حەشد “کاریگەریی ئێران و گرووپە تیرۆریستییە چەکدارەکان بەدامەزراوەیی دەکات کە سەروەریی عێراق تێک دەدەن.”

بژاردەکانی ئەمریکا چین؟
ئەمریکا وەک وڵاتێکی زلهێز لە ناوچەکە، بەتایبەت کە ئێستا لە هەموو کات زیاتر کاریگەریی لەسەر ئێران و پڕۆکسییەکانی ههیه، بژاردەی زۆری هەیە كه دەتوانێت پەنایان بۆ ببات ئەگەر لەگەڵ عێراق گەیشتە بنبهست. دەکرێت بژاردەکان لە چەند خاڵیکدا کۆ بکەینەوە:
یەکەم، ڕێگەدان بە ئیسرائیل بۆ ئەوەی میلیشیا و سەرکردەکانی حەشد بکاتە ئامانج؛ بەتایبەت ئەوانەی خراونەتە لیستی تیرۆری ئەمریکا. ئەمە هەمیشە ئەگەرێکی کراوەیە، بەتایبەت کە ئەمریکا و ئیدارەی ترەمپ ئەزموونی پێشتریان هەیە لە کردنەئامانجی سەرکردەکانی حەشد- لە ڕووی هەواڵگری و پێکانیشەوە دەتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن.
دووەم، پەراوێزخستنی سوودانی و کابینەکەی و هاوکارینەکردنی و داوەتنەکردنی بۆ واشنتۆن. وەک دەزانین دەمێکە سوودانی دەیەوێت سەردانی واشنتۆن بکات بۆ ئەوەی وەک کەمپینێک بێت بۆ پاڵپشتیی ئەمریکا لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی سوودانی؛ بەڵام تا ئێستا ئەمریکا ئامادە نەبووە ئەو پێشوازییەی لێ بکات، چونکە سوودانی لەو پرسە هاوکاریی ئەمریکییەکانی نەکردووە. سوودانی دەیەوێت هەم ئەمریکا هەم لایەنە شیعەکانیش ڕازی بکات بۆ ئەوەی ئەو پرسە لە هەڵبژاردنەکان لێکەوتەی نەرێنیی لەسەر پێگەی سوودانی نەبێت. سوودانی لە ئێستادا لە هەموو کات زیاتر پێویستیی بە هاوکاریی ئەمریکایە و، دەیەوێت ئهم پاڵپشتییە وەک دەستکەوتێک لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بەکار بهێنێت.
سێیەم، سزادانی ئابووری و داراییی عێراق؛ بەتایبەت کە ئەمریکا دەسەڵاتی تەواوی هەیە بەسەر پێدانی دۆلاری کاش بە عێراق. بێجگە لەمەیش دەتوانێت چەند کۆمپانیا و کەسایەتییەک بەهۆی کارکردن بۆ بەرژەوەندیی میلیشیا و هێزە تیرۆریستییەکان سزا بدات. ئەمە لە ڕاستیدا کاریگەریی خێرا و نەرێنیی زۆری لەسەر ئابووریی عێراق دەبێت، تا ئاستی شلەژانی سیاسی و دارایی؛ تا ئاستی ڕووخانی حکوومەتەکەی سوودانی.
چوارەم، پاڵپشتیکردن لە هەرێمی کوردستان و هێزە سوننییەکان و، هەروەها سەدرییەکانیش، بۆ ئەوەی لە دژی تێپەڕاندنی ئەو یاسایە ڕاوەستن. بەتایبەت پێشاندانی پاڵپشتی لە سەدرییەکان (کە ئێستا لە دەرەوەی حکوومەت و پەرلەمانن) ترسی زۆر دەخاتە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و کابینەکەی سوودانی؛ بەتایبەت ئەگەر هەوڵێک هەبێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەلایەن ئەو سێ هێزەوە. چوارچێوەی هەماهەنگی ئەو هەوڵە وەک گۆڕینی پرۆسەی سیاسی و ئاراستەکردنی عێراق بۆ بەرەی سوننە دەبینێت.
پێنجەم، دەکرێت ئەو پێشنیارە بێت کە دەیڤد شینکەر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە لە کابینەی یەکەمی ترەمپ، پێشنیاری کردووە بۆ گوشارخستنە سەر کابینەی سوودانی، ئەگەر ئەو یاسایە تێ پەڕێنن. شینکەر پێشنیار دەکات کە دەکرێت “ئەمریکا بەفەرمی عێراق وەک سپۆنسەری دەوڵەت بۆ تیرۆر دەستنیشان بکات. هەرچەندە ئەمە بژاردەیەکی زۆر توندە و لەوانەیە ئەنجامی پێچەوانەی هەبێت و عێراق زیاتر بخاتە باوەشی ئێرانەوە، بەڵام لەم نێوەندەدا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەتوانێت کۆمپانیای گشتیی موهەندیس و لقوپۆپەکانی کە مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە دەکەن دەستنیشان بکات و سزای ئابووری و دارایییان بەسەردا بسەپێنێت. یانیش ئەمریکا لێپرسینەوە لە هەر گرێبەستێکی دیکە بکات کە لەگەڵ میلیشیاکاندا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.
لێکەوتە و کاریگەرییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان
هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە عێراق، بوونی دامەزراوەیەکی تری سەربازی لەناو دەوڵەتی عێراق، بێ گومان كاریگهریی لهسهر دهبێت، بەتایبەت ئەو لایەنانەی تا ئێستا پڕۆفایلێکی خراپیان هەیە لە دژایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تێکدانی سەقامگیریی هەرێم. بوونی حەشد وەک دامەزراوەیەکی تری سەربازی، وا دەکات ڕۆڵی دامەزراوەکانی تری دەوڵەت، وەک وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ، تهنانهت دامەزراوەکانی تریش لاواز بێت، کە کوردیش تێیدا پشکی خۆی هەیە و بەشێکە لەو دامەزراوانە. ئینجا بەشێکی زۆری پەیوەندی و مامەڵەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق لە ڕێگهی ئەو دامەزراوانەوەیه؛ ئەگەر دامەزراوەکان لە عێراق بێهێز بن و وابەستەی هەرێمییان هەبێت، ئەوە شێوازی مامەڵەکردنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدایش ئەستەم دەبێت. هەوڵێکی لەو جۆرە سەرەتای قۆناغیكی مەترسیدارە بۆ عێراق، کە دەیەوێت کۆنتڕۆڵی بڕیاری سیاسی و سەربازیی عێراق بکات و، هەر کات ویستی دژی وڵاتانی دراوسێ و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەکاری بهێنێت؛ تا دەگاتە ئەو ئاستەی کە عێراق بەتەواوی بخاتە ناو چوارچێوەی بەرەی مقاوەمە. ئەمە وا دەکات ئەمریکا پێداچوونەوەی تەواو به پەیوەندی و هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکانی لەگەڵ عێراقدا بکات. کەمکردنەوەی هاوکاریی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە پڕۆژەیاسای کۆنگرێس لە ١٨٩ ملیۆن دۆلارهوه بۆ ٤٨ ملیۆن بۆ ساڵی ٢٠٢٦، دەکرێت سەرەتای ئەم هەنگاوە بێت؛ کە بەدوایدا “بوودجەی هاوکاریی پێشمەرگە”یش خراوەتە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق. ئەمە بێ گومان کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت، بەتایبەت کە عێراق ئەستەمە بەشی هەرێمی کوردستان بدات. ئەمە بێجگە لەوەی، دوور نییە دامەزراوەی حەشد بە حوکمی پێگەی سیاسی و سەربازی و پاڵپشتیی هەرێمی، دواجار ببێتە دەمڕاستی دەوڵەتی عێراق و، ڕێگر بێت لە ڕێکكەوتن و هەماهەنگییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق.
یەکێک لەو پرسانەی کە حەشد بەئاشکرا دژایەتیی دەکات، بوونی هیزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکایە لە عێراق و هەرێمی کوردستان. بێ شك تا دەسەڵاتی حەشد زیاتر بێت، پێگەی ئەمریکییەکان لاوازتر دەبێت؛ ئەمەیش لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نییە. لە ڕاستیدا بوونی هێزێکی سەربازی بەو شێوەیەی لە پڕۆژەیاساکە داوا کراوە، زیاتر لە خزمەتی گرووپێکی سیاسیدایە- ئەوەی ئێستا لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکانه. ئەم هاوپەیمانییە دەیەوێت لە ڕێگهی ئەو دامەزراوەیەوه کاریگەریی سیاسی و سەربازی و داراییی خۆی بپارێزێت و بۆ دژی هەر هێزیکی تر بەکاری بهێنێت کە جیاواز یان دژ بێت لەگەڵ بەرژەوەندیی ئەو هێزانە.
