هەرێم نیوز
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، بۆ یەکەمجار لە دوای کەوتنە بواری جێبەجێکردنی ئاگربەستەوە لە دو هەفتەی ڕابردودا، دو کەس لە ئەنجامی پێکدادانەکانی پارێزگای سوەیدا لە باشوری سوریا کوژران كە یەكێكیان هاوڵاتیەكی پارێزگاكەیە و ئەوەی دیكە ئەندامی هێزە ئەمنەیەكانە.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردەوە، دو کەسی لە سوەیدا كوژراون كە "یەکێکیان خەڵکی سوەیدایە و ئەوی دیکەیان ئەندامی ئاسایشی گشتییە" لە ئەنجامی پێکدادانەکان لە گوندەواری ڕۆژئاوای پارێزگاکە.
ئاماژەی بەوەشكرد، کە "پێکدادانەکان لەسەر میحوەری شارۆچکەی ئەلسەعلە نوێبونەتەوە، دوای بۆردومانی ناوچەکە بە موشەک و چەکی قورس لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەتەوە، دواتر دەنگی تەقینەوە و دەنگی تەقەکردن لە ناوچە جیاجیاکانی شاری سوەیدا بیستراوە".
کەناڵی فەرمی هەواڵی سوریا "ئەلئیخباریە" بڵاویکردەوە کە گروپە چەکدارەکان هێرشیان کردوەتە سەر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە سوەیدا و لە ئەنجامدا "ئەندامێکی" ئاسایش کوژراوە و چەند کەسێکی دیکەش برینداربون.
هەروەها دەڵێت، "گروپە چەکدارەکان چەندین گوندیان لە پارێزگای باشور کە توندوتیژی تێدا ڕویداوە، موشەکباران کردوە". کەناڵەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیەوە بڵاویکردەوە کە گروپە چەکدارەکان ئاگربەستیان لە ناوچەکە کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی دروزن، پێشێلکردوە.
بەگوێرەی كەناڵە سورییەكە، "گروپە یاساشکێنەکان ڕێککەوتنی ئاگربەست لە سوەیدا پێشێل دەکەن و هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و چەندین گوند لە گوندەوارەکانی پارێزگاکە بۆردومان دەکەن".
ئەوە لەكاتێكدایە 13 تەمموزدا، توندوتیژی لە سوەیدا لە نێوان چەکدارانی بەدەوی و دروزەکاندا سەریهەڵدا. هێزەکانی حکومەت بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە بڵاوکرانەوە، بەڵام توندوتیژییەکان پەرەیانسەند، لە کاتێکدا ئیسرائیل هێرشیکردە سەر هێزەکانی سوریا و ڕایگەیاند، ئامانجیان پشتگیریکردنی دروزەکانە.
ئاگربەستێک بە نێوەندگیری ئەمریکا کۆتایی بە شەڕێک هێنا کە نزیکەی هەفتەیەکی خایاند و لە شاری سوەیدا و شارۆچکەکانی دەوروبەریدا بە توندی بەردەوام بو. سوریا ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لە پێکدادانەکان دەکات و لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکان پێکهێناوە.