هەرێم نیوز
هەواڵ و ڕاپۆرتی دژبەیەک لە بارەی چارەنووسی دانوستانی ئەتۆمی نێوان ئێران و ئەمریکا بڵاوبووەتەوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئێران بەنیازە پێشنیاری نوێی ئەمریکا بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن ڕەتبکاتەوە، هاوکات ئاژانسی ئەکسیۆس ڕایگەیاندووە، ئەمریکا ڕێگەی بە ئێران داوە بەردەوام بێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم تا ئاستی لەسەدا 3.
کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، خولی داهاتووی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن زۆر نادیارە و ڕەنگە بە هیچ شێوەیەک ئەنجام نەدرێت.
کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی وتی: ئەمریکا پێشنیارێکی "زۆر ورد و قبوڵکراو"ی پێشکەش بە ئێران کردووە و هۆشداریی دا: "ئەگەر ئەم پێشنیازە قبوڵ نەکرێت، ئێران ڕووبەڕووی لێکەوتەی جددی دەبێتەوە، وەک ئەوەی سەرۆک کۆمار چەندین جار جەختی لەسەر کردووەتەوە".
بۆیە هێشتا ناتوانرێت بە دڵنیاییەوە بڵێین ئایا ڕێکەوتنێک لە ڕێگایە یان شکستی دانوستانەکان و پەرەسەندنی گرژییەکان دەبێتە هۆی ململانێی سەربازی. بەڵام ئەگەر ئێران ئەم پێشنیازە ڕەت بکاتەوە چی ڕوودەدات؟ دەرئەنجامەکانی چی دەبێت؟
زلهێزانی ئەوروپا دەستبەکار دەبن
پێشتر و لە ٢٠١٥ ئێران لەگەڵ ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئەوروپی ڕێککەوتنیان کردبوو، وڵاتانی ئەوروپی سزاکانی سەر ئێرانیان هەڵگرت لەبەرامبەر ڕازی کردنی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئاستێکی زۆر نزمدا، بەڵام ئێستا ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە پێشێلکردنی بەڵێنەکانی خۆی و پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئاستی بەرز درێژەپێبدات، ئەوا وڵاتانی ئەوروپی ئەو سزایانە دەگەڕێننەوە و بەسەر ئێرانیدا دەسەپێنن، کە پێشتر بەهۆی ڕێککەوتنەوە لەسەریان هەڵگرتبوو.
ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن، چالاککردنی ئەم سزایانە لە لایەن ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا دەتوانێت جارێکی دیکە بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش لە دژی ئێران زیندوو بکاتەوە. لە ئەگەری شکستی دانوستانەکاندا، یەکەم کاریگەری لە ناوخۆی ئێراندا بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و زێڕ دەبێت، ئەمەش پرسێک کە پێشتر لە بارودۆخی هاوشێوەدا ئەزموون کراوە.
ئاستی سەربازی؟
لە ئاستی سیاسی و سەربازیدا، شکستی دانوستانەکان دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی هەڵوێستی شەڕانیی دۆناڵد ترەمپ. ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە پرسی ئەتۆمی ئێران یان لە ڕێگەی دیپلۆماسی یان بە هێرشی سەربازی چارەسەر دەکرێت. بۆیە شکستی دانوستانەکان دەتوانێت بە مانای هەنگاونان بەرەو بژاردەیەکی سەربازیی ئەمەریکا بێت، یان ڕاستەوخۆ، یاخود بە پشتیوانیکردن لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی ژێرزەمینیی دامەزراوەکانی ئەتۆمی ئێران، وەک نەتەنز و فرۆدۆ، زۆرێک لە شارەزایانی سەربازی پێیان وایە هێرشێکی سەرکەوتوو بۆ سەر ئەم دامەزراوانە تەنها بە بەشداری ڕاستەوخۆی ئەمریکا و بەکارهێنانی بۆمبی قورس کە سەنگەرشکێن بێت، ئەگەری سەرکەوتنی دەبێت. لە ئەگەری هێرشێکی لەو شێوەیەدا، ئێرانیش بە ئەگەرێکی زۆرەوە وەڵامی دەداتەوە و ئەم وەڵامەش دەتوانێت هێرش بۆ سەر ئیسرائیل یان بنکە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا لەخۆبگرێت؛ کە لە بەرامبەردا ئەمریکا دەکێشێتە ناو ململانێی ڕاستەوخۆوە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕاپۆرتی ئەم دواییەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دژ بە ئێران کە بەم زووانە لە کۆبوونەوەی دەستەی پارێزگاراندا پێشکەش دەکرێت، ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران ڕەتیکردۆتەوە هاوکاری لەگەڵ ئەو دەزگایە بکات و وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بە چالاکییەکانی ڕابردووی نەداوەتەوە و ئاستی پیتاندنی خۆی بەرزکردووەتەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئێستا ئێران زیاتر لە 408 کیلۆگرام یۆرانیۆمی هەیە کە لە سەرووی 60% پیتێنراوە، ئەمەش بەسە بۆ دروستکردنی نزیکەی 10 بۆمبی ئەتۆمی.
ئەگەر ئەم ڕاپۆرتە ببێتە هۆی بڕیارێکی توند دژ بە ئێران، وڵاتانی ئەوروپا دەتوانن سزاکان چالاک بکەنەوەو ئابووری ئێران هێندەی تر پەکبخەن.
لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١١ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان شەش بڕیارنامەی دژ بە ئێران دەرکرد. ئەم سزایانە ئابووری ئێرانی پەکخست و بووە هۆی دابەزینی بەرچاوی هەناردەی نەوت. هەر لەو کاتەدا بوو کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاگاداربوونی لە قووڵایی قەیرانەکە، فەرمانی بە عەلی ئەکبەر ساڵحی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئێران کرد کە بە نهێنی لەگەڵ ئەمریکا لە عومان دانوستان بکات. دەرئەنجامی ئەو دانوستانانە ڕێککەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥ بوو.
ئێستا بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەیی پەرلەمانی ئێران، شکستی دانوستانەکان و گەڕانەوەی سزاکان ڕەنگە ببێتە هۆی داڕمانی ئابووری و حکومەت. ئێران لە داکۆکی کردن لە بەرنامەی ئەتۆمی هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە کە پیتاندن “مافی گەلی ئێرانە”. عەباس عێراقچی هەروەها ڕایگەیاندووە، بەو پێیەی ئەم بەرنامەیە پارەیەکی زۆری تێچووە، ناتوانرێت وازی لێبهێنرێت.
دواجار چارەنووسی دانوستانەکان بەندە بە بڕیاری کۆتایی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران. ئەو باش ئاگاداری دەرئەنجامەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک یان شکستەکەیەتی. ڕەنگە ڕێککەوتن پاشەکشە و زەلیلکردن تەماشا بکرێت بۆ خامنەیی، هاوکات شکستی دانوستانەکانیش دەتوانێت شەڕێک بەدوای خۆیدا بهێنێت کە مانەوەی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بخاتە مەترسییەوە.