خاڵێکی تر، وابەستەییی ئەو هێزەیە بە ئێران. بەشێکی زۆریان بەئاشکرا دەڵێن مەرجەعی مەزهەبی و سیاسیی ئێمە “ئایەتوڵڵا خامنەیی”یە. ئەمە وا دەکات ئەم هێزە پارێزەری بەرژەوەندیی ئێران بێت لە عێراق، نەک پرسی پێکەوەژیان و سیستهمی فیدراڵی و هتد. ئەوەی ئەم پڕۆژەیاسایە داوای کردووە، حەشد دهكاته هاوتای هێزێکی سەربازی و سیاسیی سەربەخۆ؛ وەک هێزێک کە ڕێگر بێت لە هەر گۆڕانکاری یان هەڵبەزودابەزی پێگەی هێزە سیاسییەکان لە عێراق- ئینجا ئەمە چ بە هۆکاری کاریگەریی جەماوەری بێت، یان دۆخی سیاسیی ناوچەییی نوێ بێتە کایەوە. ئەمەو چەندان هۆکاری تر وا دەکات بوونی ئەو هێزە، کاریگەری و لێکەوتەی زۆری لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێریش هەبێت.
سەرچاوەکان:
Associated Press. (2025, July 29). Iraq’s prime minister seeks closer US ties while keeping armed groups at bay. ABC News. <<https://abcnews.go.com/International/wireStory/iraqs-prime-minister-seeks-closer-us-ties-keeping-124161929 (ABC News)>>.
Al‑Istrabadi, F. (2025, July). Ex‑Ambassador: US views Iraq through Iran lens, warns of sanctions over PMF. Kurdistan24. <<https://www.kurdistan24.net/en/story/853978/ex-ambassador-us-views-iraq-through-iran-lens-warns-of-sanctions-over-pmf (Kurdistan 24)>>.
Al Jazeera Arabic. (2025, August 4). شركات نفط صينية مستقلة تتوغّل في سوق العراق [Independent Chinese oil firms expand in Iraq’s market]. Al Jazeera e‑Business. <<https://www.aljazeera.net/ebusiness/2025/8/4/independent-chinese-oil-iraq-market>>.
Bilal, W. (2024 Feb 1). Two Tough Scenarios for U.S.-Iraq Relations. Washington Institute. [Arabic policy‑analysis page]. <<https://www.washingtoninstitute.org/ar/policy-analysis/synarywhan-sban-lllaqat-alamrykyt-alraqyt (washingtoninstitute.org, FDD)>>.
Toomey, B. (2025, July 25). US expresses concern over Iraqi legislation enshrining militias as independent security force. FDD’s Long War Journal. <<https://www.longwarjournal.org/archives/2025/07/us-expresses-concern-over-iraqi-legislation-enshrining-militias-as-independent-security-force.php (FDD’s Long War Journal)>>.
Kurdistan24. (2025, August 6). Controversial PMF bill sparks US warnings, Iraqi rejection. Kurdistan24. <<https://www.kurdistan24.net/en/story/856188/controversial-pmf-bill-sparks-us-warnings-iraqi-rejection english.aawsat.com+6kurdistan24.net+6kurdistan24.net+6>>.
U.S. Department of State. (n.d.). Iraq: Issues in the 116th Congress [PDF]. <<https://2009-2017.state.gov/documents/organization/122076.pdf (congress.gov)>>.
Schenker, D. (2025, August 4). If Iraq passes the new PMF law, the U.S. response should be severe [Policy analysis]. The Washington Institute for Near East Policy. <<https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/if-iraq-passes-new-pmf-law-us-response-should-be-severe washingtoninstitute.org+6washingtoninstitute.org+6washingtoninstitute.org+6>>.
Zsuba, J. (2025, August 5) Senate defense spending bill would restrict US troop drawdown from Syria. Al-monitor. <https://www.al-monitor.com/originals/2025/08/senate-defense-spending-bill-would-restrict-us-troop-drawdown-syria>.