هەرێم نیوز
لەگەڵ بەردەوامی شەڕی توندی نێوان ئێران و ئیسرائیل، گروپە چەکدارەکان، لەنێویاندا حزبوڵای لوبنان و میلیشیا عێراقییەکان، بەردەوامن لە خۆبواردن لە چوونە ناو ململانێی نێوان تاران و تەلئەبیب بە ڕاستەوخۆ.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئێستا هەندێک لەو گروپانە سەرنجیان لەسەر بەرژەوەندییە ناوخۆییەکان و بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەکانیانە، چونکە چوونە ناو شەڕێکی بەرفراوان لەگەڵ ئیسرائیل ڕەنگە زیانێکی زۆری بۆ ئەوان هەبێت. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئێستا بەشێک لە میلیشیا عێراقییەکان لە ڕێگەی پیشەسازی نەوتەوە سەروەت و سامان کۆدەکەنەوە و ئامادە نین ئەو قازانجانە لەدەست بدەن و بیخەنە مەترسییەوە.
لە لایەکی دیکەوە شەڕی ئەم دواییەی ئیسرائیل لە دژی حیزبوڵڵا کە بە چڕییەکی زۆرەوە بەڕێوەچوو، هاوپەیمانەکانی ئێرانی خستۆتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، ئەو شەڕە زیرەکی و باڵادەستی سەربازی ئیسرائیلی نیشان دا.
لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوە دیپلۆماسییەکان لە وڵاتانی عەرەبی کە پەیوەندیی بەردەوامیان لەگەڵ حیزبوڵڵادا هەیە، ڕایانگەیاندووە کە ئەو گرووپە گرنگییەکی کەمی بۆ چوونە ناو شەڕێکی نوێ نیشانداوە و لە ئێستادا سەرنجی لەسەر بنیاتنانەوەی توانا دارایی و سەربازییەکانی خۆیەتی.