هەرێم نیوز
سەرۆكوەزیرانی عیراق لەبارەی یەكلاییكردنەوەی دۆسیە دارایی و كارگێڕییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات پابەندییە داراییەكانی سەرشانی بەپێی یاسا و دەستور جێبەجێ بكات، بۆئەوەی وەزارەتی دارایی فیدراڵییش بەردەوام بێت لە ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم.
ئەمڕۆ سێشەممە 22-7-2025، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی تایبەتی سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق لە كۆبوونەوەكەدا باسی لە جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە (550)ی ئەنجومەنی وەزیران كرد كە لە كۆبوونەوەی نائاسایی رۆژی 17ی ئەم مانگە دەركراوەو تایبەتە بە چارەسەركردنی دۆسیە دارایی و كارگێڕییەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستانی عیراق.
سودانی وێڕای ستایشكردنی ئەو هەوڵانەی كە بەهۆیەوە دەرچوونی بڕیارەكەی لێكەوتەوە، جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندییە داراییەكانی سەرشانی بەگوێرەی یاسا و دەستوور جێبەجێ بكات، بۆئەوەی دەرفەت لەبەردەم وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ بڕەخسێت لە جێبەجێكردنی ئەركە داراییەكانی بەردەوام بێت.
لێدوانەكەی سەرۆكوەیرانی عیراق لەكاتێكدایە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕیاریدا بە رەوانەكردنی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، ئەمەش دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم پشكی بەغدای لە داهاتە نانەوتییەكان رەوانەكرد و ئەو بەشە نەوتەشی رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كرد كە ئێستا لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێندرێت.