دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

دۆناڵد ترەمپ هۆشداری توند بە ڕووسیا دەدات

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە هەڕەشەی لە ڕووسیا کرد بەوەی ئەگەر ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا ڕێگری لە هەوڵەکانی ئاشتی لە ئۆکرانیا بکات، ئەوا دەرئەنجامی خراپی بۆ ئەو وڵاتە دەبێت.

بڕیارە ڕۆژی هەینی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین کۆببێتەوە و تاوتوێی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا بکات.

ترەمپ ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پوتین ڕۆژی هەینی لە ئەلاسکا، ڕەنگە بەخێرایی کۆبوونەوەیەکی دیکە لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا بەدوای خۆیدا بهێنێت.

ترەمپ لە لێدوانەکانی ڕۆژی چوارشەممەدا ئاماژەی بەوە نەکرد کە ئەو دەرئەنجامانە چین، بەڵام پێشتر هۆشداری دابوو کە ئەگەر دانوستانەکانی ئەلاسکا بێ ئەنجام بێت، سزای ئابووری بەسەر ڕووسیادا ئەگەری هەیە.

لە دیدارێکی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی چوارشەممە، سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا و ئۆکرانیا جەختیان لەسەر پێویستی بەشداری ڕاستەوخۆی کیێڤ لە هەر دانوستانێک سەبارەت بە ئاگربەست یان پرسەکانی خاکی لەگەڵ ڕووسیا کردەوە.

لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ و کەشوهەوای دوای دیدارەکەی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوروپا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، دەتوانێت هیوابەخش بێت بۆ کیێڤ، بەتایبەتی دوای ئەو نیگەرانییانەی هاتنە ئاراوە لەبارەی ئەوەی سەردانەکەی ئەلاسکا لە کۆتاییدا دەتوانێت زیانبەخش بێت بۆ ئۆکرانیا و ببێتە هۆی دابەشکردنی خاکەکەی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP