دواین هەواڵ

عێراق‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

د.لەتیف جەمال ڕەشید و سوودانی: جەخت لە ڕاگرتنی جەنگ و ململانێکان دەکەینەوە

هەرێم نیوز
نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید لەگەڵ محەمەد  شیاع سودانی سەرۆک وەزیر کۆبووەوە.

 ئەمڕۆ چوارشەممە 18-6-2025 نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، بارودۆخی گشتیی عێراق و پێشهاتی ئەمنیی ناوچەکە بە هۆی بەردەوامی دەستدرێژییە ئاشکراکانی ئیسرایل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی ئیقلیمی و جیهانی تاوتوێ کران. 

لەوبارەیەوە هەردولا جەختیانکردەوە لەسەر گرنگی ڕۆڵی کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕاگرتنی دەستدرێژی و سنووردارکردنی فراوانبوونی ململانێکان.
لە کۆبوونەوەکەدا،  رەتکردنەوەی پێشێلکردنی سەروەری وڵات لەلایەن ئیسرایل و مەترسی بۆ سەر ئاسمانی وڵات دووپات کرایەوە. 

هاوکات هەردولا جەختیانکردەوە لە پاڵپشتیی عێراق بۆ هەوڵەکانی حکوومەت بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لەگەڵ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی مافەکانی خۆی، هەروەها هەوڵی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا.

هەر لەو دیدارەدا جەختکرایەوە لەسەر گرنگی یەکڕیزی نێوان هەموو هێزە سیاسییەکان و چالاکیە کۆمەڵایەتیەکان و تەئکیدیشکرایەوە لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە ئاستەنگێک کە ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP