دواین هەواڵ

ئابوری‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراق دەداتەوە

هەرێم نیوز

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان وەڵامێکی بە زمانی عەرەبی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق و تەیف سامی بڵاوکردەوە. دەڵێت دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە خەرجی کردەیی پێچەوانەی حوکمەکانی دەستووری عێراقە.

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە وەڵامەکەدا بە وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت: ئەو رێڕەوەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتییەبەر لە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە خەرجی کردەیی (الإنفاق الفعلي)، پێچەوانەی حوکمەکانی دەستووری عێراقە.

ڕاشیگەیاندووە، بەغداد بۆ ئەمساڵ تەنیا چوار تریلیۆن دیناری ناردووە و پێویستە نۆ تریلیۆن دیناری دیکە بنێرێت. دەسڵێت بەگوێرەی دەستوور و  بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوام بێت لە ناردنی مووچە.

باسی لەوەش کردووە: دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت پشت بە داهاتە فیدراڵییە کۆکراوەکان ببەستێت نەک خەرجی کردەیی.
ئاماژە بەوەش کراوە، داهاتی هەرێمی کوردستان لە نووسراوەکە یەکلایەنانە خەمڵێندراوە و داهاتی نەوتی لە نووسراوەکەدا بەبێ هەژمارکردنی تێچووی دەرهێنان، گواستنەوە و بەکارهێنانی بۆ ناوخۆ هەژمارکراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی دارایی عێراق، ڕۆژی 28-5-2025 بە نووسراوی ژمارە 14502 دەربارەی مووچەی مانگی (5) حکومەتی هەرێمی ئاگادارکردۆتەوە گوایە تەرخانکراوی دارایی هەرێم 12.67 لەیاسای بودجەی سێ ساڵیی کۆتایی هاتووە.

هاوکات، لە نووسراوەکەدا، هەموو داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی بۆ ساڵی 2023 و 2024 و 2025 حساب کردووە لەگەڵ ئەوەی کە ناردویەتی بۆ هەرێم.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP