هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چەند وەزارەتێکی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی نهێنییان ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری هێرشی سەربازیی ڕانەگەیەندراو بۆ سەر ئێران.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەگەر هێرشێکی لەو شێوەیە ڕووبدات، پێشبینی دەکرێت خولێکی نوێی شەڕ دەستپێبکات، کە ماوەی شەڕەکە نادیارە و دەکرێت هەڵدانی هەزاران مووشەکی قورس بۆ ئیسرائیل بگرێتەوە کە کێشی هەندێکیان دەگاتە 700 کیلۆگرام.
دەوترێت پلاندانان بۆ ئەم سیناریۆیە بریتییە لە ئامادەکردنی دەستبەجێی پەناگە گشتییەکانی ئیسرائیل، بەهێزکردنی ژێرخانەکان، وەڵامدانەوە بۆ پێداویستییە فریاگوزاریەکان، دیاریکردنی ئەو ناوچانەی چۆڵدەکرێن و زیادکردنی توانای نەخۆشخانەکان.
لە هەمان کاتدا ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی ئەمریکا هەندێک "هێڵی سوور" لە کاتی دانوستان لەگەڵ ئێراندا ببڕێت، لەوانە دەستبەرداربوون لە مەرجی ڕاگرتنی تەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆم بە مەبەستی خۆشکردنی ڕێگا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ تاران.