دواین هەواڵ

ئابوری‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

ڕێباز حەملان: تەیف سامی داردەستێکی سیاسییە

هەرێم نیوز 

ڕێباز حەملان دەڵێت تەیف سامی داردەستێکی سیاسییە و ڕاشیگەیاند، پێویستە وەزیرە کوردەکان لە بەغداد هەڵوێستی کوردانەیان هەبێت ناوەندەكانی بڕیار و کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بکەنە مەیدانی بەرگریکردن لە مافی مووچەخۆران و هاووڵاتیان بە دەنگی بەرز داواکاری گەلەکەیان بگەیەنن.

ڕێباز حەملان، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، هێرشێکی توندی کردە سەر تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و ڕایگەیاند، “وەزیری دارایی عێراق داردەستێکی سیاسیە، محەمەد شیاع سوودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی و دەوروبەر بۆ مەرامی سیاسی بانگەشەی هەڵبژاردن و فشاركردن لەسەر گەشەسەندن و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان بەكاریدەهێنن هەركات بیانەوێت”.

وتیشی: “لیستی مووچەی مانگی 5 هیچ كێشەیەكی یاسایی و ئیداری و دارایی نیە، ئەم بڕیارەی سەدا سەد سیاسیە و دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان، رێزنەگرتنی دەستور و یاسای بودجەو بریاری ژمارە 224 ی دادگای فیدراڵییە، كە حكومەتی عێراق پابەند دەكات بە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و دەركردنی لە كێشەو ململانێكان”.

ڕاشیگەیاند، سەرەڕای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی پشكی هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك لەلایەن بەغدادەوە بەتەواوی خەرجنەكراوەو تەنها مووچەیان خەرجكردووە نەك پشكی هەرێم، بۆ ساڵی 2025 بەس بۆ مووچە بری 11 ترلیۆن و 500 ملیار  بۆ هەرێم دانراوە و رێككەوتنی لەسەركراوە، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا تەنیا 3 ترلیۆن و 800 ملیار دینار بۆ مووچەی هەرێم خەرجكراوە.

ڕێباز حەملان ڕایگەیاند، ئەوەی ئێستا لەبەغدادەوە دەكرێت راستەوخۆ دژ بە مووچەخۆران و فەرمانبەران و هاوڵاتیانی كوردستانە، ئەمە بەشێكە لە فشارە بەردەوامەكانی بەغداد بۆسەر هاوڵاتیان و حكومەتی هەرێمی كوردستان.

وتیشی: “بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەم فشارانە ئەمڕۆ لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی و پێکەوەبوونە لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی خۆمان بێینە دەنگ، رەنگی حیزبی و بەرگی ناکۆکی بخەینە لاوە”.

ڕێباز حەملان ڕاشیگەیاندم، “پێویستە وەزیرە کوردەکان لە بەغداد هەڵوێستی کوردانەیان هەبێت ناوەندەكانی بڕیار و کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بکەنە مەیدانی بەرگریکردن لە مافی مووچەخۆران و هاووڵاتیان بە دەنگی بەرز داواکاری گەلەکەیان بگەیەنن، ئەگەر ئەوەشیان پێ ناکرێ، قوت و ژیانی خەڵکی کوردستان زۆر لە پۆست و پلەو پایە گەورەترە”.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP