دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

سعودییە نامەی هۆشداری داوەتە خامنەیی؛ ڕێککەوتن بکە و خۆت لە مەترسی شەڕی ئیسرائیل بەدووربگرە

هەرێم نیوز

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردەوە، وەزیری بەرگری سعودیە، لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ تاران، پەیامێکی بەپەلەی بۆ شا سەلمان بۆ عەلی خامنەیی گواستووەتەوە و داوای لێکردووە پێشنیاری دۆناڵد ترەمپ بۆ دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە جددی وەربگرێت، چونکە ئەم دەرفەتە دەتوانێت ڕێگری بکات لە مەترسی هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل.

کۆبوونەوەکە لە 17ی 4 لە کۆشکی سەرۆکایەتی تاران بە ئامادەبوونی مەسعوود پزیشکیان و محەمەد باقری و عەباس عێراقچی لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بەڕێوەچوو و خالید بن سەلمان لە میانی دیدارەکەدا هۆشداری دا کە ترەمپ سەبرێکی ئەوتۆی نییە بۆ دانوستانە درێژخایەنەکان.

ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەکانییەوە دەڵێت، شا سەلمان بن عەبدولعەزیزی سعودییە، کە نیگەرانە لە زیاتر ناسەقامگیربوونی ناوچەکە، بۆیە بە پەیامێکی بەپەلە بۆ عەلی خامنەیی، شازادە خالید بن سەلمانی کوڕەکەی ڕەوانەی تاران کردووە.

لەم دیدارەدا وەزیری بەرگری سعودیە جەختی لەوە کردەوە کە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا باشترە لەوەی دانوستانەکان شکست بهێنن و ئێران بەر هێرشی ئیسرائیل بکەوێت.

مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران لەو دیدارەدا وتی ئێران خوازیاری ڕێککەوتنێکە بۆ کەمکردنەوەی گوشارە ئابوورییەکان بە هەڵگرتنی گەمارۆکانی ڕۆژئاوا.

خالید بن سەلمان داوای لە کاربەدەستانی ئێران کردووە خۆیان لە هەر کردەوەیەک لە لایەن خۆیان یان هاوپەیمانەکانیانەوە بپارێزن کە ڕەنگە ئەمریکا وروژێنێت و جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە پێدەچێت وەڵامی ترەمپ لە وەڵامی سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا جۆ بایدن و باراک ئۆباما توندتر بێت.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، بن سەلمان لە بەرامبەردا دڵنیایی داوەتە تاران کە سعوودیە ڕێگە نادات خاک و ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ هەر چالاکیەکی سەربازی ئەمریکا یان ئیسرائیل لە دژی ئێران سوودی لێوەربگیرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP