دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

عێراقچی: دەکرێت لە هەر کاتێکدا جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەستپێبکاتەوە

هەرێم نیوز 

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئیسرائیل بەبێ هیچ مەرجێک هێرشەکانی ڕاگرت و ئێمەش هێرشەکانمان ڕاگرت، دەشڵێت، هەموو شتێک دەکرێت دەست پێبکاتەوە. 

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە نوێترین لێدوانیدا لەبارەی جەنگی 12 رۆژەیان لەگەڵ ئیسرائیل و وەسانی جەنگەکە رایگەیاند، هیچ ڕێککەوتنێکی ئاگربەست بوونی نییە، هەموو شتێک دەکرێت دەست پێ بکرێتەوە.

عێراقچی دەڵێت، ئیسرائیل بەبێ هیچ مەرجێک هێرشەکانی ڕاگرت و ئێمەش هێرشەکانمان ڕاگرت.

جەختیشیکردەوە، ئیسرائیل دەتوانێت دەست پێ بکاتەوە، ئێمەش دەتوانین دەست پێ بکەینەوە. 

وتیشی، ئاگربەستی فەرمی نییە و هەموو شتێک مومکینە و ئەوە تەنیا ئێران نییە کە دەبێ نیگەران بێت.

ئەم لێدوانانەی عێراقچی لەکاتێکدایە، کەناڵی 12ی ئیسڕائیل لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی بۆچوونی زۆرێک لە شارەزایانی کاروباری ئێران لەو وڵاتە، سەرەڕای ئاگربەست لە شەڕی ئیسرائیل و ئێران، هەردوو وڵات لە ئێستاوە سەرنجیان لەسەر خولی داهاتووی شەڕەکەیە؛ بەپێی شارەزایانی ئیسرائیل ڕەنگە زووتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا ڕووبدات.

بە پێی ڕاپۆرتەکە، لە حاڵێکدا کە ئێران سەرنجی لەسەر بنیاتنانەوەی سیستمە مووشەکی و بەرگرییە زیانلێکەوتووەکانی خۆی دایە و مەترسییەکانی "هێرشی پێشوەختە"ی تاران بۆ سەر ئیسرائیلیش جێگای نیگەرانییە، ئیسرائیل لای خۆیەوە لە ئێستاوە باس لە دووبارەکردنەوەی هێرش بۆ سەر ئێران دەکات ئەگەر ئێران دەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکاتەوە و پێداویستییە سەربازییەکانی بۆ دابین دەکات.

ئیسرائیل بەرهەمهێنانی خێرای ژمارەیەکی زۆر لە مووشەکی بەرگری ئاسمانی بۆ سیستەمە بەرگرییەکەی خستۆتە کارنامەی خۆیەوە.

ڕاپۆرتی کەناڵی 12ی ئیسرائیل باس لەوە دەکات کە سەرکەوتنی سەربازیی ئەم دواییەی ئیسرائیل لە دژی ئێران هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ داهاتوو و هەرچەندە ئیسرائیل دەتوانێت لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییەی لە ئێران ڕازی بێت، بەڵام دەزانێت دەبێت بە هۆشیاری بمێنێتەوە.

فەرماندەیەکی پێشووی بەرگری ئاسمانی لە هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە شێوەیەکی کاریگەر هەندێک لە نهێنییەکانی خۆی بۆ دوژمن ئاشکرا کرد لە شەڕی ئەم دواییەدا، چ لە گۆڕەپانی بەرگری و چ لە گۆڕەپانی هێرشبەریدا.

هەروەها سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، بە تۆڕەکەی ڕاگەیاندووە کە ئیسرائیل دەبێت بەردەوام بە شێوەیەک مامەڵە بکات کە ئێران لە دەرفەتی فێربوون لە شەڕی ئەم دواییە بێبەش بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP