هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند، هیوادارین ئەمریکا بەردەوام وەک هاوبەشێکی گرنگ سەیری هەرێمی کوردستان بکات، کە ئێستا وا سەیری دەکات.
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 24ی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی ئەنجام داو و تێیدا وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە.
مەسرور بارزانی لەبارەی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا وتی، ڕایگەیاند ویستمان بگەڕێینەوە بۆ واشنتن بۆ ئەوەی پیزانینی خۆمان بۆ سەرۆک ترەمپ، بۆ هێزی سەربازیی ئەمریکا بۆ گەلی ئەمریکا دەربڕین، بە تایبەت بۆ ئەو پاڵپشتییە بەردەوامییەی کە هەیانە بۆ ئێمە. وتیشی، هاتووین تا جەخت لە پابەندبوونی خۆمان بکەیەنەوە بۆ ئەوەی کە هاوپەیمان و دۆستی ئەمریکاین.
ڕاشیگەیاند، ئێمە پێکەوە لەگەڵ ئەمریکا شەڕی دژی تیرۆرمان کرد، لەگەڵ کۆمپانیاکانی وڵاتەکە دەتوانین زۆر شت پێکەوە بنیاد بنێین، کە لە بەرژەوەندیی ئاشتی و ئاسایشی هەرێمەکەشمان بێت.
حکومەتی هەرێم لە 19ی ئایار لە واشنتن، دوو گرێبەست لە بواری وزە بە بەهای 110 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیاکانی وێستن زاگرۆس و HKN Energy واژۆ کرد.
لەبارەی واژۆکردنی دوو گرێبەستەکەوە، ڕایگەیاند: ئێمە دەستوورمان هەیە، بە ڕوونی تێیدا هاتووە کە مافی کوردستان چییە، کوردستان مافی هەیە گرێبەست واژوو بکات، بە تایبەت لە پەرەپێدان و فراوانکردنی سێکتەری وزە، ئێمە لە ڕابردوو گرێبەستمان واژۆووکردووە، ئەم دوو کۆمپانیایەش تازە نین و 15 ساڵ لەمەوبەر لە هەرێمی کوردستان کاریان کردووە.
لە باسی سوریادا، سەرۆکی حکومەت وتی: ئێمە هاوڕاین لەگەڵ سیاسەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا، پێمان باشە دەرفەتێک بدرێتە سووریا، چونکە بە دۆخێکی ناهەموار تێپەڕیوە، دەسەڵاتدارانی دیمەشق تا ئێستا نەیتوانیوە بە تەواوی کۆنترۆڵی وڵات بکەن، هێشتا داعش لە وڵاتەکەدا هەیە و دەبێت چاودێریی بکرێن، هیوادارین بە هەماهەنگیی لەگەڵ هەموو لایەک داعش لە وڵاتەکەدا بوونیان نەمێنێت.
لەبارەی دانوستانەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران وتی، هیوادارین دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ڕێککەوتنی ئاشتی لێ بکەوێتەوە، ئێمە شەڕمان ناوێت، هەموو لایەک پاڵشتیی لە دنیابینی سەرۆک ترەمپ دەکەن، ئێمەش بە هەمان شێوە پاڵپشتیی لێ دەکەین، بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانی و ئاسایش بێتە ئاراوە، هیوادارین هەردوولا بگەنە ڕێککەوتن و ڕێز لە مافەکانیان بگیرێت.
جەختیشی کردەوە: پاڵپشتیی ئەمریکا زۆر گرنگ بووە لە پاڵپشتیکردنی هەرێمەکە، ئێمە نەماندەتوانی داعش بە ئاسانی لەناو ببەین ئەگەر هاوکاریی ئەمریکا نەبووایە. هیوادارین ئەمریکا بەردەوام وەک هاوبەشێکی گرنگ سەیری هەرێمی کوردستان بکات، کە ئێستا وا سەیری دەکات.
لەم سەردانە چەند ڕۆژەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوەڵی شاندێکی حکومی یاوەری، چەندان کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا ئەنجامداوە و سەرجەمیان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکا پاڵپشتی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستانە.