هەرێم نیوز
کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق 11ـى تشرینى دووەمی ئەمساڵی دیاریکردووە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانی عێراق و هەر لە ئێستاوە ژمارەیەک لە لیست و هاوپەیمانى و لایەنەکان کەوتوونەتە بانگەشەى بێدەنگ و (وەک دەگوترێت بنەوان شێلان)، یەکێک لەو لایەنانە کە مرخی لە ناوچە سونییەکان خۆشکردووە عەسائیبی ئەهلى حەقە بەسەرۆکایەتى قەیس خەزعەلى، بەتایبەتى لە سنوورەکانى پارێزگای سەڵاحەدین و لە ئێستاوە بەڵێنى دامەزراندن و هەلى کار بە گەنجەکانیان دەدەن، یەکێک لە دیاردەکانى هەڵبژاردنەکانی عێراقیش بوون و بەشداریی تیرەو تایەفەو عەشاریەر و بنەماڵەکانە، بەتایبەتى ئەوانەیان کە کاریگەرى زۆریان هەیە.
رۆژنامەى شەرقلئەوسەت ژمارە (16982)ـى رۆژى 27ـى ئایاری 2025 وێنەیەکی قەیس خەزعەلى ئەمینداری گشتى عەسائیبی ئەهلى حەقی بڵاوکردووەتەوە کە هەفتەى رابوردوو لەبەغداد دوو کۆبوونەوەى لەگەڵ پیاوماقووڵانى عەشیرەت و بنەماڵەى سەدام حسێن ئەنجامداوە بۆ ئەوەى نوێنەرێکیان هەبێت لە پەرلەمانى داهاتووداو بچنەوە نێو کایە سیاسییەکە و ئەوانیش پشتیوانى بکەن (سەرەڕای ئەوەى سونەشن) بەڵام وەک سەرچاوەکان ئاماژەى پێدەکەن هێشتا عەشیرەتى ئەلبوناسر نەگەشتووەنەتە بڕیاری کۆتایی.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەى شەرقلئەوسەت بنەماڵەى سەدام حسێن سەرۆکی لەسێدارەدراوى عێراق تاووتوێی ئەوە دەکەن ئاخۆ بەشداریی بکەن لە هەڵبژاردنى مانگی تشرینى دووەم بە نوێنەرێک یان دوو نوێنەر یاخود نە؟ بەتایبەتى لە پارێزگای تکریت کە لە لایەکەوە هەموو سوننە مەزهەبن و لەلایەکی تریشەوە سۆزێکى تایبەتیان بۆ سەدام حسێن هەیە و بە شەهید و ستەملێکراو ناوى دێنن، رۆژنامەکە نوسیویەتى ئەلبوناسر ترسى ئەوەشیان هەیە کێشە بۆ نوێنەرەکەیان دروستبکرێت، بەو پێیەى کە ساڵانێکە دژایەتى سەدام حسێن دەکرێت.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە بەشێکى زۆری عەشیرەتى ئەلبوناسر ئەوە رەتدەکەنەوە نوێنەرى راستەوخۆیان هەبێت چوون ترسیان لە هەڵدانەوەى لاپەڕەکانى رابردوو هەیە و لەوە دەترسن برینى قەتماغە بەستوویان بکولێنرێتەوە، ئەوە لە کاتێکدا هێشتا هەندێک لە خێزانە نزیکەکانى بنەماڵەکەى سەدام ناوێرن بگەڕێنەوە گوندەکەى خۆیان "عۆجە" کە ئێستا لیواى 35ـى حەشدى شەعبی لێیە و بە بێ ئەوان کەس ناتوانێت جووڵە بکات، بەڵام ژمارەیەکى زۆریشیان باوەڕیان وایە دەبێت نوێنەرێکیان هەبێت تا کێشە کەڵەکەبووەکانیان بە یاسایی بۆ چارەسەر بکات.
شرۆڤەکارانى سیاسیش باوەڕیان وایە هێشتا زووە بۆ بەشداریکردنى بنەماڵەى سەدام حسێن لە پرۆسەى سیاسییدا بەتایبەتى لەگەڵ گروپێکی شیعەى وەک عەسائیبی ئەهل حەقدا، جێگەى ئاماژەیە هێشتا دەرگاى گفتوگۆکانى نێوان عەسائیب و عەشیریەتى ئەلبوناسر کۆتایی نەهاتووە.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە بیرۆکەى گەڕانەوەى بنەماڵەى سەدام حسێن بۆ سەر تەختى شانۆی سیاسی عێراق بۆ ئەم قۆناغەى عێراق بەڵام لە رێگەیەکى دیکەوە کارێکى پێویستە تا بتوانن بۆ داهاتووى خۆیان شتێک بونیاد بنێنەوە، لانى کەم لەم قۆناغەدا بگەڕێنەوە سەر موڵکوماڵى خۆیان لە گوندی عۆجەى شوێنى لەدایکبوونى سەدام.
شارى تکریت زۆرینەى دانیشتوانەکەى سوننەن و لەنێوان عەشیرەتەکانى جبور، تەى، ئەلبوعیسا و ئەلبوناسر، بەگوێرەى گوتەى شارەزایان تەنها لەنێو بنەماڵەى ئەلبوناسر دا بەشى دوو کورسی دەنگ هەیە و ئەوەش بۆ هەموو لایەنەکان و بەتایبەتى بۆ عەسائیب جێگەى تەماعە، لە لایەکی تریشەوە پاراستنى نوێنەرەکەیان لەژیر عەباکەى خەزعەلى دا دیوێکى دیکەى یارییەکەیە کە پێدەچێت سەربگرێت.
لە لایەکی تریشەوە کۆبوونەوەى خەزعەلى لەگەڵ بنەماڵەى سەدام و عەشیرەتى ئەلبوناسر بووەتە مایەى رەخنەى توندی نەیارەکانى لە هەردوو لایەنى شیعە و سوونەوە، لەو بارەیەوە بەیاننامەیەک بەناوى عەشایەرەکانەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتى فەیس بووک کە ناوى عەشایەرەکانى تکریتە بڵاوکراوەتەوە و تیایدا بە تەواوەتى هاوپەیمانیی شیعەکانیان رەتکردووەتەوە و نوسیویانە عەشیرەتى ئەلبوناسر هاوپەیمانى لەگەڵ هاوپەیمانى -صادقون- بەسەرۆکایەتى قەیس خەزعەلى رەتدەکەنەوە، ئەوانەشى بەناوى عەشیرەتى ئەلبوناسرەوە بڕیاری لەوشێوەیان داوە رایدەگەیەنین تەعبیر لە بۆچوونى عەشیرەتەکەى ئەوان ناکات.
سەرچاوەیەکیش لە ئەنجوومەنی پارێزگاى سەڵاحەدین لە رۆژنامەکەى راگەیاندووە ئەوانەى بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردووە بەڵێ لە عەشیرەتى ئەلبوناسرن بەڵام نوێنەرایەتى عەشیرەتەکە ناکەن و قورساییەکی ئەوتۆیان نییە و ناتوانن بڕیارێکى وا چارەنووس ساز بۆ عەشیرەتەکەیان بدەن، بەگوێرەى سەرچاوەکان تا ئێستا کچەکانى سەدام حسێن کە لە دەرەوەى عێراقن هیچ هەڵوێستیکیان لەو بارەیەوە نیشان نەداوە.