دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 6 رۆژ پێش ئێستا

ترەمپ تەنها دوو هەفتە مۆڵەتى داوە بۆ ئەوەى گروپە چەکدارەکانى ئێران لە عێراق بکرێنە دەرەوە

چەند سەرچاوەیەکى باڵای عێراق ئاشکرایانکرد، فوئاد حسێن ، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەى عێراق نامەیەکى لە دۆناڵد ترەمپەوە گەیاندووەتە ئێرانییەکان بە کشانەوەى میلشیاکانیان لەعێراق لە ماوەى دوو هەفتەدا.

بەگوێرەى ئاژانسە هەواڵییەکان کە هەندێک لە زانیارییەکانیان لە وەزارەتى دەرەوى عێراقەوە دەستکەوتووە، ناوەڕۆکی نامەکەى ترەمپ 31 پێگەى سەربازیی ئەو وڵاتە و دامەزراوە ئەتۆمییەکان و ناوەندی توێژینەوە دەگرێتەوە کە ئەمریکا دەیەوێت پشکنینان تێدا بکرێت و لەو نامەیەدا ئاماژەى وردیان تێدایە و فوئاد حسێن لە کۆتا سەردانیدا دەیگەیەنیێت بە ئێرانییەکان.

سەرچاوە عێراقییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە پەویوەندییەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران بەشێویەک لە شێوەکان لە چەند هەفتەى داهاتوودا بەرەو هەڵکشان دەچێت و ئەوەش پەیوەندیی بە ئاستى وەڵامدانەوەى ئێرانەوە دەبێت بۆ داواکارییەکانى ئەمریکا لەو نامەیەدا.
لە نامەکەدا هاتووە "بەگوێرەى گوتەى سەرچاوە ئاگادارەکان" پرۆسەى پشکنینى ئەو شوێنانەى دیاریکراون لە نامەکەدا هیچ پەیوەندییەکیان بە دانوستانەکانى نێوان ئەو دوو وڵاتەوە نییە کە بەنێوەندگیریی عومان بەڕێوەدەچێت.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە ناوەڕۆکی نامەکە وایکردووە دەنگی بەرپرسانى باڵاى ئێران بەرزترببێتەوە لەم دواییانەدا و بەهەموو شێوەیەک راگرتنى پیتاندنى یۆرانیۆم رەتبکەنەوە، ئەوە لەکاتێکدا لە کۆتا دانیشتنى نێوانیاندا لێکتێگەیشتنى ئەرێنی لەو بارەیەوە هاتووەتە ئاراوە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە ژمارەیەک لە بەرپرسانى باڵاى عێراق چوونەتە ئەمریکا و لەگەڵ گەورە بەرپرسانى ئەمنیی لەبارەى دەرکردنى گروپە ئێرانییەکانى نێو عێراق رایان گۆڕیوەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەوە کردووە.

بەگوێرەى سەرچاوەیەکی دبلۆماسیی ئامانج لەم کۆبوونەوانە پەیوەندیی بە راگرتنى کاروچالاکی هەندێک لە گروپە ئێرانییەکانە لە عێراق و تواناى چەکدارییان لە نێو بەغدادى پایتەختدا.

پێشتریش سەرچاوە عێراقییەکان ئەوەیان بۆ میدیاکان پشتڕاستکردبوویەوە کە لەوانەیە ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەى هەژموونى ئێران لە عێراق لەگەڵ گەورە بەرپرسانى ئەو وڵاتەدا هەماهەنگییان دەبێت و پێکەوە پلانێک دادەڕێژن بۆ ئەوەى دامەزراوە عێراقییەکان بپارێزن و رێگریی بکەن لە هەر دەستێوەردانێک و لەئەگەرى هەر گۆڕانکارییەکدا کە دێتە پێشەوە زیانیان بەرنەکەوێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP