هەرێم نیوز
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە ناکۆکییەکانی بەرنامەی ئەتۆمییەکەی ئێران و ئاگربەستی لاوازی نێوان ئیسرائیل و ئێران کردووە و، بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئێرانی ڕایگەیاندووە، ئێستا حکومەتی ئێران دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیی دەیان ساڵە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە تاکە ڕێگە بۆ دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی ململانێ و مەترسیی وجودیی خۆی دەزانێت.
ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی سیاسییەوە ڕایگەیاندووە کە عەلی خامنەیی ئێستا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە "ئەوان بەهای شەڕی سەربازییان بینیوە" و مەیلی بەرەو دانوستان هەیە.
ڕۆیتەرز لە درێژەدا بە پشت بەستن بە دیپلۆماتکارێکی ڕۆژئاوایی ڕایگەیاندووە کە “حکومەتی ئێران هەرگیز لەوە لاوازتر نەبووە، لە ناوخۆدا ناڕازیبوون لە شەڕ و گۆشەگیری و خراپ بەڕێوەبردن و کەمیی ئاو و کارەبا لە پەرەسەندندایە و ڕۆژانە بێکارەبایی و قەیرانی دابینکردنی ئاو گوشارەکانی سەر کاروکاسبییەکان توندتر کردووەتەوە”.
لەگەڵ ئەم دۆخە ناهەموارەی ئێران، وڵاتانی ئەوروپی لایەنی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ش هەڕەشەی گەڕاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران دەکەن ئەگەر لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا ئێران لەسەر پرسی ئەتۆمی نەگاتە ڕێککەوتن لەگەڵیاندا.
پێشتریش بەرپرسێکی باڵای ئێرانیش بە تەلەگرافی وتبوو: حکومەتی ئێران نە توانای دارایی هەیە و نە توانای سەربازی، تاوەکو بەرگەی گەڕانەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بگرێت، ئەم دۆخە خەڵک دەگەڕێنێتەوە سەر شەقام و ڕەنگە ئەمجارە شتەکان جیاواز بن.