هەرێم نیوز
ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، کە رێگە لە ئێران دەگرێت دەستیبگات بە کەرەستەکانی پیشەسازی بەرگری.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سزایان بەسەر کەسایەتییەک و هەشت رێکخراودا سەپاندبووە، بەهۆی تێوەگلانیان لە بەدەستخستن و گواستنەوەی ئەو ئامێرە هەستیارانەی بۆ پیشەسازیی بەرگریی ئێران بەکاردێن، بەبێ ئەوەی شێوازی سزاکان دیاریبکات.
سکۆت بیسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە، واشنتن پێداگرە لەسەر رێگریکردن لە هەر هەوڵێکی ئێران بۆ دەستڕاگەیشتنی بە تەکنەلۆجیا و ئەو کەرەستە و پێکهاتانەی کە هەستیارن و دەتوانرێن بۆ هەردوو چالاکی مەدەنی و سەربازی بەکاربهێنرێن.
ئەوەشیخستەڕو، سزای پەیوەست بە بەرەنگاربونەوەی تیرۆری بەسەر حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێران لە یەمەندا سەپاندوە، بەهۆی بازرگانی و گواستنەوەی نایاسایی نەوتیانەوە.
دەشڵێت، "سزاکان چوار کەس و 12 دامەزراوە و دوو کەشتی بۆ هاوردەکردنی نەوت و کەلوپەلی نایاسایی دیکە بۆ پاڵپشتی حوسییەکان کردوەتە ئامانج".
ئەو سزا نوێیانەی ئەمریکا لەکاتێکدان، جەنگی ئیسرائیل و ئێران پێی ناوەتە هەشتەم رۆژیەوە، هەروەها دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژدا لەبارەی لێدان لە ئێران بڕیاری خۆی دەدات.