دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆبوونەوەی لووتکەی ترەمپ و پوتین لە ئالاسکا بەڕێوەدەچێت

هەرێم نیوز
 
کۆشکی سەرۆكایەتی ڕووسیا- کریملن بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی لوتکەى نێوان پوتن و ترەمپ کاتژمێر ١٠:٣٠  خولەكی ئەمڕۆ بەکاتی مۆسکۆ لە ئالاسکا بەڕێوەدەچێت، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش چارەسەری قەیرانی ئۆكراین دەبێت.

هەردوولا بڕیارە لە بنکەی هێزی ئاسمانی ئێلمندۆرف-ریچاردسۆن لە ئەنکۆراج باس لە ئاگربەست لە ئۆکرانیا بکەن.

دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، ئەمە یەکەم دیداری سەرۆکەکانی ئەمریکا و ڕووسیایە.

دۆناڵد ترەمپ لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا چەندین جار ڕایگەیاندبوو کە بە خێرایی کۆتایی بە شەڕی ئۆکرانیا دەهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە مردنی هەزاران کەس لە هەردوولا.بەڵام حەوت مانگی ڕابردوو نیشانی دا کە ناخی ڤلادیمێر پوتین سەرسەختترە لە ڕووخسارەوە هێورەکەی.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆشکی سپی هەوڵی داوە چاوەڕوانییەکان بۆ ئەو کۆبوونەوەیە کەم بکاتەوە و تەنیا وەک دەرفەتێک بۆ هەردوولا بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا وێنا دەکات.

ترەمپ باسی لەوەش کرد کە لە ئالاسکا هەردوولا ڕووبەڕوو قسە دەکەن سەبارەت بە ئەگەری ئاگربەست و ئەگەر دانوستانەکان ئەرێنی بن ئەوا لە کۆبوونەوەیەکی تردا لەگەڵ ئۆکرانیا دانوستان لەسەر مەرجەکانی ئاشتی دەکرێت.

ترەمپ دەڵێت: ئەگەرێکی زۆر هەیە کۆبوونەوەی دووەممان هەبێت کە بەرهەمدارتر بێت لە کۆبوونەوەی یەکەم، چونکە لە یەکەم کۆبوونەوەدا دەمەوێت لەوە تێبگەم کە لە کوێین و چی دەکەین.

لێدوانەکانی ترەمپ هەفتەی ڕابردوو سەبارەت بە پێویستی پێدانی ئیمتیازاتی خاک و لکاندنی بەشێک لە ئۆکرانیا بە ڕووسیا، کیێڤ و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی تووشی شۆک کردووە.

ئەوان ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ ترەمپ ڕێککەوتن کە هیچ ئاڵوگۆڕی زەوییەک تاوتوێ ناکرێت پێش ئەوەی ڕووسیا ڕازی بێت بە ئاگربەست.

لە دیدارەکەدا، ترەمپ وتی ئەولەوییەتی ئەو بەدیهێنانی ئاگربەستە لە ئۆکرانیا پێش ئەوەی هەر دانوستانێکی ئاشتی دەستپێبکات.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی نیگەرانە لەوەی کە ئامادەنەبوونی لە لوتکەی ئالاسکا ئۆکرانیا لە دۆخێکی سەختدا بەجێبهێڵێت.

یادەوەری یەکەم دیداری زێلێنسکی لەگەڵ ترەمپ لە کۆشکی سپی هێشتا تازەیە، کاتێک لەبەردەم کامێرای ڕۆژنامەنووساندا ڕەخنەی لێگرت بەهۆی ئەوەی ڕەتیکردەوە ئیمتیازات بە ڕووسیا بدات لە بەرامبەر ئاشتیدا.

جۆن بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ترەمپ لە خولی یەکەمیدا، پێی وایە ئامادەنەبوونی زێلێنسکی لە لوتکەی ئالاسکا لە بەرژەوەندی پوتیندایە.

دەڵێت "ئەم کۆبوونەوەیە بە دڵنیاییەوە هاوتەریبە لەگەڵ پلانی پوتین بۆ ئەوەی ئۆکرانیا و ئەوروپییەکان لە دەرەوە بمێننەوە. کۆبوونەوەیەکی یەک بە یەک تەنها لە نێوان ئەو و ترەمپ. بە هۆکاری جیاواز ترەمپ و پوتین نەبوونی ئەوانی دیکە بە خزمەتکردنی مەبەستەکانی خۆیان دەزانن."

دۆناڵد ترەمپ دەڵێت تەنها 25% ئەگەری شکستهێنان هەیە و باسی سەپاندنی سزای زیاتری کردووە.

ئەگەر دانوستانەگان سەرکەوتوو نەبن، ترەمپ دەڵێت: دەرئەنجامی بۆ ڕووسیا دەبێت. "پێویست ناکات بیڵێم، زۆر توند دەبێت."

بەڵام بەرپرسانی حکومەتی ڕووسیا پێش گفتوگۆکان پێداگریان کردووە کە هەڵوێستیان لەبارەی ئۆکرانیا نەگۆڕاوە.

مۆسکۆ دەیەوێت بەشێکی داگیرکراوی خاکی ئۆکرانیا بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و لە ئێستادا لەژێر توندترین سزاکانی ڕۆژئاواوە لە ئۆکرانیا پێشڕەوی دەکات.

بەبێ گوێدانە دەرئەنجامی لوتکەی ئەلاسکا، کۆبوونەوەکە بۆ هەردوولا گرنگە. تەنها هەفتەیەک دوای ئەوەی ترەمپ سەرکردەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجانی هێنایە کۆشکی سپی، ئێستا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی هەوڵی وەستاندنی شەڕی ئۆکرانیا بدات. دەیەوێت وەک سەرۆکی ئاشتی سەیر بکرێت.

هەروەها ڤلادیمێر پوتین دوای چوار ساڵ لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەتەوە و لە گۆشەگیری دەرچووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP