دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

عێراق لەدووڕێیانى قبوڵکردنى گرێبەستەکاندا پەنا بۆکام بژاردەیان دەبات؟

‎هەرێم نیوز

چەند رۆژێک پێش لە ئێستا ولە 19ـی ئایاردا بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن، دوو گرێبەست لە بواری وزەدا بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیاکانی وێستن زاگرۆس و HKN Energy واژۆکران و شرۆڤەکارانیش بە پێشهاتێکى گەورە و گۆڕانکاریی جدی لە پەیوەندییە سیاسیی و ئابووریی و ئەمنییەکانى نێوان هەردوولا لێکى دەدەنەوە.

‎رۆژی 20ی ئایاریش، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند: "رێکارەکانی تایبەت بە گرێبەستی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەی میران و کێڵگەی تۆپخانە-کوردەمیر لە پارێزگای سلێمانی رەتدەکەینەوە".
‎ ئەوە لە کاتێکدا سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بە کورتى گوتى "گرێبەستەکانمان نادەستووریی نین. مەسرور بارزانی باسی لە یاساییبوونی گرێبەستەکان کرد و گوتی: "ئێمە دەستوورمان هەیە کە بەڕوونی دیاری دەکات هەرێمی کوردستان چ مافێکی هەیە. هەرێمی کوردستان مافی واژۆکردنی گرێبەستی هەیە، بەتایبەتی لە بواری پەرەپێدانی کەرتی گاز و وزەدا."

‎وەزارەتی نەوتی عێراق راشیگەیاند: "سەرەڕای پێویستییەکان بۆ گەورەکردنی قەبارەی وەبەرهێنانی گازو پڕکردنەوەی پێویستییە نێوخۆییەکان بۆ وێستگەکانی کارەبا، ئەو رێکارانەی هەرێمی کوردستان گرتوونیەتەبەر بە ئاشکرا دژی یاسا عێراقییەکانە" بەڵام بە پێچەوانەى ئەم لێدوانەوە سەرکوەزیران و سەرجەم شرۆڤەکاران باوەڕیان وایە سوودێکى باشی دەبێت بۆ عێراق لەبەر ئەوەى پێویستى بەهاوردەکرنی غاز نابێت لە ئێرانەوە و ئەو فشارە نێودەوڵەتیەشى لەکۆڵ دەبێتەوە.
 
‎مەسرور بارزانی گوتی: "ئێمە لە رابردوودا گرێبەستمان واژۆ کردووە و ئەو دوو کۆمپانیایەش لە 15 ساڵی رابردوودا لە کوردستان کاریان کردووە"، ئەوەش بەو مانایەدێت کە ئەم گرێبەستانە نوێ نین و کارکرنە لەسەر گرێبەستە کۆنەکان و نوێکردنەوەیانە بۆیە جێگەى نیگەرانیی نین. بۆ وەڵامی ئەو لێدوانانەش وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایانگەیاند: "ئەو دوو رێککەوتننامەیەی وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagros ، رێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین، بەڵکو چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و رەواییان دا ناوە و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە."

‎لە هەمان کاتدا ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە بەرزترین ئاستی دیبلۆماسی خۆیدا کە وەزارەتی دەرەوەیەتی پشتیوانی لە واژووکردنی گرێبەستی وزەی کوردستان و کۆمپانیا ئەمریکیەکان دەکات و وەزیری دەرەوەیشی دەڵێ بەعێراقمان گوتووە کە دەبێ چی بکات بۆ ئەوەی لێی ڕازی بین.

‎ئەوە لە کاتێکدا بەشێک لەوانەى کە لە دۆخى گرێبەستەکان و وردەکارییەکانى شارەزانین خۆسەرییانە لەدژى دەوەستنەوەو بیر لەوە ناکەنەوە هەڵوێستەکەیان
‎دەچێتە گیرفانى کێوە؟

‎گرێبەستەکان نەک هەر لە بوارى غازدا بۆ هەرێمى کوردستان و ئەمریکاش گرنگە ، بەڵکو لە بوارى ئاسایش و پەیوەندییە دبلۆماسییەکاندا کاریگەریی خۆیان هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش داوەتى وەزیری دەرەوەى ئەمریکا کراوە سەردانى هەولێر بکات و کردنەوە گەورە کۆنسوڵخانەکەیان لە هەولێر هێندەى تر پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا بەهێزتردەکات، وەزیری دەرەوەى ئەمریکاش رایگەیاندووە, دڵخۆشین بەوەى تێڕوانینى هەردوولامان بۆ بابەتەکان یەک شتە.

‎بەگوێرەى سەرچاوەکان ئەو کێڵگانەى بڕیارە دوو کۆمپانیا ئەمریکییەکە کارى تێدا بکەن دەکەونە پارێزگاى سلێمان و هەریەک لە کێلگەکانی میران، تۆپخانە و گردە میر دەگرێتەوە. بەگوێرەى راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان تەنها لە کێلگەى میران هەشت ترلیۆن پێ غازى سروشتى هەیە لە تۆپخانەش پێنج ترلیۆن پێ غاز نۆ ملیۆن بەرمیل نەوتى تێدایە، ئەوە لەکاتێکدا ئەمریکا خۆشحاڵی دەربریوە لەبەرامبەر هەرێمى کوردستاندا، وەک شرۆڤەکارانیش دەڵێن، یان ئەوەیە عێراق دەبێت ملکەچى ئەو گرێبەستانەبێت کە بەرژەوەندی کوردستانە یان ئەوەیە دەبێت بچێتە بەرامبەر خواستەکانى ئەمریکا و دژایەتى خۆی بۆ دەرببڕێت کەئەوەش بە زیانێکى گەورەى لەسەر دەشکێتەوە.

‎د.نەوشیروان سەعید، کە مامۆستای زانکۆی سەلاحەدینە، لەمبارەیەوە دەنوسێت، دوای نیو سەدە لە ڕێکەوتننامەی جەزائیرو نزيکەی هەشت ساڵ لە ڕیفراندۆمی کوردستان، مێژووی پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ ئەمریکا دەچێتە قۆناغێکی نوێ..

هاوپەیمانیی ڕاستەقینە، متمانە، بەرژەوەندی هاوبەش، گرنگترین ناونیشان و مەسروور بارزانی ئایکۆنی سەرەکی ئەم قۆناغە نوێیەن.

ئامانجی گەورەو دوور مەوداش دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP