هەرێم نیوز
دوێنێ بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا ، پشتڕاستیکردەوە وڵاتەکەی ئەو گروپانە لە غەززە چەکدار دەکات کە دژایەتی حەماس دەکەن. ئەمەش ناکۆکی لەناوخۆی ئیسرائیلدا دروست کردووە و حەماسیش دەڵێت دژی ئەو گرووپە هەنگاومان گرتووەتەبەر.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت:" پێدانی چەک بە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی حەماس لە غەززە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کوژرانی سەربازانی ئیسرائیلە و ئەمە ژیانی سەربازەکانمان ڕزگار دەکات".
بەپێی هەواڵی میدیا ئیسرائیلییەکان، نەتانیاهۆ چەکی بۆ گرووپێک بە سەرۆکایەتی یاسر ئەبو شەباب لە شاری ڕەفەحی باشووری غەززە دابین کردووە.
ئەو گرووپە کە هەندێک بە میلیشیا یان باندێکی تاوانکاری دەزانن، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بارهەڵگرەکانی هاوکاری [بۆ خەڵکی غەززە] دەپارێزن. بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن ئەو گرووپە خۆی ئەو بارانە تاڵان دەکات.
سەرچاوەکان لە سوپای ئیسرئیلەوە پتشڕاستیان کردووەتەوە، کە چەکی وەک کڵاشینکۆف کە لە حەماسەوە گیراون دراوە بەم گرووپە.
ئەڤیگدۆر لیبەرمان، سەرۆکی پارتی بەیتنو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی کان تیڤی، ئەو هەنگاوەی بە "مەترسیدار" ناوبرد و ڕایگەیاند، نەتانیاهۆ بەبێ ڕەزامەندی کابینەی حکومەت چەکی بۆ گروپێکی پەیوەندیدار بە داعش دابینکردووە. هەروەها یائیر گۆلان، سەرۆکی پارتی دیموکرات لەتۆڕی ئێکس نووسیویەتی: "ناتانیاهو هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، لەبری ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن و بارمتەکان بگەڕێنێتەوە ماڵەوە و دڵنیابوون لە سەلامەتی هاووڵاتیانی ئیسرائیل، بۆمبێکی کاتیی نوێ لە غەززە هەڵدەکات".
یاسر ئەبو شەباب بانگەشەی وەرگرتنی چەک لە ئیسرائیل ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، چەکەکانی گروپەکەی "سادە و کۆنن" و لە ڕێگەی خەڵکەوە بەدەستیان هێناوە.
سەرچاوەکانی بزووتنەوەی حەماس ڕایانگەیاند، باڵی سەربازیی ئەو گرووپە ئۆپەراسیۆنێکیان لە دژی ئەو گروپە دەستپێکردووە.
نووسینگەی بنیامین ناتانیاهو هەروەها ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل "لە ڕێگەی شێوازی جۆراوجۆرەوە کاردەکات بۆ شکستپێهێنانی حەماس، لەسەر بنەمای ڕاسپاردەکانی سەرجەم سەرۆکی دەزگا ئەمنییەکان".
ئەمەش لەکاتێکدایە ناکۆکییە سیاسییەکانی ئیسرائیل لەسەر شەڕی غەززە و دانوستانەکانی ئازادکردنی بارمتەکان توندتر بوون و ئەم هەنگاوەی ناتانیاهو ڕەخنەی ناوخۆیی و دەرەکی زیاتر دەکات.