هەرێم نیوز
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم، لە هەژماری خۆی لە ئێکس ڕایگەیاند: کۆتاییمان بە سەردانێکی سەرکەوتووانە بۆ واشنتن، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران هێنا.
دزەیی لە پۆستەکەیدا دەڵێت، سوپاسی هاوڕێ و هاوبەشە ئەمریکاییەکانمان دەکەین بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لێیان کردین، هەروەها سوپاس بۆ نوێنەرایەتی حکومەت لە ئەمریکا، ستافی پڕۆتۆکۆڵ و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ هەوڵ و ماندووبوونیان.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی هاوەڵی لە 17ی ئەم مانگەدا لەسەر بانگهێشتی فەرمی حکومەتی ئەمریکا سەردانی واشنتن پایتەختی ئەو وڵاتەیان کرد.
لەم گەشتەدا مەسرور بارزانی چەندان کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی ئەمریکا ئەنجامدا. سەرجەمیان پشتگیری و پاڵپشتی خۆیان بۆ خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
لە ڕۆژی 19ی مانیشدا، ڕێککەوتنێکی گرنگی بواری وزە لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای ئەمریکی واژۆ کرا.
ژووری بازرگانیی ئەمریکا لە واشنتن، سەرپەرشتیی واژۆکردنی دوو رێککەوتننامەی لە بواری وزەدا لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی کرد، یەکێک لە رێککەوتنەکان تایبەتە بە کێڵگەی گازیی میران (لە بازیان)، کە هەشت تریلیۆن پێ سێجا گازی سروشتیی تێدایە، جگە لەوەی پەرە دەرێت بە کێڵگەکانى تۆپخانە و کوردەمیر (لە سەنگاو و قادر کەرەم) کە پێنج تریلیۆن پێ سێجا گاز و 900 ملیۆن بەرمیل نەوتیان تێدایە و دەتوانرێت لەو رێگەیەوە کارەبا بۆ دەیان ملیۆن کەس لە هەرێمى کوردستان و عێراق دابین بکرێت.
مەسرور بارزانی لە گەشتەکەیدا و بەتایبەت پاش ئەم دوو گرێبەستە جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم هەنگاوانە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا قووڵتر دەکاتەوە.