هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند ، پێشنیازەکەی ئەمریکایان لە رێگەی وەزیری دەرەوەی عومانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی پێگەیشتووە و بەشێوەیەکی گونجاو وەڵامی پێشنیازەکە دەدەنەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 31-05-2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی عومان ئەمڕۆ سەردانی تارانی کرد و پێشنیازی ئەمریکای رادەستکردوون.
وتیشی، لەبارەی وەڵامی وڵاتەکەی رایگەیاند، "بەشێوەیەکی گونجاو وەڵامی پێشنیازەکە دەدەینەوە بە جۆرێک کە لەگەڵ مافەکانی گەلی ئێران و بنەما و بەرژەوەندییەکانی بگونجێت"
ئێران و ئەمریکا تاوەکو ئێستا پێنج گەڕی دانووستاندنیان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران کردووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کردووە، ئەگەر ئێران بە رێککەوتن بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار نەکات، ئەوا بۆمبارانی دەکات.
بڕیارە جارێکی دیکە هەردوولا بە نێوەندگیریی عومان لە شەشەم گەڕدا کۆببنەوە کە هێشتا کات و شوێنەکەی دیارینەکراون.
بە گوێرەی دوایین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە،ئەو یۆرانیۆمەی رێژەی بەپیتییەکەی 60٪یە، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، کە دەکرێت ئەو رێژەیە بە ئاسانی بگەیێنرێتە 90٪ بۆ ئەوەی بۆ بۆمبی ئەتۆمی دەست بدات.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئێران 408.6 کیلۆگرام یۆرانیۆمی هەیە کە رێژەی بەپیتییەکەی 60٪یە، واتە لە شوباتەوە 133.8 کیلۆگرامی زیاد کردووە.