دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

ترەمپ بۆ ئێران: ڕێگە بە پیداندنی یۆرانیۆم نادەین

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، ئەو پرۆژە رێککەوتنەی کە لە نێوان ئەمریکا و ئێران دانوستانی لەسەر دەكرێت، بەهیچ جۆرێك رێگە نادات بە تاران پیتاندنی یۆرانیۆم ئەنجام بدات.

ترەمپ، لە سەكۆی " تروس سۆشیال" نوسیویەتی: "بەگوێرەی رێککەوتنە گریمانە كراوەكەمان، رێگە بە هیچ پیتاندنێكی یۆرانیۆم نادەین!"ئەم پەیامە یەكلاكەرەوەیەی ترەمپ، دوای ئەوە دێت، ماڵپەڕی هەواڵی "ئاکسیۆس" بڵاویکردەوە: دوایین پێشنیازی واشنتۆن کە رۆژی شەممە پێشکەشی تاران کردووە، رێگە بە ئێرانییەکان دەدات پیتاندنی یۆرانیۆمی سنووردار ئەنجام بدەن، ئەمەش پرسێكە کە ئیدارەی ترەمپ پێشتر رەتیکردووەتەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی " فرانس پرێس" ئەم پرسە، بەربەستی سەرەکییە لە دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان تاران و واشنتۆن.

ئەو لەكاتێكدایە، دوێنێ‌، تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانەوە بڵاویكردەوە: پێشنیازی رێککەوتنی نوێی ئەتۆمی، کە بەم دواییانە لە رێگەی نێوەندگرانەوە پێشکەشی تاران کراوە، ناواقیعیە.بەوتەی ئەو بەرپرسە، ئەو دەقەی كە تاران بە دەستی گەیشتووە، به روونی دژایەتی دوایین رێککەوتن دەكات، که له میانی خولی پێنجەمی دانوستانه کاندا پێیگەیشتوون.

جەختیشی لەسەر هەڵوێستی پتەوی تاران كردووەتەوە له بارەی پرسی پیتاندن، بەوپێیەی هێڵی سورە بەلایانەوە.

کەناڵی "سی ئێن ئێن" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە رایگەیاندووە: ئەو گڕوتینەی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە قۆناغی یەکەمدا بەخۆیەوە بینی، کە ئامانج لێی گەیشتنە بە رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی، لە داڕمان نزیک بووەتەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوێنێ‌ لە سەردانەکەیدا بۆ قاهیرە رایگەیاند: ئەگەر ئامانج لە دانوستانەكان بێبەشکردنی ئێران بێت لە چالاکییە ئاشتیخوازەکانی، ئەوا بە دڵنیاییەوە هیچ رێککەوتنێک ئەنجامنادرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP