هەرێم نیوز
ململانێ سیاسییەکان لە عێراق زۆرجار گەشتووەتە ئێسقان شکاندنی یەکتریی و لەو بیردۆزەیە تێپەریکرددووە کە دەڵێت : دۆستەکانت ئەگەر گۆشتتیشت بخۆن ئێسقانەکانت دوور فڕێنادەن، بەڵام مێژووى ئەم وڵاتە شتێکى دیکە دەڵێت، ئەوە ململانێکانى نێوان پێکهاتەکان خۆیان و ئەوەش مێژووى چەند ساڵەى پارت و میلشیاکان، بەڵام ئەوەى بەلاى ئێمەوە گرنگە پەیوەندییەکانى نێوان کورد و ناوەندە.
بانێکەو دوو هەوا:
کورد و شیعە لە یەک مانگدا لەدژى بەعس راپەڕین، لە کوردستان راپەڕینى 1991 سەریگرت و لە ناوەڕاست و باشوورە سەرى نەگرت، ژمارەیەکى زۆر لە خەڵکی ئەو شوێنانە بەناچاریی ئاوارە بوون و چوونە پاێزگاى "رەفحا"ـى عەرەبستانى سعودییە، دواى 2003 و گۆڕانکارییەکانى عێراق، بەڵام هەموو دەسەڵاتى خۆیان خستەکار و سەروو مووچەى یەک ملیۆنییان لە بوجەى گشتى بۆ هەر کەسێک بڕییەوە کە تەشریفیان بردە سعودییە( هەر کەسێک نەک هەر خێزانێک)، بەڵام بۆ ئاوارەکانى دەستى بەعس نەک هەر هیچیان نەکرد بەڵکو بۆ ئەنفال و کیمیاباران و دۆسییەکانى تری جینۆسایدیش داوایەکى لێبوردنیان نەکرد و یەک کەس مووچەى ئاوارەیی بۆ نەبڕایەوە، ئەمە وایکرد کورد لەوە تێبگات سیاسییەکانى عەرەب "دەسەڵاتدارەکانیان" لەگەڵ روداوەکاندا سیاسەتى "بانێکە و دوو هەوار" پەیڕەو دەکەن.
یارى مووچەو فشارەکانى ناوەند:
پاساوەکانى عێراق بەردەوام بۆ ئەوە بووە کە حکومەتى هەرێمى ئیحراجی بەردەم هاووڵاتیانى خۆی بکات و پێیان بڵێت ئێمە لەوان دڵسۆزترین، بەڵام کاتێک دێتە سەر بوارى فیعلیی دەردەکەوێت باشترینەکانیان لە خراپەکانیان خراپترن، بەو پێیەى بۆ ناوێک یان بۆ گۆڕانکارییەکى بچووک بەجارێک هەرێمى کوردستان دەخەنە دڵەڕاوکێوە، دواجاریش دەردەکەوێت کە پاساوەکان بەوشێوەیە نین و لەسەر بابەتێکى بچووک کێشەیان دروستکردووە، خۆ ئەگەر لێیان بپرسیت بۆ وادەکەن، وەڵامێکى قایلەکەریان پێ نەبووەونییە.
ئەمجارەیان چی بوو؟
بڕیارە هادى عامریی بێتە هەولێر و لەبارەى مووچەى هەرێمى کوردستان و گۆڕانکارییەکانى ناوچەکەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆ بکەن، رەحیم عەبوودی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمەی ئەندام لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، "لەماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا هادی عامری بە یاوەری شاندێک کە نوێنەرایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات دەگاتە هەرێمی کوردستان، لە سەرەتادا لەگەڵ بارزانی و دواتر لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەش لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانە."گوتیشی، "سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی، بەڵێنی دا ئەگەر کۆبوونەوەکە ئەنجامی هەبێت، ئەوا پێش جەژن مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەی قەرز بنێرێت." پرسیارەکە ئەوەیە بۆچى راتان گرت و بۆچى دەینێرن؟
کۆبوونەوەى 43 حیزب لە پیرمام:
دوای ئەوەى لە 28ـى ئایاردا تەیف سامی خۆسەریی بریارى راگرتنى مووچەى هەرێمى کوردستان دا، کێشەو گرفتى گەورەی بەدواى خۆیدا هێناو سەرۆکى پارتى دیموکراتی کوردستانیش داواى لە لایەنەکان کرد لە پیرمام کۆببنەوە، هەرچەندە ژمارەیەک لە حیزب و لایەنەکانى کوردستان بەشدارییان نەکرد و دەیانەویست کۆبوونەوەکە سەرنەگرێت، بەڵام بە ئامادەبوونى 43 حیزب و لایەن کۆبونەوەکە کراو پێکەوە بەیەک هەڵوێست رایانگەیاند ئەم کارە بابەتێکى سیاسییەو پێچەوانەى دەستوورە و دژى ئیرادەى خەڵکی هەرێمى کوردستانە.
پێویستە چارەسەرێکى بنەڕەتى بۆ مووچە بدۆزرێتەوە:
لە راگەیەنراوەکەى حیزبە کوردستانییەکاندا هاتووە پێویستە حکومەتى ناوەند بە ئەرکی خۆی هەستێت، لە کۆبوونەوەى نێوان سەرۆکۆماری عێراق و سەرۆکوەزیرانیش جەخت کرایەوە کە پێویستە چارەسەرێک بۆ کێشەى مووچەى هەرێمى کوردستان بدۆزرێتەوە. چونکە ئەگەر حکومەتى عێراق بەم شێوەیە فشارى ناڕاست و ناپێویست لە هەرێمى کوردستان بکات کاریگەریی خراپ لە سەر پەیوەندییەکان دادەنێت و پێدەچێت لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیش دۆستەکانى کورد بێدەنگ نەبن و تا سەریش کورد تەحەمول نەکات و لەجێگەیەکدا پەیوەندییەکانى بپسێنێت.
سەرەڕاى ئەوەش کە حکومەتى ناوەند فشاری نابەجێ دەکات بەڵام هێشتا لایەنەکان کۆک بوون لەسەر ئەوەى ئەمە لەبەرژەوەندی هیچ لایەک نییە و تەنها رێگە چارەش گفتوگۆ و دانوستانە.