هەرێم نیوز
ماڵپەڕی 'ئەکسیۆس'ـی ئەمەریکی ناوەڕۆکی پێشنیازەکەی ئەمریكا کە بۆ ئێرانی ناردووە، ئاشکرا کردووە و ئەوە هاتووە، ناوەندێکی هەرێمی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆم بەسەرپەرشتی ئەمەریکا بنیات بنرێت و ئێران ببێتە ئەندام تیایدا، بەو شێوەیە دەتوانێت وزەی ئەتۆم بۆ مەبەستی ئاشتی بەرهەم بهێنێت، بەڵام بەو مەرجەی تاران هەموو چالاکییە ئەتۆمییەکانی ڕابگرێت.
لەلایەکی دیکەوە کارۆلین لڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی وتی؛ پێشنیازێکی نوێیان بۆ ڕێککەوتن لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە پێشکەشی ئێران کردووە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ئاماژەی بەوە داوە؛ پێشنیازەکەی ئەمەریکایان بەدەست گەیشتووە و لەسەر بنەمای بەرژوەندییە باڵاکانیان وەڵامی واشنتن دەدەنەوە.
هەر بەگوێرەی ماڵپەڕی 'ئەکسیۆس' ئەم پێشنیازەی ئەمەریکا بەرهەمی کۆتا گەڕی دانوستانی تاران و واشنتن بووە لە ڕۆما، ئێستاش ئەمەریکا پێشنیازەکەی کردووە بە نووسراو و پێشکەشی کردووە. پێشنیازەکە لەلایەن عوممانی نێوەندگیرەوە پێشکەش کراوە و ئەمەریکاش ڕەزامەندی لەسەر داوە.
پێشنیازە نوێیەکەی ئەمەریکا، لەکاتێکدایە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نوێترین ڕاپۆرتی لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بڵاو کردووەتەوە و ئەوەی خستووەتەڕوو، ئێران بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی زیاد کردووە، ئێستا وڵاتەکە 408.6 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە ڕێژەی 60% هەیە، کە 133.8 کیلۆگرامی لە مانگی شوباتی ئەم ساڵ زیاترە.
ئاژانسەکانی هەواڵ ڕایانگەیاندووە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ڕاپۆرتێکی نهێنیدا بۆ وڵاتانی ئەندام باسی لە زیادکردنی یورانیۆمی ٦٠% پیتێنراوی ئێرانی کردووە و ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمەریکا، بریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، دەیانەوێت لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا کە لە 9ـی مانگی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات، بڕیارنامەیەک پەسند بکەن کە ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات، بەڵێنەکانی سەبارەت بە ڕێگریی لە بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی پێشێل کردووە و ئەگەری هەیە دۆسیەی ئەتۆمیی وڵاتەکە بگەڕێتەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.