هەرێم نیوز
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئەمڕۆ هەینی لەبارەی نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت داوای چارەسەری ئەو پرسە دەکەین پاڵپشت بە دەستور و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی.
دەشڵێت ئێمە داوا لە محەممەد شیاع سودانی دەکەین هەرچی زووە مووچەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بنێرن و بۆ چارەسەری کێشەکانیش هەوڵ بدەن بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گڤتوگۆو دانوستاندن و پشت بەستن بەدەستورو ڕێککەوتنەکان.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
بەداخەوە دیسان پرسی نەناردنی موچەی فەرمانبەران و مامۆستاو خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە سەری هەڵداوەو بوە باس و پرسی خەڵک.
بڕیاری ڕاگرتنی موچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بەهەر بیانوویەک بێت پێچەوانەی بنەماکانی دەستورو بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیە کە نابێت بابەتی موچە تێکەڵی کێشەو پرسە سیاسیەکان بکرێت.
بڕینی قوتی خەڵک کە مافی خۆیانە بۆ ژیان کردن تاوانێکی گەورەیە ئەوە جگە لەوەی موچەخۆران توشی دڵە ڕاوکێ و ترس دەکات و کاریگەری گەورە لەبازاڕو کاسبی هاوڵاتیان دەکات.
بەداخەوە لەکاتێکدا چەند ڕۆژێک ماوە بۆ جەژنی قوربانی پیرۆز لەبری ئەوەی بەغدا هەنگاوی تری هاویشتبا بۆ چارەسەری کێشەکان و دەبوو زووتر موچە بنێری تاوەکو خەڵک بۆ جەژن پێداویستیەکانیان دابین بکەن کەچی بڕیاری نەناردنی موچەیان داو موچە خۆرانیان هەناسە ساردکرد.
تێکەڵ کردنی موچەی هاوڵاتیان بەهەر پرسێکی تر کارێکی ڕێگە پێ نەدراوو نادەستوریە.
ئێمە داوا لەبەڕێز سەرۆک وەزیرانی حکومەتی عێڕاقی فیدڕاڵ محمد شیاع سودانی دەکەین هەرچی زووە موچەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بنێرن و بۆ چارەسەری کێشەکانیش هەوڵ بدەن بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گڤتوگۆو دانوستاندن و پشت بەستن بەدەستورو ڕێککەوتنەکان.
لەهەمان کاتدا داوا لە بەرپرسان و نوێنەرانی کوڕدستان لەبەغدا دەکەین هەموو هەوڵێکی دبلۆماسی و دەستوری بگرنە بەر بۆ دابین کردنی موچەو شایستەکانی هەرێمی کوردستان و ناردنی موچە پێش جەژن چونکە چیتر فەرمانبەران بەرگەی ئەو سزایانەی ناگرن کە بەرامبەریان دەکرێ و پێویستە بڕیارو قسەی جددی و یەکلاکەرەوە بکەن.