هەرێم نیوز
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند،مەزڵوم عەبدی هیچ پێشنیازێكی بۆ نەكراوە بۆ کۆبونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ، لە رونكردنەوەیەكدا دەڵێت: هەندێک زانیاری ناڕاست لە راپۆرتێکی "ئەلمۆنیتۆر"دا بڵاوکراوەتەوە، سەبارەت بەوەی سەرچاوە هەرێمایەتیەكان بە پێگەكەیان راگەیاندووە، لەبارەی پێشنیازێك، كە وەزیری دەرەوەی تورکیا یان بەرپرسی هەواڵگری تورکیا پێشكەشیان كردووە، بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوە لەگەڵ فەرماندەی گشتی هێزەکانمان، جەختدەكەینەوە کە ئەم زانیاریانە ناڕاستن و نە سەرکردایەتی هێزەکانمان و نە هیچ شاندێك کە نوێنەرایەتی ناوچەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بکات لە دیدارەکانی لەگەڵ دیمەشق، هیچ پێشنیازێكی بۆ کۆبونەوە لەگەڵ لایەنی تورکی لە هیچ لایەنێکەوە پێنەگەیشتووە.
رونكردنەوەكەی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لەكاتێكدایە، پێگەی "ئەلمۆنیتۆر"ی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە: توركیا پێشنیازی كۆبونەوەیەكی كردووە لە ئاستێكی باڵادا لەگەڵ مەزڵوم عەبدی لە دیمەشق كە هاكان فیدان وەزیری دەرەوە یان ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری بەشدار دەبن، بەڵام كۆبونەوەكە وابەستەی ئەنجامی دیداری شاندەكەی رۆژئاوای كوردستان كراوە لەگەڵ حكومەتی دیمەشق.