هەرێم نیوز
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەپێی ئەو بەڵگانەی بینیویەتی، پلانی ئاگربەستی ئەمریکا بۆ غەززە بەمجۆرەیە؛ پێشنیاری ئاگربەستی 60 ڕۆژە و ئازادکردنی 28 بارمتەی ئیسرائیلی، کە بە مردوویی و بە زیندووی لە هەفتەی یەکەمدا لە بەرامبەر ئازادکردنی هەزار و 236 زیندانی فەلەستینی و تەرمی 180 فەلەستینی کوژراو.
لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە کە پلانەکە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و نێوەندگرەکانی میسر و قەتەرەوە مسۆگەر کراوە. کاتێکیش حەماس بە ڕێککەوتنەکە ڕازی دەبێت، ناردنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە دەستپێدەکات.
هاوکارییەکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و مانگی سوور و کەناڵەکانی دیکەوە پێشکەش دەکرێن.
ڕۆژی پێنجشەممە کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە ئیسرائیل ڕازی بووە بە پێشنیاری ئاگربەستی ئەمریکا.
شەوی ڕابردوو ئاژانسی عەرەبیە بڵاویکردەوە حەماس بە ئاگربەستەکە ڕازی بووە، تەنانەت باسی لەوەش کرد ترەمپ سەرکەوتنی ئاگربەستەکە ڕادەگەیەنێت، بەڵام تا ئێستا بەفەرمی حەماس بڕیارەکەی ڕانەگەیاندووە.
حەماس بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، پێداچوونەوە بە پلانەکە دەکەن و ڕۆژی هەینی یان شەممە وەڵام دەدەنەوە.
لە پلانی ئاگربەستەکە ئاماژە بەوە کراوە کە ئیسرائیل هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە غەززە ڕابگرێت کاتێک ئاگربەستەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.