هەرێم نیوز
عەباس موتعب شامی، دەڵێت، 501 دۆنم زەویی کشتوکاڵی سەرانی بەعس دەستی بەسەرداگیرا.
ئەمرۆ سێشەممە 27ـی ئایاری 2025، عەباس موتعب شامی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕی سندووقی گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "دەستگیرا بەسەر بەشە موڵکی هەریەکە لە عەلی حەسەن مەجید، کوڕی مامی سەرۆکی رژێمی لەناوچوو، یەکێک لە سەرکردەکانی حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە و وەزیری پێشووتری بەرگری و فازڵ عەبدی برای کە پێنج موڵک بوون."
گووتیشی، "کۆی رووبەری زەوییەکان زیاتر لە 501 دۆنمە و موڵکەکەی عەلی حەسەن مەجید لە کەرکووک 125 دۆنم بووە."
بە گوێرەی یاسای ژمارە 72ی ساڵی 2017ی دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی سەرکردەکانی رژێمی پێشوو، پڕۆسەی دەستبەسەردا گرتنەکە کراوە؛ و "سەرجەم ئەو رووبەرە زەوییانە بەناوی وەزارەتی داراییەوە تۆمارکراون."
لیژنەى پارێزگارى لە موڵکى دەوڵەت لە پەرلەمانى عێراق لە راپۆرتێکیدا دەڵێت، 387 موڵکى دەسەڵاتدارانى پێشووى حیزبى بەعسى لە 9 پارێزگاى عێراق تۆمارکراون کە 281ـیان لە سنوورى بەغدان و 61 لەو موڵکانەى بەرپرسانى حیزبى بەعس لە سنوورى پارێزگاى سەلاحەدینن کە زێدى لەدایکبوونى سەدام حوسێنە؛ و موڵکەکانى دیکە لە ئەنبار، دیالە، زیقار، واست، بابل، کەرکووک و نەینەوان.