هەرێم نیوز
سەرچاوەیەکی باڵا سەبارەت بە کێشەکانی ئەم دواییەی هەرێم و بەغدا بە هەرێم نیوزی راگەیاند، بەشێوەیەکی راستەوخۆ ئەمریکا رێگربووە لە بژاردەی کشانەوەی هەرێم لە عێراق، وتیشی، بەرپرسانی هەرێم بەتایبەت پارتی بەنیازبوو کارتی کشانەوە لە بەغدا بەزوویی بەکاربهێنێت.
لەبارەی کارتی فشاری هەرێم بەرامبەر ڕاگرتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، سەرچاوەیەکی باڵا بە هەرێم نیوزی راگەیاند، بەرپرسانی هەرێم بەتایبەت پارتی بەنیازبوو کارتی کشانەوە لە بەغدا بەزوویی بەکاربهێنێت، بەڵام ئەمریکییەکان ڕێگربوون لە هەڵوێستێکی لەمشێوەیە.
سەرچاوەکە بۆ هەرێم نیوز ئاشکرای کرد، بەرپرسانی ئەمریکا لەسەر خەتبوون بۆ چارەسەری کێشەی مووچەی هەرێم و پەیام و فشاریشیان دایە بەغدا، بەڵام جەژن و حەج بوونە پاساو بۆ خۆدزینەوەی بەرپرسانی عێڕاق لەوەی بڕیارێک لەسەر مووچە بدەن.
بە وتەی سەرچاوەکە، ئەمریکا داوای لە بەرپرسانی کورد کردووە دان بە خۆیاندا بگرن و دوای جەژن فشارەکان ئەنجامی دەبێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت دوای جەژن دادگای فیدڕاڵی کۆببێتەوە و فەرمانێکی وەلائی دەربکات بۆ بابەتی مووچە.
دوێنێ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم پرسە کۆبووە و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە وشەفافانە سەرجەم داتا و زانیاریەکانی دارایی بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم خستووەتە ڕوو و لە سەرەتای ساڵی دارایی 2025 ڕێککەوتنی هاوبەش لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم ئیمزا کرا بۆ دابینکردنی تەواوی مووچەی مانگەکانی ئەمساڵ.
ئەنجومەنی وەزیران ڕاشیگەیاند، نابێت لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەک، قووتی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ هەشت مانگی داهاتوو رابگیرێت بەتایبەتیش کە چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە بۆ جەژنی پیرۆزی قوربان، بۆیە حکومەتی فیدڕاڵ بەم بڕیارە سیاسییەی؛ گەمارۆ دەخاتە سەر هەرێم و ئەم بڕیارە، سزادانی بەکۆمەڵی سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمە.
بە بڕوای چاودێران هۆکاری ئاڵۆزبوونی پرسی موچە دەگەڕێتەوە بۆ دەستوەردانی ئێران لە عێڕاق و فشاری ئەو وڵاتە لە لایەنە شیعەکان تا مووچە نەنێرن، فشارەکانیش دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم گرێبەستی غازی لەگەڵ ئەمریکادا کرد، لە لایەن ئێران و پڕۆکسییە عێڕاقییەکانییەوە زۆر زیاتر بوون.