هەرێم نیوز
زیاد ئەسعەد زیاتر لە۳٠ ساڵە وڵاتی جێهێشتووە و تاهەنوکەش هەواڵێکی خۆش لەگەڕانەوەی نییە، رەنگە پرسیاری جدی بەلای عاشقانی دەنگی ئەو هونەرمەندەوە ئەوەبێ تاکەی لەتامەزرۆیدا دەمێننەوە، کەی عاشقانی بەزیاد شاد دەبنەوە، هەرێم نیوز لەدرێژەی زنجیرە ڕاپۆرتەکانیدا هەوڵدەدات وەڵامی ئەو پرسیارە بۆ عاشقانی دەنگی ئەو هونەرمەندە بداتەوە..
چریکەیەکی عاشقانە:
هەرکات دەم دەکاتەوە چریکەى دەنگی دەچێتە قوڵاییەکانى رۆحى گوێگر، لەهەناوى کوردانەوە ئاوازەکانى هەڵدەقوڵێن و هەوادارانى موزیک و شیعرى کوردى ناتوانن نەیناسنەوە، کاتێکیش دێتەگۆ لەسەر میلۆدی و شیعر و دەقى ئەدەبی دەدوێت، ئیدی دەبێت گوێی بۆ بگیرێت، زیاد ئەسعەد، کە لە ساڵی 1993ـەوە چووەتە دەرەوە چەند ساڵێکە لە گۆڕەپانى شیعرو ئاواز و گۆرانى دوورکەوتووەتەوە، هۆکارەکەشى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشێک لە هونەرمەندەکان هێندە ئاستى هونەریی کوردییان دابەزاندووە نیگەرانە، هەرچەندە بەشێک لە نەیارەکانى دەنگۆی ناراست و نالەبارى دەخەنە ئەستۆ، بەڵام لەلایەن نزیکەکانیەوە تەواو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە.
ئەلبوومەکانی:
گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر و ھۆنراوەنووسی کورد زیاد ئەسعەد لە ساڵی 1966 لە گەڕەکی تەیراوەی هەولێری قەڵاو منارە لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٨٣ بە گۆرانی دوعادەکەم (ئاواز و ھۆنراوەی قادر سەیاحی) دەستیکردووە بە گۆرانی و یەکەم کاسێتی خۆی لە ساڵی ١٩٨٨ بڵاو کردووەتەوە.
لە ساڵی 1989 سەردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وڵاتى ئێرانی کردووە لەوێ ئاشنابووە بە هونەرمەندان سەعید قەندی و گوڵ پایەگانی، پاشان گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و لە ساڵی 1990 ئەلبومێک و لەساڵی 1993ش ئەلبومێکی دیکەى بڵاوکردووتەوە، لە ساڵی 1998 ئەلبومی (نەمزانی) بڵاوکردووتەوە ساڵی 2003 دوایین ئەلبومی خۆی بەناوی (سکاڵا) بڵاوکردووتەوە .
تواناکانى زیاد ئەسعەد:
زیاد ئەسعەد جارێکى دیکە چووەتەوە ئێران و ماوەیەک لەوێ وانەی ئاواز و چۆنییەتی ئەداکردنی گۆرانی خوێندووە و فێری زمانی فارسی بووە، پاشان چووەتە ڕووسیا ماوەیەکی زۆر وانەی فێربونی میوزیک و شێوەکانی کارکردن لەسەر ستایل و جۆرەکانی گۆرانی خوێندووە، بۆ ماوەی 2 ساڵ لە ڕووسیا ماوەتەوە فێری زمانی ڕووسیش بووە پاشان چووەتە کەنەدا ماوەیەکیش لەوێ خوێندوویەتی فێری زمانی ئینگلیزی بووە، دواتر چووەتە سوید بۆ ماوەی 3 ساڵ لە قوتابخانەی هونەری کەلتوری "میوزیکی جیهانی" خوێندووە شارەزاییەکی لە چەند ئامێرێکی میوزیکی فێربووە لەوانەش کیبۆرد و کلارنێت پێشتریش لە کوردستان زۆر بە باشی فێری ئامێری شمشاڵ بووە.
خەرمان بەرەکەت:
هونەرمەند زیاد ئەسعەد جگە لە گۆرانیەکانى خۆی 130 گۆرانی بە شێوازی ئاواز و هۆنراوە لەلایەن هونەرمەندانی گۆرانی بێژەوە کراون بە گۆرانی، لە مانگی 6ـی ساڵی 2010، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئەوە باسکرا کە پاش ماوەیەکی دیکە بەرهەمی نوێى هونەرمەند دەکەوێتە بەر گوێی هەواردان و هۆگرانی دەنگی، لەو کۆنگرەیەدا، زیاد ئەسعەد لەسەر هێڵی تەلەفۆن پەیامی خۆی ڕاگەیاند و لە بارەی بەرهەمە تازەکەیەوە قسەی کرد و گوتى بەرهەمەکەی(سوێند) لە ڕووی کوالێتی و ناوەڕۆکەوە جیاوازیی لەگەڵ کۆی بەرهەمەکانی پێشوویدا هەیە، بەڵام ئەوە چەندین ساڵ بەسەر ئەو کۆنگرەیەدا تێپەڕێوە، بەڵام تا ئێستا بڵاونەکراوەتەوە و دەنگی بڵاوکردنەوەشی نییە.
دەنگۆی ناڕاست:
لە ماوەی ڕابردووە دەنگۆییەکی زۆر بڵاوبوویەوە کە هونەرمەند زیاد ئەسعەد باری تەندروستی جێگیر نییە و تووشی لە بیرچوونەوە بووە، بەڵام دوای ماوەیەک هاوتا ئەسعەدی برای وەڵامی هەموو پرسیارەکانی خەڵکی دایەوەو گوتی ڕۆژانە قسەی لەگەڵ دەكات و تەندروستی زۆر باشە، هەروەها ڕایگەیاند، زیاد ئەسعەد لە كاری هونەری دانەبڕاوە و ئەو هەواڵانەی لەوبارەیەوە بڵاودەكرێنەوە دوورن لە راستی، گوتیشی زیاد لە غوربەت دەژی، ئەمە سەرەكیترین هۆكارە كە بێدەنگە و بەرهەمی هونەری نییە.
بۆچى ناگەڕێتەوە:
زیاد ئەسعەد لەوەتەی کوردستانی جێھێشتووە لە نێو وڵاتانى ئەوروپى و سوید دەژی، خەڵک خوازیارى گەڕانەوەی ئەون بۆ زێدى خۆی، یان لانى کەم لە شوێنێکەوە بچنەوە حزوری هونەرەکەى، بە دیارنەبوون و غیابی دڵەڕاوکێی لاى گوێگرەکانى دروستکردووە، وەک لایەنگرانى باسی دەکەن تا دەرکەوتنەکانى دوا بکەون بەو ئەندازەیە گوێگرەکانى نیگەران و نەیارەکانى دڵخۆش دەکات، بەڵام بەهۆی خیانەتى یەکێک لە هاوڕێکانیەوە هەمووشتێکى لەبەرچاو کەوتووە و نایەوێت بگەڕێتەوە وڵاتێک کە بەرهەمە هونەرى و هزرییەکان ناپارێزرێن، هەروەها ڕێزنەگرتن لەهونەری باڵا و ئاوەڵایی دەزگاکانی ڕاگەیاند و مینبەرە حکومی و حزبییەکان بۆ هەموو ئەوانەی گۆرانی دەڵێن بەبێ فلتەر، وای لە زیادکردووە جارێک بیر لەگەڕانەوە نەکات.
عەدنان کەریم لەبارەیەوە چی دەڵێت:
"وڵات پێویستى بە هونەرمەندی بە ئەزموونى وەک کاک زیاد ئەسعەد هەیە، هونەرمەندە گەنجەکان پێویستیان پێیەتى تا لێیوە فێرببن، پەیامی من بۆ کاکە زیاد ئەوەیە بێتەوە بۆناو هەوادارانی.
هەر سەبارەت بە رۆڵ و توانا هونەرییەکانى زیاد ئەسعەد.
تەڵعەت تاهیر قسەى کۆتایی دەکات:
زیاد ئەسعەد زۆر قارەمان بوو لە هەڵوێستە نیشتمانییەکانى، ئەو وەکو ئێمە نەبوو، من بە بیرم نایەت قسەیەکى باشى لە سەر بەعس گوتبێت، ئەو هەمیشە خۆی دەشاردەوە تا بە بەعسدا نەڵێت، هەموو ژیانى خۆی لەسەر هونەردانا، لەوانەیە خۆی رووى نەیەت هەندێ شت بڵێت، ئێمە ژنمان هێنا، ماڵمان کرد، چووینە سەفرە، بەڵام ئەو تەندروستى خۆشی لەسەر هونەرەکەى دانا.
زیاد ئەسعەد هونەرەکەی هێندە باڵایە کە شاعیری گەورەی کورد شێرکۆ بێکەس بەتەواوی وجودییەوە پەسنی هونەرەکەی دەکات بەم شێوەیە: