دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

سەرۆکی ئۆکرانیا: ئەنجامی هێرشەكەمان بۆ سەر ڕوسیا تەواو سەرنجڕاكێشە

هەرێم نیوز

سەرۆکی ئۆکرانیا ستایشی ئەنجامە "سەرنجڕاکێشەکانی" هێرشی  هێزەکانی وڵاتەكەی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر فڕۆکەخانە سەربازییەکانی ڕوسیا کرد، كە بە وتەی بەرپرسانی سەربازی ئۆكرانیا 41 فڕۆكەی سەربازی ڕوسیایان بە ئامانجگرتوە و زیانی زیاتر حەوت ملیار دۆلاریان بەو وڵاتە گەیاندوە.

ڤۆلۆدیمێر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە پەیامێكدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاویكردەوە، "ئەمە دور مەوداترین ئۆپەراسیۆنی ئێمەیە تا ئێستا" و ئەنجامەکانی بە "بەتەواوی سەرنجڕاکێش" وەسفکرد.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو گروپانەی كە کە بەشدارییان لە هێرشەکەدا کردوە لە کاتی خۆیدا لە خاکی ڕوسیایان بەجێهێشتوە، هەروەها لە دەستپێکردنی پلاندانانەوە تا جێبەجێکردنی ڕاستەقینە ساڵێک و شەش مانگ و نۆ ڕۆژ خایاندوە.

سەرۆكی ئۆكرانیا باسی لەوەشكرد، بێگومان لەم ساتەدا هەمو شتێک ناتوانرێت ئاشکرا بکرێت، بەڵام ئەوانە کردەوەی ئۆکراینین کە بێ گومان لە کتێبەکانی مێژودا دەمێننەوە و ئۆكرانیا بەرگری لە خۆی دەکات و ئەوە مافی خۆیەتی، هەمو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی ڕوسیا هەست بە پێویستی كۆتایهێنان بەو جەنگە بكات.

ئەوە لەكاتێكدایە بەرپرسێکی حکومەتی ئۆکرانیا ڕۆژی یەکشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، ئۆکرانیا پێشوەختە ئەمریکای لە هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکە ئاسمانییەکانی ڕوسیا ئاگادار نەکردوەتەوە .

دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکانی سەر چوار بنکە لە ئەستۆ گرت و بەرپرسێکی ئەمنیش ڕایگەیاند کە هێرشەکان بە کۆی گشتی 41 فڕۆکەی جەنگی ڕوسیای بە ئامانج گرتوە.

بەگوێرەی ئاژانس فرانس پرێس، ئۆکرانیا تێچوی زیانەکانی فڕۆکە سەربازییەکانی ڕوسیا بە حەوت ملیار دۆلار مەزەندە دەکات.

ڕوسیا ڕۆژی یەکشەممە پشتڕاستیکردەوە کە ژمارەیەک لە فڕۆکە سەربازییەکانی لە ئەنجامی هێرشێکی بەرفراوانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیا "گڕیان گرتوە" و ئاماژەی بەوەدا کە گومانلێکراوەکانی پەیوەندیدار بەو هێرشەوە دەستگیرکراون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP