هەرێم نیوز
قائانی دەڵێت،"ئێران هەر کردەوەیەکی تاکلایەنە لەلایەن گروپەكانەوە رەتدەكاتەوە".
سەرچاوە سیاسییەکانی نزیک لە گروپە چەکدارەکانی عێراق ئاشكرایانكردووە: دوێنێ یەک شەممە، ژەنەراڵ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەفی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، سەردانی عێراقی کردووەو، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەی هێزە سیاسییەكان و سەرۆکردە دیارەكانی گروپە چەكدارەكان کۆبووەتەوەوە.
رۆژنامەی "العربي الجدید" بڵاویكردووەتەوە: قائانی سەردانی شاری موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوایشی کردووە، لەگەڵ بەشێک لە سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی سەر بە حەشدی شەعبی و گروپە چەکدارەکان کۆبووەتەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەكی نزیك لە میلیشیای "نوخەبا"، سەردانەکە تەنها چەند کاتژمێرێکی خایاندووەو، قائانی پەیامی رەتکردنەوەی روبەڕوبونەوەی دەوڵەتی لەلایەن هەندێک لەگروپەكانەوە لەگەڵ خۆی هێناوە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، قائانی جەختی لە پشتیوانی تاران كردووەتەوە لە سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و رەتکردنەوەی هەر کردەوەیەکی تاکلایەنە لەلایەن گروپەكانەوە دووپاتکردەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ دۆسییەی هێرشى فڕۆکە بێفڕۆکەوان، کە بەشێوەیەكی دووبارە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەنە ئامانج.
هاوكات داوای لە هێزە سیاسییەکان کردووە، خۆیان بەدوور بگرن لە خزان بۆ ناو ناکۆکییەکان، کە رەنگە ببێتە هۆی هەرەسهێنانی پەیوەندییەکانی ناو هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی، کە هێزە شیعەکان و نوێنەری گروپەكان لەخۆدەگرێت.