هەرێم نیوز
سەبارەت بە ئەگەری هێرشی سەربازیی دیکەی ئیسرائیل، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران وتی، "وەک شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و خاوەنی ئەزموونی 40 ساڵ لەم بوارەدا، پێموانییە شەڕ لە ئارادا بێت. بەڵام ئەوانەی بەرپرسیارن لە شەڕ و هێزە چەکدارەکان و حکومەتیش نابێت پشت قسەی من ببەستن".
سەبارەت بە ئەگەری هێرشێکی دیکەی سەربازیی ئیسرائیل، عەباس عێراقچی ئاماژەی بەوەدا کە ئەم پرسیارە لە هەموو بازنەکانی ئێراندا ورووژێنراوە، لە گرووپە بنەماڵەییەکانەوە تا خەڵکی زانستی و ئەکادیمی و ئاسایی و کۆمەڵگا بێباک نییە بەم پرسە.
ئاماژەی بەوەشکرد: "دەبێت وریا بین کە کەشێکی شەڕ دروست نەکەین. نابێت ڕێگە بدەین بیروڕای گشتی بەردەوام بە دڵەڕاوکێ و نیگەرانیمان بهێڵێتەوە. پێش شەڕی 12 ڕۆژە، خۆم هەستم هەبوو کە شەڕ دەتوانێت بە هۆی بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە نزیک بێت، بەڵام ئێستا ئەو هەستەم نییە".
عێراقچی وتی: دەبێت وەڵامێکی دروست بۆ ئەم پرسیارە بدرێتەوە بە خەڵک، بۆ ئەوەی هەست بە ترس و دڵەڕاوکێ نەکەن، هەڵبەت هەست بە بێخەمی یەکجاریش نەکەن، بەوپێیەی ئەگەری شەڕ هەمیشە بۆ هەموو وڵاتێک بوونی هەیە.