دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

بەغدا بەڕوونی وتی مووچە کارتی سیاسییە نەک کێشەی دارایی؛ ئۆپۆزسیۆن چی دەکات؟

هەرێم نیوز

لە کاتێکدا نزیکی جەژنی قوربانە و هاوڵاتیان چاوەڕێی هاتنی مووچەی مانگی پێنج بوون، وەزیری دارایی عێراق ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی ڕاگرت، ئەمجارە ئیتر نەیانتوانی بچووکترین پاساوی تەکنیکی بدۆزنەوە کە چەندین جار بیانوویان پێوەدەگرت بۆ نەناردنی مووچە، ئەمجارە نەناردنی مووچە زۆر بەئاشکرا و بۆ هەموو لایەک ڕوون بوو، کە بڕیارێکی سیاسییە و تەنها تەیف سامی لە پشتەوە نییە، بەڵکو عێراق وەک هەمیشە دژایەتی خەڵک و هەرێمی کوردستان دەکات، قووتی خەڵکی هەرێمیان کردووە بە کارتێکی سیاسی.

لەم کاتەدا کە گرنگترین کاتە بۆ هەڵوێست وەرگرتن و یەکگرتنی لایەنە جیاوازەکانی کوردستان، هەر بەو بۆنەیەش پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەی سەرتاسەری ڕاگەیاند، بەڵام لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان هەریەک بەبیانوویەک ڕەتیان کردەوە ئامادەببن.

هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن جێی تێڕامان بوو، بەتایبەت لە دۆخێکی وەها کە یەکڕیزی گرنگترین هەنگاوە کە دەبێت بنرێت. بەڵام ئۆپۆزسیۆن جگە لە قسەی بەرشاشە و سۆشیال میدیا هیچی دیکەی پێ نەبوو، نەیتوانی بچووکترین هەڵوێست و کاریگەری بنوێنێت. بەڵکو تەنیا لە ڕێی ختووکەدانی خەڵکی بەشخوراوی کوردستان دەیەوێت بەشێوەی پۆپۆلیستانە سۆزی خەڵکی بۆ خۆی ڕادەکێشێت، پێدەچێت بە هاوکاری نەکردن لە گەیشتنە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی، دۆخەکە قورستر دەکات.

ئۆپۆزسیۆن بەردەوام ڕووی ڕەخنەی لە حکومەتی هەرێم بووە، لە کاتێکدا وا دەردەکەوت بیانوو و پاکانە بۆ هەڵوێستەکانی حکومەتی عێراق دژ بە هەرێم باس دەکرا، بەڵام ئێستا ڕوونتر دەردەکەوێت کە بەڕاستی حکومەتی هەرێم هەرچەند نیازپاکی خۆیشی دەربخات، عێراق نایەوێت کوردستان بەگەشەسەندوو ببینێت و مافەکانی پێبدات. شرۆڤەکارانی سیاسی لەوباوەڕەدان، لایەنە عێراقییەکان بەردەوام لە دژی کورد یەکهەڵوێستن، بەردەوام و لەمێژە هەڵوێست و بڕیاری نەیارانەی خۆیان بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەدەن. چونکە دژایەتی عێراق تەنیا مووچە نییە، بەڵکو یەکێک لە گەورەترین دوژمنایەتییەکانیان لە جێبەجێ نەکردنی ماددەی 140 دەردەکەوێت، تەنانەت پێنەدانی زەوی و زاری ئەو خەڵکەی کە زەوییەکانیان لەلایەن حکومەتی پێشووی بەعسەوە زەوت کرابوو، ئەمانە چەندین نموونەن بۆئەوەی دەریبخەن عێراق و میلیشیا شیعەکانی ناوی هەموو کارێک دەکەن بۆ لاوازکردنی کوردستان. بەتایبەت کە ئێستا بۆیان دەرکەوتووە خۆیان ڕوو لەلاوازی و حکومەتی هەرێمیش ڕۆژ بەڕۆژ گەشە دەکات و پاڵپشتی بەهێزی دەرەکی و جیهانی پەیدا کردووە.

ئەو سەردانە زیاتر دەریخست ستراتیژی ئەمەریکا بوونی هەرێمێکی کوردستانی بەهێزە لە چوارچێوەی عێراق، ئەم دیدگایەش لەلایەن سیاسیەکانی عێراقەوە هەزم ناکرێت و پێیان قبوڵ ناکرێت. عێراق داوای دەكرد هەرێمی كوردستان نەوت رادەست بكات و ئەوكاتە پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان رەوانە دەکەن، رێككەوتن كرا و هەرێمی كوردستان بە هەموو مەرجێك رازی بوو، بەڵام تا ئێستا بەغدا پابەندبوونی خۆی بە یاسای بودجە و رێككەوتنەكان پیشان نەداوە. هەموو مانگێك كێشە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دروست دەكات.

هەمیشە لای سیاسییە عێراقییەكان وا باوە كێ زیاتر دژایەتیی هەرێمی كوردستان بكات زیاتر سۆز و سەرنجی خەڵك بۆ لای خۆی رادەكێشێت. بەڵام جێگای سەرسوڕمانە، بۆچی تا ئێستاش خەڵکانێك و چەند لایەنێکی سیاسی لەناوخۆی هەرێمی کوردستان، پەرێزی بەغدا پاک دەکەنەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان خەتابار دەکەن، لە کاتێکدا باش دەزانن ئەوە نیەتی دەسەڵاتدارانی بەغدایە؟



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP