هەرێم نیوز
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات رایدەگەیەنێت" لێکتێگەیشتنەکانی نێوان دیمەشق و ئیدارەی رۆژئاوا تاوەکوو ئێستا ڕوون نییە"، دەشڵێت" ئێمە باسی فیدراڵی ناکەین، بەڵکوو زیاتر باسی لامەرکەزییەت دەکەین".
ئەمڕۆ شەممە، شێخ ڕیاز دەرار، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات بە ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکوومەتی دیمەشق هیچ ڕێککەوتنێکی بەرهەم نەهێنا، تەنیا لێکگەیشتنێک هەبوو بۆ بەردەوامبوون لە گفتوگۆ و کۆبوونەوەکان.
ئاماژەی بەوەشداوە. تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ سوپای سووریا بڕیارێکە پێویستی بە ڕوونکردنەوە هەیە، سەرەتا لەسەر سروشتی پێکهاتەی سیستەمی سەربازیی، ئەو پێی وا بوو، کە هەسەدە دەتوانێت بیر لە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی ئێستا بکاتەوە لەسەر میکانیزمی بنیاتنانی سوپا و بۆ چ ئامانجێک، چونکە سوپای سووریا دەبێت نیشتمانی بێت، کە تێیدا هەمووان بەبێ جیاوازی بەشداری بکەن لەسەر بنەمای لێهاتوویی، نەک دڵسۆزی بۆ لایەنێک.
سەبارەت بە لێدوانەکەی تۆم باراک، نوێنەری ئەمەریکا بۆ سووریا، کە گوتبووی فیدراڵی بۆ سووریا نابێت، دەرار وتی" ئەو بە دیدگاکانی بۆ داهاتووی سووریا و فیدراڵی بە نەگونجاو دەزانێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە باسی فیدراڵی ناکەین، بەڵکوو زیاتر باسی لامەرکەزییەت دەکەین، چونکە بە مانای ئەوە دێت کە ناوچەکان خۆیان ئیدارەی خۆیان بکەن، ئێمە دەزانین کە دامەزراوە هەیە کە تەنیا دەبێت مەرکەزی بێت، وەک وەزارەتەکانی بەرگری، کاروباری دەرەوە، دارایی چەندانی دیکە، بەڵام سەبارەت بە پەروەردە، کشتوکاڵ، و دامەزراوە و وەزارەتەکانی دیکە، ئەمە شتێکە کە دەتوانرێت لەناو ئەو پرۆژانەدا جێگیر بکرێت کە لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبردن بنیات نراوە".
باسی لەوەش کرد، گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە لێکگەیشتن، هەروەها ئەو قوربانیدانەی لە پێناو بەرژەوەندی سوورییەکان و هەڕەشەکانی داعش و تیرۆر دراوە، بێهوودە نابێت، دەشڵێت: ئێمە توانای بەرگریکردنمان هەیە.
ئەوەش لە کاتێدایە رۆژی رابردوو تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە واشنتۆن دژی فیدراڵی یا خود سەربەخۆییە لە سوریا وتیشی ئەمریکا بەو رادەیە قەرزداری هەسەدە نییە کە پشتگیری لە سەربەخۆیی کورد بکات.