هەرێم نیوز
وتەبێژی فەرمی پارتی سۆسیال دیموکرات ڕایگەیاند: " حکومەتی عێراق موچەی موچەخۆران وەک کارتی فشار دژی هەرێم بەکاردەهێنێت، کورد بەهاووڵاتی خۆی نازانێت".
د. فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "حکومەتی فیدراڵی عێراق هەرجارەو بەبیانوویەک و بەمیکانیزمێک و لەلایەکەوە زوڵم لەهاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات و هەرگیز یەک دەرفەتی لەدەستنەداوە بۆ لێدان لەبەرژەوەندییەکانی هەرێم و کەمکردنەوەی مافەکانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت بەرامبەر بەکوردەکان".
گووتی: "ئەم نوسراوەی ئەمڕۆی وەزیری دارایی بەتەواوەتی نییەتی حکومەت و عێراقی بەرامبەر بەهاوڵاتییان دەرخست، چونکە ئەگەر بەڕاستی داتاکانی حکومەتی هەرێم بێکەموکورتین، حکومەتی هەرێم بۆچی بەردەوام داوا لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی لەدادگای فیدراڵی تۆمارناکات".
باسی لەوەشکرد: "هەموو هەڵوێستەکانی عێراق و پێدانی موچەی بەردەوام و بێکێشە بە موچەخۆرانی خۆیی و بەردەوام دواخستنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و بێباکی حکومەت بەرامبەر بەم پرسە، دەریدەخات حکومەتی عێراق موچەی موچەخۆرانی هەرێم وەک کارتی فشار دژی هەرێم بەکاردەهێنێت. هاوکات پێمان دەڵێت عێراق کورد بەهاووڵاتی خۆی نازانێت، ئەوە ئێمەین بەزۆر خۆمان بەعێراقەوە هەڵواسیوە".
جەختی لەوەشکردەوە: "گرنگە سەرکردایەتی کورد بڕیاری وردو جدی بدات و کارەتەکانی. (ڕیفراندۆم، سەرچاوە ئاوییەکان، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دروستکردنی لۆبی و فشار، گرێبەستەنەوتیی و گازییەکان و دروستکردنی پاڵپشتی وڵاتانی زلهێز،بەوریاییەوە بەکاربهێنێت".