دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

گەلەکۆمەیەکى شەوانە بەڕێوەیە بۆ دوورخستنەوەی شیعەکان لە دەسەڵات

هەرێم نیوز
ماوەى 22 ساڵە شیعەکانى عێراق بەڕاست و چەپدا لە عێراق تەراتێن دەکەن، کێیان بوێت دایدەنێن و کێشیان بوێت شار بەدەری دەکەن، ئەوەى کە لەبەردەمیاندا وەستاوەتەوە کوردە، کوردیش ئەوەندەی پێکرابێت کردوویەتى بەڵام یەکنەگرتوویی ناوخۆیی و بێهەڵوێستى سوننەکان لەبەرامبەر ئەو کەیسەدا وایکردووە کە شیعەکان بەرەو هەڵکشانى زیاتر و پێداگریی زیاتر بڕۆن، دواترینیان بڕینى بەشە بودجە و مووچەى فەرمانبەرانى کوردستانە، ئەوە لە کاتێکدا ئەگەر وەبیرمان بێتەوە لە بنەڕەتدا برینى بەشە بوودجەى کوردستانیش لە کرمى ناوخۆیی بەدەر نەبوو.

شیعەکان لە سەردەمی فەرمانڕەوایی 36 ساڵەى بەعسدا کەمترین پشکیان هەبووە، دواى کورد زۆرترین زەبریان بەرکەوتووە، بەڵام ئەوەى جێگەى تێڕامانە بە لاچوونى رژێمى پێشوو بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى لە 2003ـەوە دەسەڵات و پێگەى شیعەکان بەهێزتر بووەو هەژموونى ئێران لەم وڵاتەدا پەرەى سەندووە و زۆرینەى گۆڕانکارییەکانیش بەیاسایی کراون و لە رێگەى پەرلەمان و حکومەتەوە کراوە، لە دوا گۆڕانکارییدا وابڕیارە 11ـى تشرینى دووەمی ئەمساڵ خولى شەشەمى هەلبژاردنى پەرلەمانى عێراق بەڕێوە بچێت و هەر لە ئێستاشەوە ژمارەیەک لە لایەنەکان تاوتێی هەڵبژاردن دایگرتوون، بە تایبەتى شیعەکان چوون ترسى ئەوەیان هەیە ئەو پێگەیەى ئیستا هەیانە لە دەستى بدەن، گەوەرترین چەکیش بەکارهێنانى میکانیزمە مەزهەبییەکانیانە.

لە دوا پێشهاتدا سەدرەدین قەبانچى پێشنوێژ و وتارخوێنى مزگەوتی نەجەف، کە لە هەمان کاتدا یەکێک لە دامەزرێنەرانى ئەنجومەنى باڵای شۆرشی ئیسلامی لە عێراق دادەنرێت و خاوەنى چەندن توێژینەوەى سیاسی و مەزهەبییە، لە وتارەکەی دوێنێ هەینیدا بەئاشکرا رایگەیاند " خەڵکانێک بەشەو خەریکی گەلەکۆمەن بۆ کارێکی نهێنى " و گوتى دەیانەوێت شیعەکان لە کایەى فەرمانڕەوایی عێراق دووربخەنەوە، رۆژنامەى عەرەبى چاپى لەندەن لە ژمارەى رۆژى 31ـى ئایاری 2025ـدا نوسیویەتى 22 ساڵە شیعەکانی عێراق فەرمانڕەوایی عێراق دەکەن کە پێشتر دوورخرابوونەوە و بەعس رێگربوو لە وەرگرتنى دەسەڵات، وتارخوێنەکەى نەجەف هۆشداریی دەدات لە گۆڕانکارییەکى نوێ و دەڵێت: نوێکردنەوەى کارتى دەنگدان لە پارێزگا سونییەکان لە رۆژئاوا و ناوەڕاستى عێراق و ئەو شوێنانەى کە زۆرینەى دانیشتوانەکەى سونیین بێ بەرنامەو ئاڕاستەکردن نییە و دەیانەوێت لەم هەڵبژارنەى داهاتوودا دەسەڵات لە شیعەکان وەربگرنەوە.

رۆژنامەکە ئاماژەى بە بەدواداچوونى ئەو وتارخوێنە کردووە کە بۆ ئەوەى هەست و هۆشى ئامادەبووانى نوێژى هەینی بوروژێنێت گوتویەتى : ئامارەکان وا نیشاندەدەن لە هیچ شوێنێکى عێراق بە ئەندازەى ناوچە سوننە نشینەکان خەڵک ناچێت بۆ نوێکردنەوەى کارتى دەنگدانەکانیان، ئەمەش ئەوە نیشاندەدات "شەوانە" شتێکیان بەگوێدا چپێنراوە و من پێتان دەڵێم سوونەکان دەیانەوێت شیعە لە دەسەڵات دوور بخەنەوە، رایگەیاند لە دەستوورى عێراقدا هاتووە زۆرینە حوکمی عێراق دەکات، بۆیە داواتان لێدەکەم بچن کارتى دەنگدانەکانتان وەربگرنەوە و هەڵەکانى پێشوو دووبارەمەکەنەوە.

قەبانچى کە بەیەکێک لە وتاربێژە شیعییە ناودارەکان دادەنرێت و بەردەوام وتارەکان پەیوەست دەکاتەوە بە سیاسەت و روداوەکانى رۆژەوە، ئەو لەدایکبووى 1966ـى شارى نەجەفە، لەتەمەنی 12 ساڵییەوە چووەتە حەوزەى عیلمی نەجەف و دەستى بە وانەخوێندن کردووە، لاى موحسن الحکیم، حائیری شیرازیی، محەمەد باقر حەکیم، مەحموود شاهرودی ، محەمەد باقر سەدر، جەوادى تەورێزیی، و چەندانى تر وانەى جۆراوجۆری خوێندووە، خاوەنى دەیان کتێبە لە بوارە جیاجیاکاندا بەتایبەتى لە بواری تەفسیرى قورئانى پیرۆزدا، جگە لەوەى پێشنوێژ و وتارخوێنى مزگەوتى گەورەى نەجەفە ، مامۆستاى حەوزەى عیلمی نەجەفە و بەرپرسی نوسینگەى ئەنجوومەنى باڵاى شۆڕشی ئیسلامی عێراق و دامەزرێنەری زانکۆی "الامام المهدی" نموونەییە بۆ خوێندنى بابەتە ئاینییەکان. وتارەکانى ئەو کاریگەرییان لە سەر راى گشتى شیعەکان هەیە و لە دواى وتاریدا باس لە مەترسی هاتنەوە پێشەوەى سونەکان دەکات و دەڵێت: هەتا ئێمەى پارێزەرانى ئەهلوبەیت هەبین رێگەنادەین بەعسییەکان و دوژمنانى بنەماڵەى پێغەمبەر دەستیان بگاتەوە دەسەڵات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP